وڵاتانی ئه‌ندام له‌ كۆمكاری عه‌ره‌بی ڕایانگەیاندوە، رێكه‌وتن كه‌ رێكاری به‌په‌له‌ له‌ دژی هێرشی توركیا بۆ سه‌ر باكووری سووریا بگرنه‌ به‌ر بە پێداچونەوە بە په‌یوه‌ندییه‌ ئابووری، گه‌شتیاری و رۆشنبیرییه‌كانیان.

ئه‌مڕۆ ( شەممە، ١٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ ) كۆمكاری عه‌ره‌بی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی به‌په‌له‌ی له‌سه‌ر ئاستی وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ له‌ شاری قاهیره‌ تایبه‌ت به‌ هێرشه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر باكووری سووریا “رۆژئاوای كوردستان” ئه‌نجامدا و، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا ئه‌حمه‌د ئه‌بولغه‌یت، ئه‌مینداری گشتیی كۆمكاری عه‌ره‌بی دووپاتیكرده‌وه‌، “توركیا هه‌وڵی سڕینه‌وه‌ی كورد له‌ سووریا و نیشته‌جێكردنی په‌نابه‌ران له‌ شوێنی ئه‌وان و گۆڕینی دیمۆگرافیای باكووری سووریا ده‌دات”.

له‌ راگه‌یه‌ندراوی كۆتایی كۆبوونه‌وه‌کەدا هاتووە” رێكاری به‌په‌له‌ بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ده‌ستدرێژییه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر خاكی سووریا بگرنه‌ به‌ر، له‌وانه‌ش پچڕاندنی په‌یوه‌ندییه‌ دیپلۆماسییه‌كان و وه‌ستاندنی هاوكاری سه‌ربازی و پێداچوونه‌وه‌ بۆ ئاستی په‌یوه‌ندییه‌ ئابووری، گه‌شتیاری و رۆشنبیرییه‌كان”.

له‌ بەشێکی به‌یاننامه‌کەدا ئاماژە بەوە دراوە” ده‌ستدرێژییه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر خاكی سووریا پێشێلكارییه‌كی روونه‌ به‌رامبه‌ر بنه‌ماكانی جاڕنامه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و بڕیاره‌كانی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش، كه‌ داوای پاراستنی یه‌كپارچه‌یی و سه‌ربه‌خۆیی سووریا ده‌كات، به‌تایبه‌ت بڕیاری ژماره‌ ( ٢٢٤٥ )”.

ئه‌نجوومه‌نی كۆمكار دووپاتی كرده‌وەتەوە”هێرشی توركیا هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی راسته‌وخۆیه‌ بۆ سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و ئاشتی و ئاسایشی جیهانی”، جه‌ختیشی كرده‌وه‌، “هه‌ر هه‌وڵێكی سووری بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ده‌ستدرێژییه‌ دوژمنكارانه‌كه‌ی توركیا و به‌رگریكردن له‌ خاكی سووریا، به‌گوێره‌ی ماده‌ی ٥١ له‌ جاڕنامه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، پیاده‌كردنی مافێكی ره‌سه‌نه‌ بۆ بنه‌مای شه‌رعی به‌رگریكردن له‌ خۆ”.

هەروەها هاتوە” كۆمكاری عه‌ره‌بی هه‌ر هه‌وڵێكی توركیا بۆ سه‌پاندنی گۆڕانكاری دیمۆگرافی له‌ سووریا له‌ رێگه‌ی هێزه‌وه‌ ره‌ت ده‌كاته‌وه‌، كه‌ به‌ناوی ( ناوچه‌ی ئارام ) ده‌درێت، چونكه‌ وه‌ك ئاماژه‌ی پێدراوه‌ ئه‌مه‌ پێشێلكارییه‌ به‌رامبه‌ر یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و ده‌چێته‌ خانه‌ی تاوانه‌كانی دژ به‌ مرۆڤایه‌تی و تاوانه‌كانی جه‌نگ، كه‌ پێویست به‌ به‌دواداچوون و سزای دادپه‌روه‌ریی نێوده‌وڵه‌تی به‌رامبه‌ر به‌ ئه‌نجامده‌رانی ده‌كات”.

كۆمكاری عه‌ره‌بی داوای ده‌ستبه‌جێ وه‌ستاندنی هێرشی توركیاشی كردوە “پێویسته‌ ئه‌نقه‌ره‌ ده‌ستبه‌جێ و به‌بێ مه‌رج هێزه‌كانی له‌ ناو خاكی سووریا بكشێنێته‌وه‌”.
لە کۆتایدا وڵاتانی ئه‌ندام له‌ كۆمكاری عه‌ره‌بی داواشیان له‌ كۆمه‌ڵه‌ی گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان كرد، هه‌نگاوی به‌په‌له‌ بۆ وه‌ستاندنی هێرشی توركیا و رێككاری پێویست بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ بگرنه‌ به‌ر.

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام