حەیدەر عەبادی، سەرۆكی هاوپەیمانی نەسر و سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق دەستپێشخەریەك بۆ دۆخی عێراق رادەگەیەنێت و دەڵێت، پێویستە لە پێیناو بەرژەوەندی گشتی هەڵبژاردنی پێشوەخت ئەنجامبدرێت.

حەیدەر عەبادی، سەرۆكی هاوپەیمانی نەسر و سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق لە بەیاننامەیەكدا كە وێنەیەكی بەدەست شارپرێس گەیشتووە داوا دەكات بەیاننامەیەكی نیشتیمانی دەربكرێت و تیایدا پابەندبوونی بەمافی خۆپیشاندانی مەدەنیان باسبكرێت هاوكات ئاسایش و سەقامگیری بپارێزرێت و دەستدرێژی نەكرێتە سەر موڵكی گشتی.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، “لە پێیناو بەرژەوەندی گشتی هەڵبژاردنی پێشوەخت ئەنجامبدرێت بۆ ماوەیەك كە لە ساڵی 2020 تێپەڕنەكات و دوور لە پشك پشكێنە حكومەت پێكبهێنێت و ئەنجومەنی نوێنەرانی كارەكانی بەبێ دەستتێوەردان بەردەوامی پێبدات”.

حەیدەر عەبادی داوای پێكهێنانی دادگای تاوانەكانی گەندەڵی دەكات بەجۆرێك لەو دادوەرانە پێكبهێنێت كە ناسراون بە دەستپاكی و هەروەها دوورن لەلایەنەكانەوە كە لە ساڵی 2020 تێپەڕنەكات.

عەبادی هەروەها داوای سڕكردنی كارەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكانی ئێستای عێراق و مامەڵكردن لەگەڵیاندا وەك حكومەتی كاربەڕێكەر دەكات تا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان كە بڕیارە مانگی نیسانی ساڵی 2020 بەڕێوەبچێت.

عەبادی دەشڵێت، “حكومەتی و لایەنە سیاسیەكان پابەندبن بە هەڵبژاردنی گشتی كە لەساڵی 202 تێپەڕنەكات و لەسەر بنەمای یاسای هەڵبژاردنەكانی پێشووی بەڕێوەبچێت، و حكومەتیش پابەندبێت بەوەی كیانی دەوڵەت بپارێزێت”.

عەبادی داوا دەكات حزب دەستوەرنەداتە كاری حكومەت و چەك بە دەستی دەوڵەتەوە بێتو حكومەت پابەندبێت بە میكانزمێكی روون و ئاشكراو یەكلاكەرەوە بۆ كۆكردنەوەی داهاتی سەرجەم پارێزگاكانی عێراق بە داهاتە گومرگی و رسوماتەكانەوە.

سەرۆكی هاوپەیمانی نەسر و سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق داواش دەكات، حكومەتی پابەندبێت بەوەی كە لە ماوەیەكی دیاریكراودا سەرژمێری گشتی ئەنجامبدات و هەروەها ئەو تێبینیانەی لەسەر دەستور هەیە لە یاسای دەستوردا گۆڕانكاری تێیدا بكرێت و هەروەها داوا دەكات هێزی كاری گەنجان لەبەرچاو بگیرێت.

حەیدەر عەبادی دەشڵێت، “لەسەر بنەمای بوونی حكومەت و ئۆپۆزسیۆن لایەن سیاسیەكان هەڵبژاردنێكی پاك بەڕێوەبەرن و لەسەر بنەمای گەورەترین فراكسیۆن حكومەتی پێكبهێندرێت و حكومەت كاربكات بۆ ئەوەی پشك پشكێنە لەسەرجەم جومگەكانی حكومڕانیدا نەمێنێت، كاربكرێت بۆ هەستانەوەی ئابووری عێراق و كەمكردنەوەی رێژەی هەژاری و پەروەردە و فێركردن”.

سەرۆكی هاوپەیمانی نەسر و سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق  رونیشیكردووەتەوە، حكومەت پابەندبێت بە پاراستنی سەرجەم كەمەنەتەوەكانی عێراق.

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام