رۆژی چوار شەممە، 2ی تشرینی دووەم، ساڵیادی یەكەمی تیرۆركردنی رۆژنامەنووسی سعودی جەمال خاشقچییە.

پرۆسەی ئەو كوشتنە دڕاندانەیە وای لە جیهان كرد راستییەكان دەربارەی چۆنییەتی كوشتنەكەی ئاشكرا بكرێت، هەر ئەمەش هۆكار بوو وای لە شانشینی سعودییە كرد مردنی خاشقچی رابگەیەنێت، بەوەی  ئەو رووداوە لە میانی دەمەقاڵەیەكدا لە قونسوڵییەی سعودییە لە ئەستەمبوڵ روویداوەو بەهۆیەوە 18 كەسی بە رەگەز سعودی ڕاگیران و ژمارەیەك لەكەسایەتی دیار لە حكومەتدا دوور خرانەوە.

توركیا لای خۆیەوە ژمارەیەك گفتوگۆو قسەی تۆماركراوە خستە روو، كە تێیدا وێنای  پرۆسەی كوشتنەكە دەردەكەوێت، بەڵام تا ئێستا ناوەڕۆكەكەی بۆ رای گشتی ئاشكرا نەبووە.

لەو بارەوە رادیۆی (بی بی سی) ی بەریتانی چاوی كەوتووە بە دوو لەو كەسانەی گوێیان لە تۆمارەكە گرتووەو ئەو نهێنییە شاراوەیان ئاشكرا كردووە، كە  توركیا خستبوویە روو، لە هەمان كاتدا دووپاتی كوشتنی خاشقچییان لەناو قونسوڵییەی وڵاتەكەیدا كردووەتەوە.

ژنە پارێزەری بەریتانی بارۆنە هیلینا كینیدی گوێی لە دوا چركەكانی مردنی خاشقچی گرتووە، پاش ئەوەی ‌ بانگهێشت كرا بوو بۆ ئەوەی بچێتە نێو تیمێك بەسەرۆكایەتی ئانیش كالامارد، لێكۆڵەری تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ دۆخەكانی لە سێدارەدان لە دەرەوەی چوارچێوەی یاساییدا.

“دەكرێت گوێت لێیان بێت ئەو كاتەی پێدەكەنن پێش كوشتنی خاشقچی”
هیلینا كینیدی ئەمە وەسف دەكات‌و دەڵێت: كاتێ هەست بە تۆقین و ترس دەكەیت لە دەنگی كەسێكدا، هەروەها گوێت لەشتێكی زیندووە، هەموو ئەمانە وات لێدەكەن گیانت بلەرزێت.

كینیدی تێبینی و وردەكاری گفتوگۆی نێوان ئەندامانی تیمی تیرۆركردنی خاشقچی خستووەتە روو، لەم بارەیەوە هێمای بۆ ئەوە كردووە، كە دەتوانی گوێت لێیان بێت ئەو دەمەی پێدەكەنن، كارێكە جەستەی پێ دەلەرزێت.

ئەو وتیشی: ئەوان چاوەڕێن دەكەن و دەزانن، كە پیاوێك دێت و ئەوان دەیكوژن و پارچە پارچەی دەكەن.

45  خولەك لە تۆقاندن
بابەتەكە ماوەی هەفتەیەكی ویست تا كینیدی و كالامارد هەواڵگری توركیایان رازیكرد بۆ ئەوەی لەگەڵ وەرگێڕە عەرەبەكەدا گوێ لە تۆمارەكە بگرن، ناوبراو توانی 45 خولەك لەتۆمارەكە دەربهێنێت، كە دوو رۆژ پێش كوشتنەكەی ئەنجامدراوە، دوای بەتاڵ كردنەوەی نزیكەی پێنج هەزار كاتژمێر لەلایەن هەواڵگری توركیاوە.

ئانییس كالامارد دەڵێت: لەسەرەتای قسەكردنەكاندا ئاماژە بۆ ئەوە دەكرێت خاشقچی یەكێكە لەوانەی داواكراوە، ناوبراو چوار قسەكردنی بە تەلەفۆن دۆزیوەتەوە، كە لە 28ی ئەیلولی 2018 دا لە نێوان قونسوڵییەو ریازدا ئەنجامدراون.

قسەكردنەكان لە نێوان قونسوڵی گشتی و سەرۆكی ئاسایش بووە لە وەزارەتی كاروباری دەرەوە، تێیدا ئەوەی پێ دەڵێت: كارێكی ئێجگار نهێنی هەیە، بەوەی پلانی بۆ دانراوەو بە ئەركیكی نیشتمانی وەسفی دەكات .

كینیدی دەشڵێت: گومانی تێدا نییە كارەكە جدی و رێكخراو بووە و لە لوتكەوە دابەزیوە، لە میانی گوێ گرتن لەتۆمارەكان بڕوام وایە (ماهر موترب) ئەو پیاوەیە، كە پرۆسەكەی بەڕێوە بردووە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رۆژی سێ شەممە 9ی نیسانی 2019 رایگەیاند، 19 كەسی بە رەگەز سعودی بەهۆی كوشتنی خاشقچییەوە قەدەغەیە بچنە نێو خاكی ئەمریكا، ئەوانیش بریتین لە: سعود قەحتانی، ماهر موترب، سەلاح تەبیبی، مەشعەل بوستانی، نایف عریفی، محەمەد زەهرانی، مەنسور ئەبو حسین، خالد عتیبی، عبد العزیز هوساوی، وەلید شەهری، سار حەربی، فەهد بەلەوی، بدر عتیبی، مستەفا مەدەنی، سەیف قەحتانی و توركی سەهری).

كینیدی روونیكردووەتەوە تیمی كوشتنی خاشقچی پێش ئەوە باسیان لەهاتنی ئەو كردووەو پاشان چۆنییەتی توێكاری جەستەكەیان خستووەتە بەرباس ، ماهر موترب ئەو پرۆسەیەیان بۆ باس دەكات و دەڵێت: زۆربەی كات گوێ لە موسیقا دەگرم كاتێك جەستە پارچە پارچە دەكەم، هەندێك كاتیش قاوەیەك دەخۆمەوەو جگەرە دەكێشم.

“ئەمە یەكەمجارە لە ژیانمدا ناچارم جەستەیەك لەسەر زەوی پارچە پارچە بكەم، هەتا ئەگەر قەسابیش بم، دەكرێت ئاژەڵ بۆ ئەمە راسپێردرێت”.

ئایە قوربانییەكە گەیشت؟
كینیدی رونیدەكاتەوە، كە چۆن شوێنەكە رێكخراوە پێش كوشتنی خاشقچی، زەمینەی نووسینگەكە نهۆمی سەرەوەی قونسوڵییە بە پلاستێك داپۆشراوە، هەروەها سەرجەم فەرمانبەرە توركەكان لەو رۆژەدا مۆڵەتیان پێدراوە، پاشان دێتە سەر باسی كۆتا چركەكان پێش گەیشتنی خاشقچی و دەڵێت: ئەوان باسیان لەوە دەكرد چ كاتێك دەگات، دەیانوت ئایە قوربانییەكە گەیشت.

گەیشتنی خاشقچی
لەكاتی چوونە ناوەوەی خاشقچی بۆ نێو باڵەخانەی قونسوڵییە مۆبایلەكەیان لێ وەرگرتووەو نەیانهێشتووە نامە بۆ كوڕەكەی بنێرێت، ئینجا پێیان وتووە فەرمانی دەستگیركردنت هەیە و دەیگەڕێننەوە بۆ سعودیە، ئەمەش بە گوێرەی تۆمارەكان.

لەم چركەیەدا كینیدی ئەوەی ئاشكرا كردووە، خاڵێك هەیە دەتوانی گوێ لەخاشقچی بگری بەوەی كەسێكە متمانەی بەخۆی هەیە و پاشان هەست بە ڕاڕایی و ترسی زیاتر دەكات، دوای ئەوە هەست دەكات شتێكی بكوژ هەیە، كە لە ئان و ساتی رووداندایە.

هەرچی كالاماردە، ئەوە دووپاتدەكاتەوە خاشقچی هەستی بە پلانەكانی تیمی كوشتنەكە نەكردووە و دەڵێت: نازانم ئەگەر هەستی كردبێت، كە دەكوژرێت، بەڵام ئەوەی دەیبینم ناوبراو دڵنیابووە لەوەی ئەوان هەوڵی ون كردنی دەدەن، چونكە دووجار پرسیاری لەتیمەكە كردووە ئایا نیازی فڕاندیان هەیە، یەكێیان بە بەڵێ وەڵامی داوەتەوە.

پاشان كالامارد باسی چۆنیەتی كوشتنەكەی دەكات، ئەو دەنگانەی دوای ئەم خاڵە دەبیسترێن ئاماژەیە بۆ ئەوەی، كە دەخنكێ، رەنگە بە‌ كیسێكی پلاستیك بێت لە سەریدا، پاشان بە زۆر زاری دادەخرێ، رەنگە بە دەست یاخود شتێكی تر بێت.

باس لەوەش دەكات، گوێی لەدەنگێك بووە، كە لە دەنگی ماهیر موترب دەچێت و دەڵێ: با پارچە پارچەی بكەن، یەكێكی تر هاوار دەكات رووتیبكەنەوە، كەسی سێیەم بە دەنگێی بەرز دەڵێن كۆتایی هات.

لێكۆلەرەكە پێیوایە یەكەمجار سەریان لێكردووەتەوە، پاشان دەنگێكی ئاست نزم دەبیسترێت، كە بەرپرسە توركەكان پێیان وایە دەنگی مشارە.

دوای ئەوە لە كامێراوە دەردەكەوێت سێ كەس دەچنە نێو قونسوڵییەی سعودییەوە و هەریەكەیان جانتا و كیسی پلاستیكیان بەدەستەوەیە، پاشان بە سێ ئۆتومبیل دەردەچن، كالامارد بڕوای وایە پارچەكانی جەستەو خاشقچی بوون.

جمال خاشقچی لە 2ی تشرینی یەكەمی 2018 چووە نێو باڵەخانەی قونسوڵییەی سعودییەوەو جارێكی تر دەرنەكەوتەوە، هەتاكو ئێستاش لاشەكەی نادیارە.

سەرچاوە: السومریە
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا

تایبەتمەندییەکان: بابەتی هەڵبژاردە

زیادکردنی وەڵام