ئاژانسی ئه‌سۆشیه‌تید پرێس له‌ڕاپۆرتێكی پرسی خۆپیشاندانه‌كانی ئه‌مدواییه‌ی شاره‌كانی عێراق و دورخستنه‌وه‌ی عه‌بدلوه‌هاب ساعدی، فه‌رمانده‌ی دژه‌ تیرۆری عێراق پێكه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌ و ده‌پرسێت “عه‌بدولوه‌هاب ساعدی ده‌بێته‌ ئایكۆنی ڕاپه‌ڕینه‌كانی عێراق؟”.

له‌دوای چه‌ند ڕۆژێكی كه‌م له‌دورخستنه‌وه‌ی ساعدی له‌پۆسته‌كه‌ی، هاووڵاتیانی عێراق له‌شاره‌ جیا جیاكان ده‌ستیان به‌ خۆپیشاندان كرد، دروشمی هاووڵاتیان دابینكردنی خزمه‌تگوزاری و هه‌لی كار و ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانه‌، به‌ڵام له‌پاڵ ئه‌وه‌شدا وێنه‌ی ساعدی ده‌بینرێت به‌ده‌ستی خۆپیشانده‌رانه‌وه‌، بۆیه‌ ئاژانسه‌كه‌ ده‌پرسێت “عه‌بدولوه‌هاب ساعدی ده‌بێته‌ ئایكۆنی ڕاپه‌ڕینه‌كانی عێراق؟”.

به‌وته‌ی به‌رپرسێكی باڵای عێراق كه‌ ئه‌سۆشیه‌تید پرێس ناوه‌كه‌ی ئاشكرانه‌كردووه‌، ژماره‌یه‌ك سه‌ركرده‌ی حه‌شدی شه‌عبی له‌پشت بڕیاری دورخستنه‌وه‌ی ساعدی بوون له‌پۆستی فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی دژه‌ تیرۆر، چونكه‌ ئه‌و سه‌ركردانه‌ی حه‌شدی شه‌عبی كار بۆ دورخستنه‌وه‌ی به‌رپرسه‌ سه‌ربازییه‌كانی نزیك له‌ ئه‌مریكا ده‌كه‌ن.

غالب شابه‌نده‌ر، كه‌سایه‌تی سیاسی عێراق له‌باره‌ی دورخستنه‌وه‌ی ساعدی له‌پۆسته‌كه‌ی ده‌ڵێت، “ئه‌وه‌ سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی سوپای عێراق و ڕاده‌ستكردنیه‌تی به‌سه‌ركرده‌كانی حه‌شدی شه‌عبی و میلیشیا چه‌كداره‌كان”.

ئه‌وه‌ی ئێستا بۆ شه‌قامی عێراقیی جێگه‌ی سه‌رنجه‌، به‌رزكردنه‌وه‌ی دروشمی پاڵپشتییه‌ له‌ عه‌بدولوه‌هاب ساعدی له‌و خۆپیشاندانه‌ به‌رنامه‌ بۆ دانه‌نراوه‌دا، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له‌خۆپیشانده‌ران نزیكبیته‌وه‌، گوێت له‌هاواری “هه‌مومان ساعدیین” ده‌بێت.

به‌رپرسه‌ عێراقییه‌كه‌ی كه‌ قسه‌ی بۆ ئه‌سۆشیه‌تید پرێس كردووه‌ باس له‌وه‌ده‌كات، میلیشیا شیعه‌كان ده‌یانه‌وێت كه‌سێكی نزیك له‌ ئێران له‌ پۆسته‌كه‌ی عه‌بدولوه‌هاب ساعدی دابنێن، هه‌ر به‌و ئامانجه‌ش ناوبراویان له‌پۆسته‌كه‌ی دورخسته‌وه‌.

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام