(هەوڵێک بۆ جوڵاندنی سۆزی مرۆڤدۆستانەمان بۆ قوربانیانی ماددە هۆشبەرەکان و جیاکردنەوەی بەشێکیان لە تاوانبارە حەقیقییەکان)

هەموومان دەزانین مەوادی هۆشبەر شتێکی خراپە، تەنانەت ئەوانەی بەکاریشی دێنن دەزانن لە چ دۆخێکی خراپدان، بەڵام ئاڵودەبوون پێیانەوە وا دەکات بەردەوام بن. کاری ئێمە لەم نووسینەدا زیاتر ڕەخنەیە لە بازرگانانی هۆشبەر، باسی ئاڵودەبوانی مەوادی هۆشبەر و خودی ماددە هۆشبەرەکانمان کردووە و لە سیاقێکی گشتیدا ماددەکانمان ناساندوون. تیایدا باسی ئەو بازرگانە سیاسییانەش دەکەین کە بوونە مافیای تلیاک.

خەڵکانێکی سادەی  زۆر بوون بە تلیاکی، بەڵام کەم نین ئەوانەی لە چینی ڕۆشنبیر و عاقڵمەندانیش تێوەگلاون لە بەکارهێنانی مەوادی هۆشبەر، چەندین کەسایەتی بەناوبانگ و نووسەر لە چیرۆکی تلیاکەوە ئاڵاون، بۆ نموونە: ئەمیدیۆ مۆدلیانی (١٨٨٤-١٩٢٠) لە خێزانێکی یەهودی لە ئیتاڵیا لەدایک بووە، وێنەکێش بوو، لە ساڵی ١٩٠٦ بەرەو فەڕەنسا بەڕێکەوت، سەرخۆشانە بە پاریسدا دەگەڕا. جگە لە مەی، کۆکایین و حەشیشی بە بڕێکی زۆر بەکاردێنا.هەروەها مۆسیقاری بەناوبانگی پۆلۆنی فریدریک شۆپان ئۆرستۆکراتێکی سیلاوی تلیاککێش بوو.

ئەلبێر کامۆ (١٩١٣ جەزائیر- ١٩٥٨ فەرەنسا) نووسەر و بیرمەندی فەڕەنسی لە بیست ساڵاندا لەگەل (سیمۆن هایە) ئافرەتێکی سەرسەریی جوان هاوسەرگیری کرد. دایکی سیمۆن هایە پزیشکی چاو بوو و خەرجی ئەوانی دابین دەکرد، بە هیوای ئەوەی کامۆ بتوانێ سیمۆن هایە لە ئالودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان ڕزگار بکات، بەڵام نەیتوانی. کاتێکیش زانی سیمۆن لەبری وەرگرتنی چارەسەر، ماددەی هۆشبەر وەردەگرێ و لەگەڵ دکتۆرێک دەخەوێ، لێی جیابۆوە.

سارتەر ئەمڤیتامینی دەخوارد و ئاڵودە ببوو پێوەی. کاتێکیش ڕامبۆ چووە پاریس و پۆل ڤێرلین حەواندییەوە و دواتر لای چەند هاوڕێیەکی داینا، یەکێکیان هاوڕێیەکی هۆمۆسێکشوەلی مۆسیقار بوو کە ڕامبۆی تێوەگلاند لە حەشیش و تلیاککێشان. پاولۆ کۆیلۆ، نووسەری بەناوبانگی بەڕازیلی، ئالودەی ماددە بێهۆشکەرەکان بووە. ستیگ داگەرمان، ڕۆماننوسی سویدی، لە بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکان بوو. داریوشی ئیقبالی، گۆرانیبێژی بەناوبانگی ئێرانی جاران ئاڵودەی ماددە بێهۆشکەرەکان بوو. بۆدلێری شاعیری فەرەنسی، لە کۆتاییەکانی ژیانی دەستی بە وەرگرتنی ماددە هۆشبەرەکان کرد و لە شیعرێکیدا لە دیوانی  گوڵەکانی خراپەدا دەڵێ:

“تلیاک شتە بێ سنوورەکا مەزن دەکا،

بێ کۆتایی درێژ دەکاتەوە،

کات قووڵ و شەهوەت قوڵتر دەکا،

ڕۆحیش لە لەزەتی ڕەش و غەمگین

تا دوا سنوور پڕ دەکا.”

ژان لۆران jean Lorrain (١٨٥٥- ١٩٠٦) شاعیری فەڕەنسی، لە کۆتایی ژیانیدا بەهۆی زۆری بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر و نەخۆشی سیفیلیسەوە کۆچی دوایی کرد.

ئالێن گیزنبێرگ، جاک کرواک، ویلیام ئێس. بارۆز، کە لە ناوە دیارەکانی بەرەی بیت بوون لە بەکارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر بوون، ڕۆمانی (جانکی)ی ویلیام بارۆز لەبارەی ماددە بێهۆشکەرەکانەوەیە.[1] هیپییەکانیش لەبەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکان بوون.

ژاک درێدا (١٩٣٠ بیاری جەزائیر – ٢٠٠٤) بیرمەندی فەڕەنسی، لە ساڵی ١٩٨١ سەفەری کرد بۆ پراگی پایتەختی چیکوسلۆڤاکیا، کە ئەوکات لەژێر دەستی پارتی کۆمۆنیستدا بوو، چووبوو بۆ پێشکەشکردنی چەند سیمینارێک دەربارەی هەڵوەشاندنەوەگەرایی، بەڵام لەکاتی گەڕانەوەی لە فڕۆکەخانەی پراگ پۆلیسی چیکۆسلۆڤاکیا دەستگیری دەکەن بە تۆمەتی ئەوەی بڕێک لە ماددەی هۆشبەر لە جانتاکەیدا بووە، ئەمە دەنگی دایەوە، حکومەتی چیکۆسلۆڤاکیا زوو درێدایان ئازاد کرد و ئەو ئەفسەرەشیان سزادا کە ماددە هۆشبەرەکەی خستبووە ناو جانتاکەی.

ئەمە جگە لەوەی چەندین ڕێکخراو لە بازرگانی کردن بە ماددە هۆشبەرەکانەوە تێوەگلاون،  ڕێخراوە شۆڕشگێڕییەکانیش بۆ دەستخستنی زیاتری پارە مامەڵە بە مەوادی هۆشبەرەوە دەکەن. لە دەیەی هەشتاکانی سەدەی بیستدا بزوتنەوەی فارک لە کۆلۆمبیا بووە ئیمپراتۆریەتێکی کۆکایین و ماددە هۆشبەرەکان و خۆی وەبەرهێنان و بازرگانی پێوە دەکرد. وە پارتی کرێکارانی کوردستان یەکێکە لە نێوەندە هەرە سەرەکییەکانی بازرگانیی ماددەی هۆشبەر لە ئێرانەوە بۆ تورکیا و ئەوروپا. هەروەها ڕێکخراوی تاڵیبان خۆی وەبەرهێنانی بە تلیاکەوە دەکرد. دواتر تاڵیبان و بەرنامەی کۆنتڕۆڵکردنی دەرمان و ماددە هۆشبەرەکان نەتەوە یەکگرتووەکان UNDCP ڕێککەوتنیان کرد. بزوتنەوەی تاڵیبان هەستا بە تێکدانی کێڵگەکانی ئەفیون و لە بەرامبەردا یارمەتی لە نەتەوە یەکگرتووەکان وەردەگرت، بەڵام دوای جەنگی ئەمریکا لە ئەفگانستان بە ڕێژەیەکی خەیاڵی چاندنی ئەو ماددەیە چووە سەرەوە.[2]

لە ئایاری ٢٠١٨دا ئیدارەی واشنتۆن بە فەرمی (نیکۆلاس مادۆرۆ) و (دیوسدادۆ کاپێلۆ)ی لێپرسراوی دووەمی حیزبی دەسەڵاتداری ڤەنزوێلای تۆمەتبار کرد بە بازرگانیی ماددەی هۆشبەر. ئەمەش دوای ئەوەی هەموو ئەو کارانەی مادۆرۆ دەیکات  و بووە هۆی ئەو هەڵاوسانە گەورەیەی کە لە مێژوودا وێنەی نەبووە. کەسایەتییەک هەیە بە ناوی تاریق عیسەمی کە زۆر نزیکە لە سەرۆک مادۆرۆوە و بازرگانی ماددەی هۆشبەرە لەئەمریکای لاتیندا. بە پێچەوانەی مادۆرۆوە (ڕۆدریگۆ دو تێرتی) سەرۆکی فلیپین بە جددی هاتۆتە سەر خەت بۆ دژایەتی و بنەبڕکردنی ماددەی هۆشبەر لە وڵاتەکەیدا. سڵ ناکاتەوە لە کوشتنی بازرگانەکانی ماددەی هۆشبەر و کوشتنیان بە باشترین چارەسەر دەزانێ. لە باشووری کوردستانیش سەربازرگانە گەورەکانی تلیاک سیاسییەکانن، کەسانێکیش لە بازرگانە سادەکانی خوار خۆیانەوە بیانەوێ سەربەخۆ بن ڕاستەوخۆ پێوەی دەکەن و ئاسایشی لێ ئاگادار دەکەنەوە. خۆم پارێزەرم لە دۆسیەیەکی دادگای تاوانەکانی سلێمانی/٣ کە تیایدا تۆمەتبارێک لەلایەن باندێکی تلیاکیی سیاسییەکی یەکێتیەوە بەڕێوە دەبرێ کەسێکیان پێوە کردووە لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیر کراوە بە دوو کیلۆ کریستاڵ[3]ی ساختەوە و خۆشی دانی پێداناوە. هەر لەبەر ئەوەندەش من بووم بە یەکێک لە پارێزەرانی خۆبەخشی دۆسیەکەی لەلایەن ئەو باندەوە هەڕەشەی کوشتنم لێ دەکرێ، ئەمەش تەنها دوای ئامادەبوونم لە یەک جەلسەی دادگایی کردن لەم دۆسیەیەدا. چونکە باوەڕم وابووە ئەو کەسە لەبەر هەژاری پەنای بۆ ئەو کارە بردووە و لە ناچاریدا بووە و وە خۆشی وەک کەسێکی هۆشیار لەبەکارهێنەرانی مەوادی هۆشبەر نەبووە و پێم وابووە باشترە سزاکەی لەسەر سووک بکرێ.

بەهەرحاڵ زۆر کۆنتر لە مێژوودا بزووتنەوەیەکی توندڕەوی تیرۆریستی هەبووە کە حەسەن سەباح رابەرایەتی کردووە و بنکەکەیان لە ئەلەموت بووە، پێیان گووتوون (الحشاشین) کاری ئەم گرووپە کوشتنی کەسانی پلە باڵآ بوو بە شێوەی ئیغتیال. ئێستاش ناوی گرووپەکە (الحشاشین) لە زمانە ئەوروپییەکان هەر ئەوەی پێ دەڵێن بە غافڵکوژی assassinus  بە لاتینی، assassin  بە ئینگلیزی، ووشەکە ماناکەی خۆی گؤڕیوە، چونکە ووشەکە لە بنەڕەتدا (الحشاشین) واتە حەشیشەکێشەکان، چونکە ئەوان بەر لە کوشتن حەشیشەیان بەکاردێنا تا سڕ دەبوون و ئینجا کوشتنیان دەکرد.

تەنانەت بەریتانیا و چین جەنگ لە نێوانیان ڕوویدا لە ١٨٣٩-١٨٤٢ کە بە جەنگی تلیاک ناسراوە. بەریتانیا بازرگانی تلیاکی لە چین دەکرد و چینیش دەیویست قەدەغەی بکات.

شتێکی هەڵەیە پێمان وابێ تەنیا لە ڕێی قەدەغە کردنەوە بەپێی یاسا و دانانی سزای قورس بتوانین ماددە هۆشبەرەکان بنبڕ بکەین، نەک تلیاک، تەنانەت قەدەغەکردن بۆ کحول و جگەرەش سەری نەگرتووە. ئێمە پێمان وایە لەڕیگەی بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و لێخۆشبوونەوە تا رێژەیەکی باش دەتوانین بەکارهێنان کەم بکەینەوە، نەک تەنها لەڕێگەی یاسا و سزای قورسەوە، هەر بۆ نموونە سوڵتان مورادی چوارەم لە ساڵی ١٦٣٣ بڕیاری لە سێدارەدانی دەرکرد بۆ کەسی جگەرەکێش لە عوسمانیدا، ئەمە لە کاتێکدا توتن لەساڵی ١٦٠١ گەیشتە عوسمانی. لە ساڵی ١٦٤٧ یاساغەکە لابرا.[4]  لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش لە ساڵی ١٩١٩ مەی یاساغ کرا و لە ساڵی ١٩٣٣ یاساغەکە هەڵوەشێنرایەوە. <<هێشتا تاوانەکانی تایبەت بە ماددەی هۆشبەرەکان لە ٣٣ دەوڵەتی جیهانیدا بە سزای لە سێدارەدان وەڵامی دەدرێتەوە، بۆ نموونە تەنها لە ساڵی ٢٠١١ لە ئێران زیاتر لە ٥٠٠ کەس لە سێدارە دران بە هۆی تێوەگلانیان لەو چالاکیانەدا کە پەیوەندیدارن بە بازرگانی کردن بە ماددە هۆشبەرەکان.>>[5]  کۆنتڕۆڵکردنی تەواوەتی کێڵگەکانی تلیاک سەختە، ناوچە شاخاوییەکانی نێوان ئێران و ئەفگانستان و پاکستان کە بە کەوانەی زێڕین Golden creascent ناسراوە بڕێکی زۆری هێرۆیینی لێ بەرهەم دێ. هەروەها زۆربەمان دەزانین ئەفگانستان، بۆرما، ئێران، ڤەنزوێللا، مەکسیک، فلیپین ناوبانگێکی خراپیان لە ماددەی هۆشبەردا هەیە.

سێ ڕێکەوتننامەی نێودەوڵەتی هەیە بۆ قەدەهغەکردنی ماددەی هۆشبەر؛

١- لە ساڵی ١٩٦٢ ڕێککەوتننامەی دژی دەرمان و ماددەهۆشبەرەکان، کە زیاد لە ١٨٠ وڵات ئیمزایان کردووە و لە ساڵی ١٩٧٢ دەستکاری کراوە.

٢- لە ساڵی ١٩٧١ ڕێککەوتننامە لەسەر ئەو ماددانەی بۆ چارەسەری کێشە سایکۆلۆژییەکان بەکاردەهێنرێن، کە زیاد لە ١٧٥ دەوڵەت ئیمزایان کردووە.

٣- لە ساڵی ١٩٨٨ڕێککەوتننامەی دژی بازرگانیکردن بە دەرمان و ماددە هۆشبەرەکان و ئەو ماددانەی کە بۆ چارەسەری کێشە سایکۆلۆژییەکان بەکار دەهێنرێن، کە زیاد لە ١٧٠ دەوڵەت ئیمزایان لەسەر کردووە.[6]

هیچ کام لەم ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییانە ئامانجی خۆی بە تەواوی نەپێکاوە.

لە یەمەن خەڵکێکی زۆر گەڵای قات دەجوێ، ئەمە لە کاتێکدا لە ئەمریکا قات قەدەغەیە، بەڵام لە بەریتانیا قەدەغە نییە. لە ساڵی ١٨٠٠دا لە بەریتانیا ئەفیون بە ئاشکرا لەسەر شەقامەکان فرۆشراوە و وەک دەرمانێكی بە سوود چاوی لێکراوە.[7]

ماددە هۆشبەرەکان سێ جۆرن:

١- وریاکەرەوەکان (stimulants ) وەک؛ ئەمڤیتامین، کۆکایین، کراک، کافاین، نێکستاسی.

٢-  هێمنکەرەوەکان (depressants) وەک؛ کحول، سیکۆتین هەڵمژین، هێرۆین.

٣- خەیاڵاوییەکان (Hallucinogens) وەک؛ حەشیش، کانابیس، قارچکی ئەفسوناوی.[8]

ساڵی ١٩٠٠ بۆ یەکەم جار لە مۆرفین، هێرۆینیان درووست کرد و بۆ توشبوانی ئاڵودەبووی مۆرفین بەکاریان دێنا لە پزیشکیدا، دواتر بۆیان دەرکەوت هێرۆین ٢٠-٢٥ پلە بەرابەری مۆرفین بەهێزترە و دوو بەرابەر هۆشبەرترە.[9] لە ساڵی ١٨٨٠دا کۆکاین لە بەریتانیا لە دوکانەکاندا فرۆشراوە. [10] هەروەها لە بەریتانیا لە سڵی ١٩٢٨ کانەبیس قەدەغە کرا بە پێی یاسا، جگە لە بۆ مەبەستی پزیشکی.[11] لە ساڵی ١٩٧٣ حکومەتی بەریتانی فەرمانیدا نابێ کانەبیس بۆ نەخۆش بنووسرێ بە مەبەستی چارەسەری پزیشکی چونکە کەڵکی نییە.[12] تەنانەت فرۆید ئامۆژگاری ئەو نەخۆشانەی کە ئالودوەی مۆرفین بوون دەکرد کۆکاین بخۆن بەڵام پاشان بیروڕای گۆڕی.[13] لە ساڵی ١٨٩٨دا ئەوانەی کە ئالودەی مۆرفین بوون بە هێرۆیین چارەسەریان کردوون.[14]

توشبوانی هێرۆین ئەگەر دەستیان کرد بە تەزریق لەوانەیە لەنێوان ١٠-٢٠ ساڵ زیندوو بمێنن، بەڵام تووشبووی کراک دوای ٣ مانگ مەسرەفی ئەم ماددەیە ٣٠ کیلۆ لە کێشی لەشیان لەدەست دەدەن، پێناچێ بەرگەی دوو ساڵ بگرن.[15]

هێرۆین تاڵە، بێ بۆنە، ڕەنگی قاوەییە و دوای شی بوونەوە لە ناو شلەمەنی تایبەت و ووشکبوونی سپی دەبێ.[16] کراک لە ساڵی ١٩٨٥ لە کۆکاین درووستکراوە.[17] کاریگەری کراک زۆر بەهێز و کورتخایەنە. لە ڕاستیدا کۆکاین و کراک ئالودەییان لەسەر جەستە وەک هێرۆین نییە. ئالودەبوونەکەش پەیوەندی بە ماددەی Dopamine ەوە هەیە لە مێشکدا. کراک بە ڕاددەیک مەترسیدارە بە یەک جار بەکارهێنان مرۆڤ تووش دەکات.[18] هەر بۆیە کراک لە کۆکاین هەرزانترە.[19] بەڵام ئەو کراکەی لە ئێرانەوە دێ، لە هێرۆین دەپاڵێورێ و بە ناوی کریستاڵ دەفرۆشرێ و جیاوازە، ئەم جۆرە کراکە زۆر لە هێرۆین بەهێزترە.[20] کاریگەری کراک لە نێوان ٥-٧ خولەکە.[21]

لە کۆتاییدا دەنووسم بە باوەڕی ئێمە پێویستە بازرگانە بچوک و سادەکان، ئەوانەی لەسەر نەبوونی و هەژاری تووشی ئەوەبوون کاری قاچاغ بکەن، یان ئەوانەی لەسەر تەماع و حەزی خێرا دەوڵەمەند بوون تووش بوون و دان دەنێن بەوەی کارێکی هەڵەیان کردووە، پێویست بە سزای زیندانی کردن یان سێدارەدان ناکا، بەڵکوو بنێررێ بۆ خولێکی ئەکادیمی چەند مانگە و سەپاندنی خزمەتی گشتی و چەند ڕێکارێکی تری ئەدەبی، نەک سزای جەستەیی. بازرگانە سیاسییەکانیش ئەوانەی بێ شەرمانە بازرگانیی تلیاکی خۆیان دەکەن و هەڕەشەی کوشتن لە پارێزەرێکی خۆبەخش دەکەن سزای بدرێن. واتا تاوانبارە حەقیقییەکان سزا بدرێن و ئەوانەشی پەشیمانن لێیان خۆش بین، لە کۆتاییشدا لەو بازرگانە سیاسییانەش خۆش بین و تەنها چەند ساڵێک بخرێنە ژێر چاودێریەوە و دواتر لێگەڕێین ژیانی ئاسایی خۆیان بکەن.

  ١١-١٠-٢٠١٩

١٤-١٠-٢٠١٩

[1] بۆ زانیاری زیاتر لەسەر بەرەی بیت بڕوانە: کاوە قوڕەیشی: “بەرەی بیت”: بەرەی پانتۆڵدڕاوەکانی نیۆرک و سانفرانسیسکۆ، گۆڤاری ناوەخت، ژمارە ٢، سلێمانی، ناوەندی غەزەلنووس، ل ٣٦٣.

[2] عەتای مەلا کەریم: دەرمان و ماددەهۆشبەرەکان، چاپخانەی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، سلێمانی، چاپی یەکەم، ٢٠٠٨، ل ١٧٦.

[3] واباوە دەڵێن کریستاڵ بۆ چالاکیی سێکسی بەسوودە، بەڵام بە پێچەوانەوە لە درێژخایەندا لە کاری دەخا.

 

[4] عەتای مەلا کەریم: ل ٧٦.

[5] ئەروا حەسەن: شەڕی ماددە هۆشبەرەکان. وەرگێڕانی؛ کاوە عەلی، گۆڤاری ئایدیا دیپلۆماتیک، ژمارە ١٢، ئایاری ٢٠١٤، ل ١٤٩.

[6] عەتای مەلا کەریم:  ل ٤٠.

[7] عەتای مەلاکەریم: ل ٣٨.

[8] عەتای مەلاکەریم، ل ٤٩+٥٠.

[9] مەهدی بەدری: خوێندنەوەیەک بۆ زیان و پێناسەی ماددە هۆشبەرەکان، دەزگای توێژینەوە و بڵاوکردنەوەی موکریانی، هەولێر، چاپی یەکەم، ٢٠١٢، ل ٢١.

[10] عەتای مەلا کەریم، ل ٣٨.

[11] عەتای مەلا کەریم ، ل ١٥٢

[12] عەتای مەلا کەریم ، ل ١٥٣

[13] عەتای مەلا کەریم، ل ٦٢

[14] عەتای مەلا کەریم، ل ٣٨.

[15] مەهدی بەدری: ل ٢٨

[16] مەهدی بەدری ل ٢١.

[17] مەهدی بەدری: ل٢٥.

[18] مەهدی بەدری ل ٢٥

[19] مەهدی بەدری ل ٢٦.

[20] مەهدی بەدری ل ٢٦+٢٧.

[21] مەهدی بەدری ل ٣٠.

تایبەتمەندییەکان: کۆمەڵایەتی

زیادکردنی وەڵام