بە کوردیان گوت: ئێوە پێکهاتەیەکی خێڵاکی دواکەوتوون و پاڵنەری داواکانی ئێوە ناسیۆنالیستی شوانکارەییە، ئیدی ئێمە چۆن هاوکار و هاوپەیمانتان بین؟
لە بەرامبەردا کورد چەندین ڕێکخراوی سیاسی و کۆمەڵایەتی و مەدەنی دروست کردووە و بە شێوەیەکی مەدەنی و سیاسیانە داوای مافە ڕەواکانی کرد.

بە کوردیان گوت: ئێوە ناتوانن خۆتان بەڕێوەبەرن واباشترە لە ژێر دەسەڵاتداری عارەب و تورک و فارس دا بن.
بەڵام کورد لە خۆرئاوای کوردستان جوانترین نموونەی سیستمی دیموکراتی و پێکەوەژیانی پێشکەشی دونیا کرد.

بە کوردیان گوت: ئێوە گروپ گەلێکی چەکداریین، چەک دانێن، ئێستا سەردەمی چەک نییە.
لەبەرامبەردا کورد خەباتی سیاسی و مەدەنی و دیموکراتی ئەنجامدا و بەشداری پڕۆسەی هەڵبژاردن و سیاسی کرد، و چووە پەڕلەمان و سەرۆک شارەوانییەکانی بەدەستهێنا، بەڵام ئەوان پەڕلەمانتاران و سیاسەتمەداران و سەرکردە و سەرۆک شارەوانییەکانیان تیرۆر و زیندان کرد.

بە کوردیان گوت: ئێوە گروپ گەلی تیرۆرستین و باوەڕتان بە ئاشتی نییە.
لەبەرامبەردا کورد ووتی: ئەوەی ئاشتی دەوێت من نەک ئێوە، تاک لایانانە چەندین جار ئاگربەستی ڕاگەیاند و دەستی کرد بە پڕۆسەی ئاشتی. بەڵام دوژمنان کۆتاییان بە پڕۆسەی ئاشتی هێنا و دەستیان کرد بە تیتنۆساید و جینۆسایدی کورد و چیا و سنورەکانیان بۆردومان کرد و جینۆسایدی ڕۆبۆسکی و کۆبانی و عەفرینیان ئەنجامدا.

بە کوردیان گووت: ئێوە گروپ گەلی خێڵاکی و تیرۆرستین، هەر دەسەڵاتتان هەبێ قەتڵوعامی کەمە نەتەوەیی و پێکهاتە ئاینیەکان دەکەن، وەکو ئەوەی سمکۆی شکاک مارشەمعون و گروپە مەسیحییەکەی لە ناوبرد.
بەڵام لە بەرامبەردا کورد لە باشور و خۆرئاوای کوردستان نەک کەمە نەتەوەیی و ئاینییەکانی پاراست، بەڵکو بەشداری پێکردن لە پڕۆسەی سیاسی و سەربازی و حکومداری و ئاشتی بۆ فەراهەمکردن.

بە کوردیان گوت: ئێوە گروپگەلی میلشیای بێ سیستم و دسپلین و مەشقن، ئیدی ئێمە چۆن هاوکاریتان بکەین.
لە بەرامبەردا کورد لە خۆرئاوای کوردستان سوپایەکی یەکگرتووی پڕ مەشق و سیستمی لە هەموو پێکهاتەکان دروستکردوو لە بری جیهان شەڕی داعشی کرد.

بە کوردیان گوت: ئێمە هیچ بەرژەوەندییەکمان لە ووڵاتەکەتان دا نییە، چۆن هاوکاریتان بکەین و هاوپەیمانتان بین و بتانپارێزین.
لەبەرامبەردا کورد لە باشوری کوردستان دەیان کونسوڵگەری ووڵاتانی هێنایە هەولێر، سەدان کۆمپانیایی گەورەی نەوتی ڕووسی و ئەمریکی و ئەوروپی هێنایە باشوری کوردستان و پشکی گەورەی داهاتی نەوتیان برد. سەدان کۆمپانیایی عارەبی و ئەمریکی و ئەوروپی و ئێران و ڕووسی و تورکی لە ڕووی پیشەسازی و کەرەستەی خۆراکی و دەرمان و کشتوکاڵی و بیناسازی…. هێنایە باشوری کوردستان. دەیان بنکەی سەربازی ئەمریکی و کۆری و ڕووسی و ئەوروپی لە باشور هەیە. لە خۆرئاوای کوردستان دەیان بنکەی سەربازی ئەمریکی و ڕووسی و ئەوروپی بوونیان هەیە، بەڵام لە کارەسات و ماڵوێرانی و پەلامارە تورکی و داعشیەکان کوردیان جێهێشت.

بە کوردیان گووت: ئێوە هەمیشە بەشێک بوونە لە ململانێی نێوان شیعە و سونە، لە هەر بارودۆخێکدا لایەنگری سونە یان شیعە بوون، لەبەرئەوە جێگەی متمانە نیین.
لە بەرامبەردا کورد دوای جەنگی ناوخۆی سوریا بە دەستوەردانی نێودەوڵەتی و نێوچەیی و دوای سەر هەڵدانی داعش، کورد هێڵی سێیەمی هەڵبژارد و تەنیا مافی بەرگری ڕەوای لە باشور و خۆرئاوای کوردستان بەکارهێنا.

بە کوردیان گوت: ئێوە هێزگەلێکی چەکداری جوداخوازن و جوگرافیا و ئاسایشی ناوچەکە تێکدەدەن.
کورد گوتی: سنورە سەپێندراوەکانیش تێکناشکێنم بە مەرجێک منیش مافی هاووڵاتی بوون و خۆبەڕێوەبەریم هەبێت. ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت: “بە جیا هەر یەکە لە ئەڵمانیا و ئیسڕائیل هاتنە لام لە قەندیل، ووتیان دەوڵەتێکی کوردیت لە باکوری کوردستان بۆ دادەمەزرێنین، بەو مەرجەی بەرژەوەندی و خواستەکانی ئێمە بەدیبهێنیت، منیش ئەو داوایەم ڕەتکردەوە، چونکە ئێمە دەوڵەتێکمان ناوێت شەڕ بەرهەمبهێنێت و گرێدراوی دەرەکی بێت و برایەکی نێوان تورک و کورد تێکبدات”. بەڵام ئێستا دەرکەوت کێ گرێدراوی دەرەکییە و شەڕ بەرهەمدەهێنێت و چەک و کەرەستەی سەربازی ئەمریکی و ئەوروپی و ئیسڕائیلی لە سەر کورد تاقیدەکاتەوە و ئارامی و ئاسایشی ناوچەکە تێکدەدات.

بە کوردیان گوت: ناوچەکانی ئێوە ئارام نییە بۆ ئەوەی ببێتە شوێنکی ستراتیجی و پێگەی سەربازی ئێمە.
لەبەرامبەردا کورد دوای نەمانی سەدام لە باشور و دوای جەنگی سوریا، خۆرئاوا و باشوری کوردستانی کردە ئارامترین ناوچە بۆ سەربازانی بیانی و لەم دوو پارچەیەدا خوێن لە لوتی سەربازێکی بیانی نەهاتووە.

دوو ساڵ بەر لە ئێستا کە کورد لە باشوری کوردستان ڕیفراندۆمی کرد، تەواوی ئەوروپا و ئەمریکا و ووڵاتانی ناوچەیی بە کاک مەسعودیان گووت: ڕیفراندۆم دوابخە، کاتەکەی گونجاو نییە، ساڵی ئایندە ئێمە هاوکاری تەواوت دەکەین لە دامەزراندنی دەوڵەتی کوردیدا، بەڵام ئێستا دوو ساڵ دوای ئەو ڕێکەوتە ئەمریکا و ئەوروپا هێزەکانیان لە خۆرئاوای کوردستان کشاندە و گڵۆپی سەوزیان بۆ تورکیا هەڵکرد تا هەم خۆرئاوای کوردستان داگیر بکات هەم جینۆسایدی هاوپەیمانە کوردەکەیان بکات کە دڕندەترین گروپی تیرۆرستی دنیایی تێکشکاند. دوای دوو ساڵ لە ڕێکەوتی ڕیفراندۆم دەرکەوت بە پێی بەرژەوەندی ئەمریکی و ئەوروپی و ناوچەیی هیچ کات و ڕۆژگارێک گونجا و نییە بۆ دامەزراندنی کیانێکی سەربەخۆی کوردی، نەک ئەمە هیچ کاتێک گونجاو نییە کورد داوای مافە ڕەواکانی بکات و مافی بەرگری ڕەواش بەکاربهێنێت.

لە ڕاستیدا ئەوەی جێگەی داخە تورکیا بەشێکی گەورەی ئەو داگیرکارییە بە پارەی نەوتی باشوری کوردستان دەکات، کە پارتی ڕێکەوتنی وزەی پەنجا ساڵی لەگەڵ تورکیا واژۆکردووە، ئەمەش بۆتە هۆی قەبە بوونی سەرمایەی خێزانی ئەردۆغان و پارتەکەی کە بۆ دژایەتی کورد بەکاریدێنن.

کورد هەموو بیانووە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانی بڕی، بەڵام دەردە کوشندەکەی خۆی کە پارچە پارچە بوون و لێکترازاوییە، چارەسەری نەکرد، کە تەنیا کۆنگرە و یەکێتی نەتەوەیی چارەسەری دەکات.

تایبەتمەندییەکان: وتارو بیروڕا

زیادکردنی وەڵام