کۆڵان

 

 

ئەم دنیایە

هەمووی کۆڵانی دەرنەچوو،تەنگ،تەنگ

منیش منداڵێکی ون بووم،

بە هەرکۆڵانێکا ئەڕۆم دەرناچێ،

لەهەردەرگایە ئەدەم ماڵی من نیەو

ناکرێتەوە،

کەس منداڵێ وەرناگرێ

نایانەوێ حەقیقەت.

 

ئەوەندە کۆڵانەکانی ئەم دنیایە گەڕام،

نەک هەر منداڵیم و یاریەکانم،

نەک هەرهەیوانی ماڵ وسفرەی تینوێتی،

نەک هێلانەی ئەوچۆلەکانەی تێکم ئەداو

کونی ئەو زەردەزیرانەی دارم پیا ئەکردن و

ئەوانیش زیرەیان لێ هەڵەساندم،

خۆیشمم ونکردو

دەرگای ماڵ خۆمانم نەدۆزیەوە،

دەنگم لێداکەوت،

بینایم لێداکەوت،

هەرچیم هەبوو ڕۆیشت،

یادگاریەکانم،

تۆو ئەو کۆڵانەی لێی لە دایک بووم.

 

ئاقیبەتی ئەمرم!

وەک بازێکی خەیاڵی، عاشق،عاشق،

بەسەر ئاسمانی ئەم هەموو کۆڵانەدا ئەگەڕێم،

ناتوانم جگە لە کۆڵانەکانی  بێمروەتی،

ئەو کۆڵانانەی دەرناچن

جگە لە شەو، بێدەنگی وئەم هەموو وێرانەیە،

جگە لە یەئس ودرۆی ئەم هەموو خەڵکە،

هیچ نابینم.

 

ئارام ئەحمەد

02/06/2018

 

 

تایبەتمەندییەکان: هۆنراوە

زیادکردنی وەڵام