
ئەندامێکى خانەى راپەڕاندنى بزوتنەوەى گۆڕان رایدەگەیەنیت،هەوڵێکی شاراوە لەناو گۆڕان هەیە بۆ رێگریکردن لە بەستنی کۆنفڕانسی نیشتیمانی. هەر بۆیە ئێستا پەیامو ئامانجەکانی بزوتنەوەی گۆڕان لەبەردەم دوڕیانێکی چارەنوسسازدایە.
شۆڕش حاجى ئەندامى خانەى راپەڕاندنى بزوتنەوەى گۆڕان لەمیانى وتارێکدا نوسیوویەتى”بەپێی دەستوری ناوخۆی گۆڕان دەبوایە نزیکەی ساڵونیوێک پێش ئێستا کۆنفرەنسی نیشتیمانی دوەممان بکردبا، لەم هەلومەرجەدا زۆر پێویستە، بۆ ئەوەی تینوتەوژمێکی نوێ بدەینەوە بە گۆڕانو خۆمان بۆ قۆناغی داهاتو ئامادە بکەین. بەڵام هەوڵێکی شاراوە لەناو گۆڕان هەیە بۆ رێگریکردن لە بەستنی کۆنفرەنسی نیشتیمانی. هەر بۆیە ئێستا پەیامو ئامانجەکانی بزوتنەوەی گۆڕان لەبەردەم دوڕیانێکی چارەنوسسازدایە”.
ئەندامى خانەى راپەڕاندنى گۆڕان وتیشى”بەندە هەر دوا بەدوای هەڵبژاردنەکانی ٣٠/٩/٢٠١٨، بە نوسراوی فەرمیو لە کۆبونەوەکانی جڤاتو خانەش بەپشتیوانی کۆمەڵێک هاوڕێی جڤاتی نیشتیمانیو خانەی راپەڕاندن جەختم لە پێویستی بەستنی کۆنفرەنسی نیشتیمانی کردۆتەوە. بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجو سەرسوڕمانە ژمارەیەک لە سەرکردایەتی گۆڕان، بەرێکخەری گشتیشەوە بەردەوامو هەر جارەی بە شێوەیەک بەربەستیان لەبەردەم بڕیاردان لە بەستنی کۆنفرەنسی نیشتیمانی دروست دەکرد”.
ناوبراو باسى لەوەشکردوە، ئەم دو دڵیو دڵەڕاوکێیەی ناو جڤاتی نیشتیمانیو خانەی راپەڕاندن مایەی تێڕامانو نیگەرانیە. دواخستن یان نەبەستنی کۆنفرەنسی نیشتیمانی لە زیان زیاتر سودێکی بۆ گۆڕانو پرۆسەی سیاسی لە کوردستانی عیراق نیە. جەختیش دەکاتەوە ، هەر کەسێک رێگری لە بەستنی کۆنفرەنسی نیشتیمانی بکات یان پاساوی نابەجێ بۆ دواخستنی بدۆزێتەوە مانای ئەوەیە لە پەیامو ئامانجی بزوتنەوەی گۆڕان تێنەگەیشتوەو رێگرە لە بەرەو پێشبردنی بزوتنەوەی گۆڕان.
لەبەشێکى ترى وتارەکەیدا شۆڕش حاجى دەشڵێت، گومان دەکرێ هۆکاری سەرەکی دروستکردنی بەربەست لەبەردەم بەستنی کۆنفرەنسی نیشتیمانی ترسی هەندێ لەو هاوڕێیانە بێ لەوەی کە رەنگە لە کۆنفرەنسدا لە کاتی هەڵسەنگاندنی ئەدای ئۆرگانەکانی گۆڕاندا روبەڕوی رەخنەی هاوڕێکانیان ببنەوە لەسەر ئەوەی لە ئەرکەکانیاندا سەرکەوتو نەبون. دور نیە هەر ئەمەش وایکردبێ ئەو هەمو هەوڵە بدەن بۆ ئەوەی بەستنی کۆنفرەنسی نیشتیمانی بکەوێتە دوای هەڵبژاردنی خانەی راپەڕاندنو رێکخەری گشتییەوە”.