ئا: زاگرۆس زەردەشتی

ئاشکرایە کە سەگ یەکێکە لەو ئاژەڵانەی کە مێژوویەکی دووری لەگەڵ مرۆڤدا هەیە. سەرچاوە (ئۆرکۆلۆگیەکان) دێرین ناسان، ئەو راستیەیان سەلماندووە کە مرۆڤە سەرەتاییەکان، کە بە مرۆڤی  (هۆمۆ سەپێنیس) ناسراون، 15000 ساڵ پێش زاین لە وڵاتی چیندا، سەگیان کەوی کردووە.

لە 2100 پێش زاین لە وڵاتی میسۆپۆتامیادا، سەگ یەکێک بووە لە ئاژەڵە پیرۆزەکان، کاتێک کە لە بۆنەکاندا (نزا) لای خواوەندەکان کراوە، دەبوو ئەو نزایە لەسەر فۆڕمی لە قور دروستکراو، بە (پێی) سەگ مۆربکرایە. پاشان پێشکەش بە خواوەندەکان بکرایە.

هەروەها رۆمەکان و یوپتیە میسریەکان، لاشەی سەگیان مۆمیا کردووە، یان لە شێوەی سیرامیکدا نەخشاندویانن. لە دۆزینەوەی وێنە و نیگاری سەر دیواری هەندێک لە ئەشکەوتە کۆنەکاندا، زۆر جار وێنەی سەگ و مرۆڤەکان لە کاتی راوکردن و پشوداندا، لە تەک یەکدا دەردەکەون. ئەو وێنانە ئەو راستیانەمان بۆئەگێڕنەوە و ئەسەلمێنن کە لە مێژە مرۆڤ و سەگ بە یەکدی ئاشنا و هاودەمن.

گەلی کورد گەلێکی دێرینی شارستانیتێ میدیا و چیاکانی زاگرۆسن، بێگومان کورد رۆڵێکی کاریگەر و مەزنی لە شارستانیەتی مرۆڤایەتی لێزاوە. کەواتا کوردیش وەک ئەو مرۆڤانەی سەردەمی خۆی لە نزیکەوە بە ئاژەڵی سەگ ئاشنا بووە و لە ژیانی رۆژانەیدا، بۆ پاسەوانی و راوکردن و هاودەمی بەکارهێناوە. بێگومان سەگ لای زۆرێک لە مرۆڤی کورد، ئاژەڵێکی خۆشەویستە، بەتایبەتی لەلای گوندی و کۆچەریەکان، تەنانەت لە چیرۆکی فۆلکلۆری کوردیدا، باس لەوە دەکرێت ئاژەڵدارێک چەند سەر مەڕی  بۆ سەگەکەی (نەزر) کردووە. ئەمەش خۆشەویستی نێوان سەگ و مرۆڤە.
سەگ لە ناو زۆربەی گەلاندا و کولتوری گەلاندا، بە ئاژەڵێکی خۆشەویت و دڵسۆز ناوزەد کراوە.
لەلای گەلانی ئاوروپی بە نزیکترین هاوڕێ ناسراوە. هەروەک چۆن (ئارەبەکان) مێژوویان لەسەر پشتی هوشترە، مرۆڤە (ئاسکیمۆیەکان) مێژوویان لەر پشتی سەگە.

وەکو هێمامان بەوە کرد، کە گەلی کوردیش لە مێژە ئاشنایەتی و نزیکی لەگەڵ  ئەو گیاندارە پەیدا کردووە، لە زۆر رووەوە، بەکاریهێناوە. لە کاتێکدا کە پێشمەرگە، زۆربەی جار شەوانە  کە وەک مەفرەزە جوڵەیان ئەکرد، زۆر جار بە وەڕینی سەگەکان دەیانزانی کە نزیکی ئاوایین یان نزیکی بازگەی سەربازانی دەوڵەتی داگیرکارانی کوردستانن، هەر بۆیە بە دەنگی سەگەکان گیانی زۆر پێشمەرگە لە مەترسی رزگارئەبوون.

گیانداری سەگ لە خزمەتکردن بە مرۆڤ و مرۆڤایەتی، رۆڵی مەزنی وازیکردووە. سەگ جگە لەوەی کە هاوڕێیەکی دڵسۆزە، بۆ راوکردن، پاسەوانی، هاودەمی، تەنانەت لە کاتی جەنگدا…هتد بەکارهێنراوە. بەڵام بەهرەی ئەم ئاژەڵە هەر لەم خەسڵەتانەدا نەمایەوە، بەهۆی بۆنکردن و هەستە بەهێزەکەیەوە، ئێستا لە کارەساتی بوومەلەرزە و دۆزینەوەی مادەی هۆشبەر و سڕکەرەکاندا، رۆڵی کاریگەر وازیدەکا و بە سەتان مرۆڤ لە مەرگ و کارەسات دەرباز ئەکات. وەک دەزانین، لە هەندێک لە وڵاتان، سەگ لە یارمەتی مرۆڤە نابینا و کەمئەندامەکاندا، چ خزمەتێکی گەورە بەم مرۆڤانە ئەکات. تەنانەت ئێستا سەگ لە رێچکەی تەندروستیشدا کاریگەری مەزنی هەیە بۆ دۆزینەوەی هەندێک دیاردەی نەخۆشی لە رێگای خوینێ مرۆڤەکانەوە، کەواتە مرۆڤ و مرۆڤایەتی گەلێک قەرزاری ئەم ئاژەلەن و پێویسە بە خۆسەویستی و رێزەوە پاداشتی بدەنەوە.

بەڵام بە داخەوە لە نێو هەندێک کولتوری نەتەوانی تردا، ئەم ئاژەڵە سودمەندە، هەروەک هەندێک ئاژەڵی تر بە گڵاو و نەگبەت و دەنگ ناخۆش و پیس، ناوزەدکراون و کەوتونەتە بەر نەفرەت و سەرەنیزەی رکوکینەوە.

ئەوەی جێگای سەرنج و رامانە ماوەیەکە، هەندێک لە کەسان و خۆ بە روناکبیر و دەسەرلاتدار، فەرمانی کوشتنی بەکۆمەڵی ئەم ئاژەڵەیان رەواکردووە و هێرشیکی زۆر نارەوا بەرامبەر ئەم ئاژەلە  لە ماڵپەڕەکان و سۆسیال میدیاوە، بەرپائەکەن، پێویستە ئەو بەڕێزانە ئەوە چاک بزانن، سەگ جگە لەو خەسڵەتانەی کە ئاماژەیان پێکراوە، ئێستا بەهەزاران کارگە و شوینی پەروەرەکردنی ئەم ئاژەلە بۆتە شوێنی دەستیکار و بە ملیۆنان مرۆڤ بژێوی ژیانیان لەسەر دروستکردنی کەلوپەل و دروستکردنی خواردن و کردنەوەی پێشانگا و رێکخستنی فێستیڤال و ریکلامی ئەم ئاژەلە پڕسود و بە بەهرەمەندەیە. بەڵام هەزاران مەخابن، تازە بە تازە لە کوردستانەکەی ئێمەدا بە شانازیەوە باسی بە کۆمەل کوشتنی ئەم ئاژەلە بەناوی نەخۆشی و گەڕیەوە و بە کۆمەڵکوژ ئەکرین و خوێنیان ئەڕێژریت..!

وەکو تەنیا رێگا چارە بۆ ئەم ئاژەڵانە کوشتنی بەکۆمەڵیان بێت، لەبری ئەوەی کە شوین و جێگا و چارەسەری نەخۆشیەکانیان بۆبکرێت، ئاوا ئەم سامانە نەتەوەییە وەکو هەموو سامانەکانی ترمان، بێ بەها دەکرین… کورد گەلێک ئاژەڵی دانسقە و نایابی هەیە، پێویستە وەکو هەموو گەلانی دنیا، ئاژەڵە نەتەوەیەکانمان بپاریزین و شانازیان پێوە بکەین، بۆ نمونە (سەگی هەوشار) کە سەگێکی رەسەنی کوردیە، دەوڵەتی داگیرکاری تورک لە کنەی ئەوەدایە کە ئەوسەگەش بکەنە سەگی تورکی و مۆرکی تورک بوونی لێبدەن.

پێویسە گەلی کورد بەرگری لەم ئاژەڵە و هەموو ئاژەلەکانی تر بکەن و (کۆمەڵەی بەرگری لە ئاژەڵانی کوردستان) سازبکەن. با ئەو کولتورە کۆنەپەرستیە، کە پێناسەی سەگ و گیان لەبەرانی تر بە ناشرینی ئەکات توردەنە ناو زبڵدانی مێژووەوە، پێویستە پەرلەمانی کوردستان یاسایەک بۆ بەرگری و رێزگرتن لەو ئاژەڵ و پەلەوەرانەی کوردستان دەرکات و سەرپێچیکاران رووبەرووی سزا بکرێنەوە.

دەبیت ئەو گیانلەبەرانەی کوردستان مافیان لە ناو کۆمەڵگای کوردستاندا مەیسەر بکرێت، با چیدی ئەم گیان لەبەرانە ئەتک و قاچشکاو و گوێبڕا و چاوکویر و باڵشکاو و کلکبڕاو نەکرین. با ئەو گیانلەبەرانەی کوردستانیش لە ئەتمۆسفیرێکی هێمن و ئارامی و دڵنیایدا بژین…گیان لەبەرانی کوردستان، بە کایەی خۆیان بێبەش نەبوون لەو داگیرکردن و بەسوتماکردن و ئەنفالانەی کوردستان، ئەوانیش توشی کوشتن وراودوونان وکۆمەڵکوژی ئەنفالی شوم بوونەتەوە، ئەوانیش ئەو مێژووە رەشەی داگیرکاریە، لەتەک گوندنیشیناندا توشی بێلانەی و برسێتی و دەربەدەری بوونەتەوە. دەبا چیدی سەگ و ئاژەلەکانی ترمان ئاشتبکەینەوە، وەک بوونی خۆیان رێزیالێبگرین و ژیانایکی ئارامیان بۆ فەراهەم بکرێت.

تایبەتمەندییەکان: بابەتی هەڵبژاردە

زیادکردنی وەڵام