هه‌میشه‌ ره‌نوو پرسیارى سه‌یر سه‌یرم لێده‌كات ، به‌ تایبه‌ت ئه‌وكاتانه‌ى داواى شتێكى گه‌وره‌ ده‌كات و ئێمه‌ش ده‌ڵێین پاره‌ نیه‌ و پێویست ناكات، ئه‌و پرسیارى ئه‌وه‌ ده‌كات ، بۆ پاره‌ نیه‌ ، ئه‌ى نابێت گه‌وره‌كان هه‌میشه‌ پاره‌یان پێبێت ، پرسیارى سه‌یاره‌م لێده‌كات ، ئه‌و ده‌ڵێت بۆ سه‌یاره‌مان نیه‌، ئه‌و حه‌ز ده‌كات سه‌یاره‌یه‌كمان هه‌بێت جێى هه‌ر حه‌وتمان بێته‌وه‌ تا بڕۆین به‌لایه‌كدا به‌تایبه‌ت بۆ چاڤیلاند كه‌ به‌رده‌وام ده‌یه‌وێ بڕوات ، پرسیارى باخ و ڤێللاو زۆر شتى تریش ده‌كات ، من ده‌زانم زۆر دایك و باوكى تر هه‌ن منداڵه‌كانیان هه‌مان ئه‌و پرسیارانه‌یان لێده‌كه‌ن ، ئاخر منداڵ حه‌ز ده‌كات هه‌رچى ویست هه‌یبێت ، ئیدى ئه‌و جارێ گه‌وره‌ نه‌بووه‌ تا بزانێ شته‌كان بۆ زۆرێك له‌ خه‌ڵكى به‌ ئاسانى ده‌ستناكه‌ون .

به‌رده‌وام  بۆ وه‌ڵامى پرسیاره‌كانى ئه‌و هه‌ندێك رێگه‌ ده‌دۆزینه‌وه‌ ، بۆنمونه‌ باسى ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین كه‌ ناكرێ هه‌موو كه‌س ئه‌وانه‌ى هه‌بێت كه‌ئه‌و ده‌یڵێت ، پاره‌ به‌ هه‌مان رێژه‌ و زۆرى لاى هه‌موو كه‌سێك نیه‌ ، هه‌ڵبه‌ت وه‌ڵام گه‌لى دیكه‌یش ده‌ده‌ینه‌وه‌ ، به‌ڵام ئه‌و بڕوا ناكات و پێى وایه‌ ئێمه‌ فێڵى لێده‌كه‌ین، من دڵم نایه‌ت به‌ ره‌نوو بڵێم كچم ئه‌وه‌ به‌شێكى خه‌تاوتاوانى منه‌، خه‌تاو تاوانى من له‌ هێنانه‌ دنیاى تۆ ، بێ ئه‌وه‌ى بتوانم هه‌موو خه‌ونه‌كانت بێنمه‌ دى ، خه‌تاو تاوانى منله‌وه‌ى هه‌میشه‌ به‌ره‌ى خه‌ڵكم هه‌ڵبژاردووه‌ ، ئه‌و به‌ره‌یه‌ى كه‌ هه‌رگیز نایانه‌وێ جیاوازیه‌كان ببینن و ره‌ش و سپى لێكناكه‌نه‌وه‌ ، خه‌تاو تاوانم له‌وه‌دا كه‌ نه‌متوانیوه‌ ژیانێكى شایسته‌به‌ تۆو خوشك و براكانت ببه‌خشم ، له‌ كاتێكا له‌ گه‌ڵ زۆرێك له‌ هاوته‌مه‌نه‌كانما له‌ ڕووى ئه‌رێنیه‌وه‌ ده‌شێت من باشتر بووبم ، بۆ نمونه‌ من خاوه‌ن باوكێكى شۆڕشگێڕ بوومه‌و باوكم له‌ عه‌ریفى سوپاى عیراقیه‌وه‌ پێشمه‌رگایه‌تى هه‌ڵبژاردووه‌وله‌ سه‌ره‌تاى شه‌سته‌كانه‌وه‌ تا ناوه‌ندى هه‌فتاكان چه‌كى به‌ شانه‌وه‌ بووه‌ و بریندارى و نه‌دارى بینیوه‌ ، برایه‌كیشم شه‌هیده‌ ، بۆ خۆیشم زۆر زوو ده‌ستم دایه‌ كارى سه‌ركێشانه‌و به‌ گژاچوونه‌وه‌ى سته‌مكارى ، به‌ڵام ئه‌و شوێنه‌م هه‌ڵنه‌بژارد كه‌ ده‌متوانى لێوه‌ى بگه‌مه‌ هه‌موو شت ، نه‌مزانى خۆبه‌ره‌پێشه‌وه‌و ماستاو چى و له‌بله‌بان بم .
ره‌نوو گیان ئه‌شێ من رێیه‌كم هه‌ڵبژاردبێت كه‌نابوو لێوه‌ى بڕۆم ، هیوادارم رۆژێك خه‌ونه‌كانت بێته‌ دى .

تایبەتمەندییەکان: وتارو بیروڕا

زیادکردنی وەڵام