سەرۆكی فیلیپین رایگەیاند، وڵاتەكەی رێگەنادات ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا سیستەمە موشەكیەكانی لەسەر خاكی فیلیپین بڵاوبكاتەوە.

رۆدریگۆ دوتێرتی، سەرۆكی فیلیپین لەمیانی لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ئەمرۆ چوارشەممە رایگەیاند “هەندێك راگەیاندن بڵاویانكردوەتەوە كە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا دەخوازێت ژمارەیەك لە موشەكە بالیستیە ناوەندمەوداكانی لە وڵاتەكەمان بڵاوبكاتەوە”.

سەبارەت بەو بابەتە سەرۆكی فیلیپین لە درێژەی وتەكانیدا وتی “بە هیچ شێوەیەك ئەو خواستەی ویلایەتە یەكگرتوەكان رونادات، چونكە من رێگە بەو كارە نادەم و ئەو هەنگاوە پێشێلكردنی دەستوری وڵاتە”.

ئاماژەی بەوەشكرد “هەرگیز رێگەنادات بە هیچ هێزێكی سەربازی بیانی، لە وڵاتەكەیدا بن”.

ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا و فیلیپین، لە ساڵی 1951 وە رێككەوتننامەی بەرگری هاوبەش و پشتیوانیكردنی یەكرتی بەیەكدیانەوە دەبەستێتەوە،  تێیدا پەیمانیانداوە بە بەرگریكردن لە یەكدی لەكاتی هێرشی لایەنی سێهەمدا بۆ سەر هەر یەكێكیان.

رێكەوتی 3ی ئابی ئەمساڵ، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند، “مارك ئێسپەر، وەزیری بەرگری ویلایەتە یەكگرتوەكان باسی لە بلاوكردنەوەی موشەكەكانی لە كیشوەری ئاسیا كردوە”، پاش ئەوەی ئەمریكا لە رێككەوتنە موشەكیەكەی نێوان واشنتن-مۆسكۆ كشایەوە.

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام