نزیکەی سەت ساڵ لەمەوپێش، ئەوەی بە شۆرشی بیست ناسراوە ڕویدا. زۆرێک لە عێراقناسەکان بە سەرەتای دروستبونی عێراقی لە قەڵەم ئەدەن. بە درێژای ئەم سەدەیە ئەم بونە کە پێی دەڵێن عێراق، سەقامگیری نەدیوە. ئەگەر ساتێک سەقامگیربوبێت ئەوا لە ژێر سایەی جەبر و ستەمدابوە.
پرۆژەی دەوڵەتی عێراقی، هیچ پەیوەندی بە خەڵکی عێراقەوە نیە. عێراق دەبێت هەبێت، بۆ کۆمەڵێک ئامانج، کە دابراوە لە بەرژەوەندی و سودی سەرجەم خەڵکی عێراق. ئەم بەرژەوەندیانە بەردەوام بە پێی قۆناغەکان گۆراون و دەگۆڕێت. بەڵام ئەوەی نەگۆڕە ئەوەیە کە عێراق هیچ پەیوەندی بە خەڵکی عێراقەوە نیە. عێراق هەیە بۆ هاوسەنگی هێز، بۆ دابینکردنی وزە، بۆ ڕێگری لە باڵادەستی هێزێک بە سەر ناوچەکەدا. ئەمە لە ئاستی جیوپۆلەتێکی جیهانی. لە ئاستی ناوخۆدا، بە هەمانشێوە عێراق جگە لە ناوێکی بەتاڵ، بۆ نەبویەک، هیچ بونێکی نیە. هیچ حیزب و لایەنی سیاسی و بیرمەندێک نیە لە سەرتاپا مێژوی عێراقدا عێراقیانە بیری کردبێتەوە، هەمیشە عێراق گۆڕەپان و جێگایەک بوە بۆ بەدیهێنانی خەونی بەدەر لە عێراق، خەونی یەکێتی نیشتمانی عەرەبی، خەونی داکۆکیکردن لە دەروازەی ڕۆژهەڵات، خەونی باڵایی شیعە، پاراستن یان ڕێگری لە ئێران. ئەمە وەهایکردوە کە عێراق وەک ئامرازێک ببینرێت بۆ ئامانجێک، کە هەمیشەی لای لەیەک مەترسیە. بۆیە هەمو هێزەکانی تر لە هەوڵی ئەوەدان کە عێراق بەو شێوەیە بێت کە نابێتە مەترسی و لە خزمەتی بەرژەوەندی ئەویتردایە.

ئەگەر لە دوا دیداری قاسم سلێمانی بنوارێت، بە ڕونی بۆت دەردەکەوێت، کە چۆن ئەم وڵاتە دەبینرێت.
لە ناوەوە عێراق لە میانەی مێژویدا هێڵێک بوە بۆ دروستبونی ناسیونالیزمێکی خاکی، تیرەتۆری. ناسیونالیزمێک کە هەوڵ دەدات کۆمەڵێک خەڵكی جیاواز لە سەر خاکێک بکاتە بە یەک، لە زۆربەی کاتدا بە زەبری هێز و چەک. نوخبەی سیاسی عێراقی، لە زۆرجاردا ناوی عێراق بەکاردەهێنن بۆ شاردنەوەی ئامانجی ڕاستەقینەی خۆیان، کە تەواو جیاوازە لە عێراق. ئەم نەبوەنەی عێراق، وەهایکردوە کە ئەوانەی لە ناو عێراقدا سیاسەت دەکەن هەرگیز نەگەنە ئامانجی هاوبەش و کاری پێکەوەیی ، بەڵکو بەردەوام لە ململانێی و کێبڕکێ و کێشمەکێشدا بن بۆ بەدیهێنانی دەستکەوتی زیاتر.
ئەمە لە لە ئەنجامدا کۆمەڵێک دەرئەنجامی هەبوە:
یەکەم، نەبونی ئیمج، یان وێنای هاوبەش. هانا ئارێنت دەڵێت: نیوەی سیاسەت بریتیە لە دروستکردنی ئیمج یان وێنا و نیوەکەی تری بریتیە لە هەوڵدان بۆ قەناعەت پێکردنی ئەوانیتر بەو وێنایە. عێراق خاوەنی ئەم وێنایە نیە. ئەم ئیمجە، لای ئەندرسنیش دەیبینین کە دەبێتە بنەمای بون یان پێکەوەبونی نەتەوە. بیری بونی عێراق لە ناو زۆرێک لە خەڵکانی بیانیدا باوە کە دیدیان بۆ خەڵکی عێراق زۆر سوک و خراپە. ئەوان خەڵکی عێراق وەها دەبینن کە وابەستەی کۆمەڵێک کەلتورن: تایفی، ئاینی، ئیتنی، کە دەبێت دەستبەرداری ببن.
دوەم، نەبونی دەوڵەت. لە عێراقدا ڕژێم هەبوە، بەڵام دەوڵەت نەبوە. ئەم جێگرتنەوەی ڕژێم بۆ دەوڵەت وەهایکردوە کە عێراق لە هەر قۆناغێکدا عێراقی هەندێک بوە و ئەوانیتر تیایدا پەراوێز بوون. نەبونی دەوڵەت مانای نەبونی بیروکراتیەت، نەبونی بونیادە ناوەکیەکان، نەبونی ژێرخان، نەبونی سوپا، نەبونی ئابوری.
سێیەم، نەبونی هاوبەشی. بۆئەوەی عێراق هاوبەشی هەبێت، دەبێت لە پرۆسەیەکی ئەبستراکتیدا بەرهەم بێت. چونکە پێکهاتەکانی ناتوانن هاوبەشی پێکەوە دروست بکەن، لە بەر بونی یادەوری خراپ و لاوازی ئاگایی و نوخبەی پەیوەست بە دەرەوە و بەرژەوەندی دەرەکی و زۆر هۆکاری تر.
چوارهەم، نەبونی نوخبەی ڕۆشنبیری عێراقی. باڵاترین ڕۆشنبیر ببینە لە عێراقدا، دوای دوو پەرەگرافی بێمانا، هەرزو دەبێتە تایفی، یان سیخناخ لە تیورەی پیلانگێڕی و خۆ بە قوربانی زان و دوور لە هەموو خوێندنەوەیەکی قوڵ و بەرپرسانە.

ئایا عێراق دەبێتە دەوڵەت؟
بونی عێراق بە دەوڵەت، پەیوەستە بە فاکتەری ناوەکی و دەرەکیەوە. لە سەردەی جیهانگیریدا دەوڵەت خاوەن سەروەری نیە وەک جاران. هیچ وڵاتێک نیە لە دونیادا بتوانێت ئابوری خۆی بە دەر لە دۆخی جیهانی دابین بکات. ئابوری عێراق لە هەموان زیاتر ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە دۆخی جیهانیەوە لە ئاستی، نرخ، بەکاربردن، داهات. بۆیە زۆر زیاتر لە وڵاتانی تر لاوازترە لە بەردەم دۆخی جیهانیدا. بۆ نمونە گۆڕینی سەرچاوەی وزە، نرخی وزە، ململانێ جیوپۆلەتیکیەکان، گەشەی تەکنەلۆجی.
لە کاتێکدا کە عێراق وەها لاوازە بەڵام کەس دەرک بە ئەمە ناکات و هیچ ئاماژەیەک نیە کە کاری بۆ بکات. لە داهاتودا عێراق دەبێتە وڵاتێک کە ناتوانێت دەرەقەتی قەیرانەکانی بێت چونکە کۆمەڵگا ژمارەی زۆر دەبێت، دانیشتوان زۆر دەبن، داهات سنوردار دەبێت. ئەگەر تەماشای ئەزمونی ئەو وڵاتانە بکەیت کە لە فۆرمێکی ئابوریەوە گواستویانەتەوە بۆ فۆرمێکی تر لە بیست بۆ سی ساڵی ویستوە، چونکە دەبێت نەوەیەکی نوێ بە سکیڵی نوێوە بهێنیتە بەرهەم. لە عێراقدا چەندین نەوە هەن هیچ هیوایەک نیە کە بتوانن سودمەندی ئابوری نوێی جیهانی بن، جگە لە بەکاربەریی. بۆیە نەوت بە تەنها سەرچاوە دەمێنێتەوە. هیچ ئاماژەیەک نیە کە نەوت داهاتوی هەیە. لە بەردەوامی قەیراندا ئاین و چەک و توندوتیژی و نائومێدی و موخەدەرات دەبنە سیمای سەرەکی سیاسەت.
بەشی زۆری ئەم ڕاڤەکارییە بۆ کوردستانیش ڕاستە.

تایبەتمەندییەکان: وتارو بیروڕا

زیادکردنی وەڵام