گۆڕانخوازان، هەڵسوڕاوانی دڵسۆز…
پرۆگۆڕان لەڕوانگەی باوەڕی بەهێزی بە بوژاندنەوەو ڕێکخستنەوەی پرسەکانی گۆڕانکاری و چاکسازی و گەڕانەوەی ئومێد بۆ سەدان هەزار هاوڵاتی لەباشوری کوردستان کار بۆ روداوەکان و هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکات، لەم پرۆسەیەدا بێ جیاوازی  یاخود بە ئامانج گرتنی هێزێکی تایبەت تێرامان و هەڵوێست و کارنامەی خۆی بۆ جەماوەری کوردستانی بەیان دەکات.
کاتێک نیەتی دەسەڵاتدارانی گۆڕان بۆ بەشداربون لە حکومەتی هەرێم ئاشکرابو ڕاشکاوانە ڕامان گەیاند کەئەو پرۆسەیە دەبێت هاوتەریب لە گەڵ دەستپێکردنی جدی بۆ چاکسازی و گۆڕانکاری ناو بزوتنەوەکە بەڕێوە بچێت، داواشمانکرد چارەی رەوشی تێکچوی گۆڕان بە پێداچونەوە و دارشتنەوەی دەستەجەمعی ئەنجام بدرێت.
دەسەڵاتدارانی گۆڕان ئەم داوایەی ئێمە و دەیان هەڵسوراو و گروپ و ئاراستەی تری ناو بزوتنەوەکەیان پشتگوێ خست، بەردەوام بون لە سەپاندنی تاکڕەوی و تەکەتولگەری بۆ دەرپەڕاندنی دەنگە ناڕازی و یاخیبوەکان لە گۆڕان.
دوای پێکهێنانی کابینەی نوێ و شێوازی بەشداربون و دانانی کاندیدەکانی گۆڕان سەلمێندرا دەسەڵاتدارانی گۆڕان تاکڕەوانە و لە سەر بنەماکانی تەکەتولگەری و دابینکردنی بەرژەوەندیە تایبەتیەکانی خۆیان و دەورو بەریان بڕیاریان لەو هەنگاوانە داوە. ئەم نیەت و شێوازی بەرێوەبردنە لادانێکی گەورەیە لە پرەنسیپەکانی گۆڕانکاری، چونکە دەرکەوت لە بری ئەوەی کار بۆ گۆڕانکاری بنەرەتی لە سیستەمی حوکمرانیدا بکەن سیستەمەکە ئەوانی گۆڕی و کردینە پاشکۆیەکی لاوازی بێدەنگ. ئەمەش ئاماژەی زیندون بۆ بێئومێدی و داڕمانی ئیرادەی گۆڕانکاری و چاکسازی لە  زهن و ناخی دەسەڵاتدارانی گۆڕاندا.
ئەم گروپە بەپشتگیری پشت پەردەی وارسەکانی ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا سەرقاڵی ئەنجامدانی کودەتایەکی ترن بەسەر پرەنسیپە بنەڕەتیەکانی هزری گۆڕانکاری و ئەو رێڕەوە گەورەیەی نەوشیروان مستەفا بۆ ئەو مەبەستە دایڕشتبو.
لەکاتێکدا رەوشی ناوخۆی گۆڕان رۆژ دوای رۆژ بەرەو هەڵدێری گەورەتر دەبەن و بەدەیان ئەندامی جڤاتی گشتی و نیشتمانی و هەڵسوڕاو  دەستیان لەکار کشاندۆتەوە، زیادە بۆ ئەمەش خانەی ڕاپەراندن و جڤاتی نیشتمانی شەرعیەتی دەستوریان نەماوەو وەک  دوو دەزگای خۆسەپێنەر حسابیان بۆ دەکرێت، بەگرتبونەوە و کۆبونەوەی شانۆگەری چەواشەکار خواستیانە هەرزان بەها درێژە بە تەمەنی دەسەڵاتی ناشەرعیان بەسەر بزوتنەوەی گۆڕاندا بدەن، بۆ ئەو مەبەستەش بێجگە لە پێشێلکردنی بەهاکانی گۆڕانکاری و دەستوری بزوتنەوەکە پێڕەوی کڕینی وەلا و کۆیلایەتی چەند نەفەس لاوازێکی دەزگاکانی گۆڕانیان کردوە. لێرەو لەوێش بە پارەی زەوتکراو لەموڵکی گشتی و خێر و بەرەکەتی هێزە دەسەڵاتدارەکان مەبەستیانە لە ١٤ ی سێپتەمبەر ئەو کودەتا قێزەوەنە بەرێبکەن.
لەکاتێکدا ڕاشکاوانە ئەم کودەتایە بە توندی ڕەتدەکەینەوە هاوکاتیش ڕای دەگەیەنین پابەندبونمان لە هەر شوێن و کاتێکدا بێت تەنها بەپرەنسیپەکانی پرسی گۆڕانکاری و چاکسازیە لەکۆمەڵگا و حوکمرانیدا و ژیانی سیاسیدا،
بۆ ئەو مەبەستەش هەموو ڕیگا و ڕیکارە مەدەنی و سیاسی و یاساییەکان بە هەماهەنگی و پشتیوانی جەماوەری ناڕازی کوردستان دەگرینە بەر.
                                          پرۆگۆڕان    /١١ سێپتەمبەر ٢٠١٩
تایبەتمەندییەکان: وتارو بیروڕا

زیادکردنی وەڵام