پەرلەمانتاری گۆڕان لەپەرلەمانی عێراق، پێی وایە كۆبونەوەكەی سبەی نێوان مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەت و فراكسیۆنە كوردییەكانی بەغدا بۆ ئەوەیە كە حكومەتی هەرێم جارێكی تر دەیەوێت نەوت رادەستی بەغدا نەكات و كە بودجەی هەرێمیش بڕا پەرلەمانتارە كوردەكانی بەغدا، پشتیوانی حكومەتی هەرێم بكەن. دەشڵێت”مەسرور بارزانی وا دەزانێت پەرلەمانی عێراقیش پەرلەمانی كوردستانە.”

سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بانگهێشتی جێگری دوەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و نوێنەری فڕاکسیونە کوردییەکان و ئەندامانی لیژنەی دارایی کردوە بۆ کۆبونەوە بۆ سبەی یەكشەممە.

غالب محەمەد، ئەمڕۆ شەممە، لەنوسینێكدا لەلاپەڕەی خۆی لەفەیسبوك رەخنەی لە شێوازی كۆبونەوەكە گرتوەو نوسیویەتی”مەسرور بارزانی وادەزانێت پەرلەمانی عیراقیش پەرلەمانی کوردستانە؟ چونکە بە تەلەفونێک دەستەی سەرۆکایەتی بردە هۆڵی کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران کە ئەمە یەکێکە لە حەوت سەرسوڕهێنەرەکەی دونیا پەرلەمان بڕوات بۆ لای ئەنجومەنی وەزیران.”

پەرلەمانتارەكەی گۆڕان چەند سەرنجێكی لەسەر شێوازی كۆبونەوەكە خستۆتەڕو و وتویەتی”جۆری بانگهیشتەکە هیچ عورفێکی تیدا نییە، چونکە کارنامەی کۆبونەوەکە حکومەتی هەڕێم دایڕشتوە و هیچ پرسێک بە ئەندامان و فڕاکسیونە کوردییەکان نەکراوە، ئەمەیش نابێت چونکە حساب نەکردنە بۆ ئەندامانی پەرلەمانی عێراق.”

ئەوەشی خستۆتەڕو”جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق کە لە پارتییە، پێموایە مەسرور بارزانی وەک سکرتێری حکومەتی هەرێم حسابی بۆ کردوە چونکە هیچ کەسێکی ئاگادارنەکردۆتەوە لە دانانی ئەجێندای کۆبونەوەکە کە پەیوەستە بە ژیانی هاوڵاتیانی هەڕێمی کوردستان و موچە و بودجەی هەرێمی کوردستان.”

بە بڕوای غالب محەمەد “یەکێک لە کێشە گەورەکانی نێوان هەڕێم و بەغداد مەسەلەی نەوت و تەسلیمکردنی نەوتە، وەک دیارە نەوت بوە بە بەڵا بۆ هاوڵاتیانی هەرێم و بوە بەخێر و بەرەکەت بۆ کۆمپانیاکانی حزب و بنەماڵە، بەڵام لە بانگهێشتەکەدا بە هیچ شێوەیەک باس لە لیژنەی نەوت و وزە نەکراوە ئەوەیش بە پلانی پارتی و بە تایبەت مەسرور بارزانی کراوە، چونکە گەر ئەندامانی لیژنەی نەوت لەوێ بن بەڕاشکاوی باسی نەمانی داهاتی نەوت دەکەن بە داتای تەواو هەروەها لە سەر غازی هەرێم قسەی جدی دەکەن، ئەمەش دەبێتە بێزاری بۆ مەسرور و ستافەکەی و ناتوانن بەئاسانی خۆڵ بکەنە چاوی خەڵک و داتای نادروست بڵێن و جارێکی تر هاوڵاتیان و فەرمانبەرەکانمان لە هەڕێمی کوردستان بێ موچە و بودجە بکەن لە پێناوی تەسلیمنەکردنی نەوت بۆ دەوڵەمەندکردنی خۆیان و برسیکردنی خەڵکی هەرێمی کوردستان.”

جەختیشی كردۆتەوە”کەواتە جارێکی تر حکومەتی هەرێم دەیەوێت نەوت تەسلیم نەکات و كە بودجەی هەرێم بڕا، ئەندام پەرلەمانەکانی عێراق پشتیوانی حکومەتی هەرێم بکەن و سەبوری خەڵکی هەرێم بدەن، بەڵام دەبێت ئەو خەیاڵە لەمێشکی خۆیان دەرکەن ئێمە لە ئاستی بە تاڵان بردنی نەوتی هەرێم و بڕینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەهۆی فڕۆشتنی نەوت لە قازانجی خۆتان بێدەنگ بین و راستییەکان باس نەکەین و هەڵوێستمان نەبێت .”

ئەوەشی خستۆتەڕو”باشترە فراکسیونە کوردییەکان جگە لە پارتی بەڕون و ئاشکرا ئەجێندای کۆبونەوەکە دانێن و داوابکەن کۆبونەوەکە لەپێناوی کۆبونەوە نەبێت، بەڵکو کۆبونەوەیەکی راستگۆیانە بێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و بۆ گەڕانەوەی موچە و بودجەی هاوڵاتیانی هەرێم بێت نەک وەک کۆبونەوەکانی تر بێت کە لە دوای کۆبونەوەکان حكومەتی هەرێم پێچەوانەی کۆبونەوەکە بڕیاری دەدا، گەر وا بێت ئەوە نەچونی فراکسیونەکان باشترە لە چونیان بە لاوازی .”

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام