ساڵح موسلیم وتەبێژی پارتی یەكێتی دیموكرات لە سوریا دەڵێت: چەندین مانگ بوونی ئەبوبەكر بەغدادی لە ناوچەی ئیدلب زانراو بووە، ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات زانیاریان لایە ڕێبەری ڕێكخراوی داعش چەند جارێك سەردانی شاری هاتای توركیای كردووە .

سەبارەت بەكوشتنی بەغدادی لەمیانی پرۆسەیەكی سەربازی سوپای ئەمەریكا موسلیم راشیگەیاند، بەغدادی لەشاری ئیدلب و لەژێر چاودێری توركیادا ژیاوە و لەنزیكیشییەوە خاڵێكی چاودێری هێزەكانی توركیا هەبووە، جگە لەوەی بەپێی زانیارییە هەواڵگرییەكانمان ڕێبەری ڕێكخراوی داعش چەند جارێك سەردانی شاری هاتای توركیای كردووە، ئایا نەدەبوو دەسەڵاتدارانی توركیا ئاگاداری ئەوە بن؟ دەسەڵاتادارانی توركیا ئەوە دەزانن، بەڵام ڕێكخراوی داعشیان بۆ بەرژەوەندی خۆیان قۆستووەتەوە.

رۆژی 27ی ئەم مانگە دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكا كوشتنی ئەبوبەكر بەغدادی سەرۆكی رێكخراوی داعشی راگەیاند، ئەوەش لەگوندەواری یارشا لەپارێزگای ئیدلیبی باكووری سوریا، كە هاوسنوورە لەگەڵ توركیا.

هەر لەوچوارچێوەیەدا، مستەفا بالی وتەبێژی هێزەكانی سوریای دیموكرات، كە لە پرۆسەی لەناوبردنی رێبەری ڕێكخراوی داعش هاوكاری هەواڵگری ئەمەریكایان كردووە دەڵێت: ئەوان زانیاری پشتراستكراوەیان لایە بەغدادی چەندین جار سەردانی شاری هاتای توركیای كردووە، كە نزیكە لە سنووری سوریا .

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام