ئەمڕۆ لە وتارێکی میدیاییدا، ئەردۆغان بە دوورو درێژی قسەی لەسەر لەشکرکێشییەکەی بۆ داگیرکردنی رۆژاوا کرد. بەروونی باسی لەوەکرد کە ئەم پلانە ھی شەوو رۆژێک نیەو ماوەیەکی درێژە کاری لەسەر دەکەن. پێشتریش لە میدیاکاندا بینیمان تەنانەت نەخشەی ئەو شارو شارۆچکانەش ئامادەکراوە کە تورکیا بە نیازە لە رۆژاوا عەرەبە ئاوارەکانی تێدا نیشتەجێ بکاو بەتەواوەتی سیمای کوردانەی بسڕێتەوە. جەختیشی کردەوە کە قسەو رەخنەکانی دەوڵەتان‌و رایگشتی جیھانیان بەلاوە گرنگ نیەو سوورن لەسەر ئەوەی تا کۆتایی پلانەکەیان جێبەجێ بکەن. ئاشکرایشی کرد کە سوپای داگیرکەری تورکیا بەدرێژایی سنووری سووریا تا قوڵایی ٣٠-٣٥ کیلۆمەتر خاکی رۆژاوا داگیر دەکات.

وتارەکە نووسرابوو، ئەردۆغان دەیخوێندەوە، بەڵام ناوبەناو دەقە نووسراوەکەی جێدەھێشت‌و راستەوخۆ قسەی دەکرد.

ئەوەی لە وتەکانی “سوڵتانی چنگ بەخوێن”دا تەنانەت بۆ ھەندێ میدیای تورکیش جێگەی سەرنج بوو، ئاماژەیەک بوو بۆ “عێراق”. ئەردۆغان پاش تەواوکردنی خوێندنەوەی دەقەکە وتی: “ئەگەر سووریا لە ھەقیان بھاتایە (مەبەست پەیەدەو ئیدارەی کوردییە)، ئیشەکەمان ئاسان بوو، بەڵام بەداخەوە، سووریا لە دۆخێکی وادا نیە…. با ئەوەشتان پێ بڵێم لە عێراقیشدا ھەمان شتە. لەعێراقیشدا دۆخەکە وێرانە. کە لەگەڵ عێراقدا قسە دەکەین، رووبەڕوو شتێکمان پێ دەڵێن، بەڵام بەداخەوە لە پاشملە لێدوانی جیاواز دەدەن. ئێستا ئەوەتا لێدوانی جیاوازی ئەم چەند رۆژە ببینن. نەمدەویست ناو بێنم… کاتێک ئەوان دەکەونە تەنگانەوە… ئێمە لایەنی ئەوان دەگرین…. کەچی دەبینین ئەوان لایەنی تیرۆریستەکان دەگرن. بۆچی؟ چونکە کوردن.”(جێگەی سەرنج بوو، کاتێک ئەردۆغان ناوی عێراقی ھێنا، ئاکاری وەزیری بەرگری کە لەتەنیشتییەوە دانیشتبوو لەسەر پارچە کاغەزێک تێبینییەکی خستە بەردەستی، پاش خوێندنەوەی تێبینییەکە ئەردۆغان وتی: نەمدەویست ناو بێنم!)

رستەی “لەعێراقیشدا ھەمان شتە”!، ھیچ تەفسیرو شیکردنەوەیەکی پێویست نیە. زۆر بە روونی ئەردۆغان دەیەوێ بە ھەموو جیھان بڵێ پاش داگیرکردنی رۆژاوا، نۆرەی باشوورە.

چونکە وەک چۆن دەڵێت پەیەدە لەسەرسنوورمان ھەڕەشە لە ئاسایشی نەتەوەییمان دەکا، بەڵام “بەداخەوە!” سووریا ناتوانێ ھیجیان بەرامبەر بکا، ناچار خۆمان دەستبەکار بووین، پێشر چەندین جار ھەمان قسەی بۆ باشووریش کردووە.

بە کورتی، ئەگەر لەشکری تورک داگیرکردنی رۆژاوای بۆ بچێتەسەر، ھیچ گومانێک لەوەدا نیە کە دوای ئەوان نۆرەی باشوورە. بۆیە ئەگەر ھێزە سیاسییەکانی ئێمە پێیان وابێ ئەمە شەڕێکە تەنھا لە رووی مەعنەوی‌و ئەخلاقییەوە پەیوەندیی بە ئێمەوە ھەیە، گەورەترین ھەڵەی مێژووی سیاسیی خۆیان دەکەن. چونکە ئەمە سەرەتای بەواقیعکردنی خەونی “بەسوڵتانبوونی” ئەردۆغانەو ئەگەر ئەم داگیرکارییە بەری پێ نەگیرێ دەگاتە بەردەرگای ماڵەکانی ئێمەش.

تایبەتمەندییەکان: وتارو بیروڕا

زیادکردنی وەڵام