نهێنیی، ئەو ڕووبەرە نادیارەیە، کە هەرچ کەسێک بۆی گرنگە، زانینی هەبێت دەربارەی و پەی پێبەرێت. کتێبەکان پێش خوێندنەوەیان پڕن لەو نهێنیانەی تا نەخوێندرێنەوە نازانرێت باس لە چیی دەکەن، هەڵگری چ جۆرە زانین و زانست و فەلسەفەیەکن، یان هەڵگری چ جۆرە چیرۆک و ڕۆمانێکن. خوێنەر بۆیە بەپەرۆشەوە کتێب دەکڕێت و لە ئامێزی دەگرێت و پەڕەکانی یەک یەک هەڵدەداتەوە و بە وردی دەیانخوێنێتەوە تا  سیحری ناوەڕۆکە شاراوەکەی تێبگات، کتێب پێش خوێندنەوەی مەعشوقێکی ئەفسانەییە بۆ  خوێنەر، بەڵام ڕەنگە دوای خوێندنەوەی مەعشوقیەتی لاوازبێت، بەڵام سوودی هەرگیز لاواز نابێت.

کەسی عاشقیش دنیایەک نهێنی و پەنهانی لە دڵدارە مەعشوقەکەیدا دەبینێت، مەعشوق ئەفسانەیەکی شاراوەیە تا ئەو کاتەی بە عاشق دەگات. هەڵسوکەوت و ڕەفتاری مەعشوق هەرچی بێت، قودرەتێکی هێندە نهێنی و سیحراویە، کە عاشق سەرسام دەکات بە خۆی، هەموو جوانیەکانی دنیا، هەموو ژیانی خۆی لە زانین و پەیبردن بە ژیانی مەعشوقەکەیدا دەبینێتەوە، بۆیە بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدایە بگات بە مەعشوقەکەی و بگات بەو نهێنیە پڕ لە سیحراویی و ئەفسوناویە، عاشق هەتا بە مەعشوق دەگات ملکەچی چاک و خراپێتی، بەڵام کە پێیدەگات ڕەنگە مەعشوق لاواز بێت، بەڵام زاوزێیان لە ترۆپکی جوانیدایە، گەر ئەم بەرهەمە ناوازەیە نەبوایە زۆر زوو ئەم جیهانە لە ناو دەچوو، یان هیچ بەهایەکی نەدەما.

مرۆڤ بە گشتی، ئەو بوونەوەرەیە کە هەمیشە بە دوای نهێنیەکاندا وێڵە، دەگەڕێت و بەدواداچوونی بۆ دەکات. دیارە هەر ئەم بە دواداگەڕان و پەیکردنە سروشتیەشە، کە مێژووی مرۆڤایەتی قۆناغ بە قۆناغ بەرەوپێشەوە بردووە. مرۆڤ لەگەڵ ئەوەی شەیدای زانینی نەزانراوەکانە، لە هەمانکاتدا لە سیحر و توانای گەورەی نەزانراوەکانیش تێدەگات، کە چۆن مرۆڤ دەکات بە عاشقی خۆی و خۆشی دەبێت بەو مەعشوقە پڕ لە نهێنییە خەیاڵاویە. کەواتا نهێنی و پەنهانی  مەعشوق سەرچاوەی شەیدایی عاشقەکانە.

تا ئێرە نێهینەکان و قودرەتی نهێنی و بە دواداگەڕانی مرۆڤەکان بۆ پەیکردن و زانینی نهێنیەکان، کارێکی زۆر ئاسایی و سروشتیە. وەلێ بەکارهێنانی “نهێنیی و پەنهانیی” لای حکومڕانەکانی کوردستان بۆ جڵەوکردن و سەرسامکردن و سەرقاڵکردنی خەڵکی گشتی، هەتا بڵێی کارێکی پوچ و قێزەون و ناشیرینە.

باش لە بیرم دێت، لەگەڵ ئەو پەڕی ڕێزمدا بۆ خەڵکە “گشتییەکەی” کوردستانی ڕۆهەڵات، بە سەدام حسەینی دڕندە و فاشییان دەوت،”سەرۆکێکی قەشەنگە”، ئەم سەرسامبوونە بە سەدام حسەین لەوەوە سەرچاوەی گرتبوو، کە خەڵکی گشتی ڕۆژهەڵات ناوەڕۆکی نهێنی خۆنمایشکردنەکانی ئەم پیاوە ناشیرینە تێنەدەگیشتن.

ئاخر جارێکیان، بە گوێی خۆم گوێم لێبوو، چەند کەسێکی سادە و ساکار”ماشاألله”یان لە شێخێک دەکرد، کە هەتا بڵێی پیاوێکی بۆشناخ و پاک و خاوێن بوو، هەتا بڵێی جل و بەرگ و عەبا و جبەکەی شانی کەشەخە بوو، هەتابڵێی ڕێ و ڕۆشتنی بە ئارامی و لەسەر خۆ بوو، هەتابڵێی دەوڵەمەند و پارەدار بوو، هەتابڵی لە حکومەتی عێراقی فاشیدا دەستی دەڕۆیشت، لەگەڵ ئەوەشدا هەتا بڵێی لە ناوەڕۆکدا شێخێکی ساختەچیی بوو، بەڵام شەیدایی خەڵک لە چاویاندا بوو، نەک لە عەقڵیاندا، بە عەقڵ بیریان لەوە نەدەکردەوە، کە ئەم شێخەش هەروەک هەموو کەسێک، مرۆڤێکی ئاساییە، وەلێ ئەو خۆنمایشکردن و خۆگۆڕین و ڕیشبەردانەوەیە کردبووی بە کەسێکی نائاسایی، ژیانی لای خەڵک، بووبوو بە شتێکی نائاسایی، تەنانەت نوێژ و خواپەرستیەکەشی خۆ هەر وەک خەڵک وابوو، کەچی بووبوو بە ڕەفتار و کردارێکی نائاسایی، چونکە بە دەگەمەن نەبێت وەک خەڵک لە مزگەوت و بەردەمی خەڵکدا ئەم خواپەرستییەی نەدەکرد، ئیتر خەڵکی وایان دەزانی لە کاتی خواپەرستییدا پەردە لە نێوانی خۆی و خوادا نامێنێت و دەتوانێت قسە لەگەڵ خواشدا بکات.

سیاسیە حوکمڕانەکانی کوردستان، شارەزان لە قودرەتی “نهێنی و پەنهانیی” کە چۆن بەم قودرەتە کارلێک دەکەن لەسەر کۆمەڵە خەڵکێکی گشتی سادە و ساکر، بۆیە نهێنی و پەنهانی زۆرێک لە ڕووبەری ژیانیان دەکەن بە “سەرمایەیەکی ڕەمزی” و بەکاری دەهێنن بۆ چاوبەست و خۆشاردنەوە لە خەڵک.

پەیوەندیە خێزانیەکانیان، ژیانە کۆمەڵایەتیەکانیان، پەیوەندیە سیاسییەکانیان دەکەن بە سەرمایەیەکی ڕەمزی بەهێز بۆ سەرسامکردنی خەڵک. خێزانە سیاسیی و حکومڕانەکان، هەمیشە دنیای خۆیان بە پەنهانی دەهێڵنەوە، تا خەڵک بە هیچ شتێکیان نەزانێت و ببن بە خێزانگەلێکی سیاسیی نائاسایی و ئەفسانەیی. ئەم قودرەتی نهێنیە، وا دەکات، کە قسەکردن و گفتوگۆ ئاساییەکانیان، ئەو قسانەی کە هەموو کەس دەزانێت بیانکات، پڕ دەبێت لە سیحر بۆ خەڵکە سادە و ساکارەکە، کە بە نائاسایی وەریدەگرن و گوێی لێ دەگرن. زۆر جار خەڵکی گشتی لە ڕێپۆرتاژەکاندا، لە چاوپێکەوتنەکاندا، زۆر باشتر، زۆر جوانتر، زۆر بە ئەددایەکی ڕوونتر و زمانێکی پاراوتر لە سیاسیە حیزبیی و حکومڕانەکان قسە دەکەن، وەلێ نائاسایی وەستان و خوتبەدانی ئەم سیاسیانە، بەقەراعەت قسەکردنیان، جۆری لەبەرکردنی جلوبەرگیان، بۆینباخە سێ چوار هەزار دۆلاریەکانیان، قاتە سیی چل هەزار دۆلاریەکانیان، سەعاتە ئاڵتوونیی و گرانبەهاکانیان، پێڵاوە تایبەتییە دەهەزاردۆلاریەکانیان، خاوەندارێتی کۆشکە سەدان ژوور و ڕووبەرە دەیان هەزار مەتریەکانیان، خاوەندارێتی گەمێ و فڕۆکەکانیان،خاوەندارێتی رۆژنامە و کەناڵە نەوتییە پڕ لە خەرجییە سەدان دەفتەر دۆلاریەکانیان، کۆبوونەوە پڕ لە قاقای پێکەنین و قاچ خستنە سەر قاچیان، بە بێدەنگی و بێ ئەوەی هیچ کەس بزانیت چ نوکتەیەکی قۆڕ و چ قسەیەکی بێ مانا دەگوزەرێت لە نێوانیاندا،سەرنجێکی سیحراوی و خەیاڵاوی ئەوتۆ دروست دەکەن، کە دەبێت بە خەیاڵ و ئەفسون لای خەڵکی گشتی، هەموو ئەم خۆنواندن و قسە پوچانەیان لای خەڵکی گشتی نەزان، دەبێت بە نەخشی سەر بەرد. تەنانەت هێزە میلیشیاییەکانیان، هەڕەشە و گوڕەشەکانیان، کاروانی سەیارە مۆدێلبەرزەکانیان، چوون بۆ پرسە و ئامدەبوونیان لە شوێنی گشتییدا بە کەشخە و فشە و خۆبادانێکی بێتام و ناشیرینەوە، کە بە دەیان چەکداری دەموچاو ناشیرین و ڕەفتار شەلاتیانە بە دوایانەوەیە، دابەزین و سواربوونی سەیارەکانیان بە شەقە و تەقەی تووند کرانەوە و پێوەدانی دەرگاری سەیارەکانیان، فڕوهوڕ و تڕوهوڕ و پەڕتەڕناشی سەیارەکانیان، ئەمانە هەمووی بۆ ئەوەیە کە خۆیان وا پیشان بدەن، کە مرۆڤگەلێکی نائاسایین و ئەوەی ئەمان پێی گەیشتوون، لە قودرەتێکەوەیە، کەسی تر نییەتی.

ئەگەر وردبینەوە، لە خێزانە سیاسییەکانی، وەک بنەماڵەی بارزانی و براو کوڕ و زاوای بارزانی، یان خێزانی تاڵەبانی و کوڕ و کەسوکاری تاڵەبانی، بە تایبەتی ئەوانەیان کە جڵەوی حوکمڕانیان بە دەستەوەیە، نەزانینی مرۆڤە نەزانەکان، بۆ تێگەیشتن، لە ژیانە پڕ لە نهێنی و ئەفسوناویەکەیان، دەکەن بە چەکێکی نهێنی پڕ لە خەیاڵی سیحراوی بۆ کەمەنکێشکردنیان و جڵەوکردنیان. هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدان بە پەنهانی بمێننەوە، وەک کەسانی سادە و ساکار نەیەنە بەرچاوی خەڵکی، وەک کەسانی سادە و ساکار نەیەنە ناو خەڵکەوە، وەک کەسانی سادە و ساکار دەرنەکەون، تا وا لە خەڵک بکەن، کە شەیدای ژیانە شاراوەکەیان بن، شەیدای ناو ماڵ و خیزانیان بن، شەیدای ئەوە بن، کە بزانن ژنەکانیان، کچەکانیان، منداڵەکانیان ناویان چییە، چیی دەخۆن، چیی لەبەردەکەن، چۆن دەژین، چۆن کاتی خۆیان بەسەر دەبەن، لەگەڵ کێ هاتوچۆ دەکەن. هەموو ئەمانە بوون بە نهێنیەک، کە زۆر لە خەڵکی سادە و ساکار سەرسامن پێیان، زۆربەی خەڵکی سادە و ساکار بۆیە خۆشیان دەوێن، بۆیە لایەنداریان دەکەن، بۆیە دەنگیان پێدەدەن، چونکە بوون بە عاشقی ئەم مەعشوقە پڕ لە نهێنیە سیحراویە، عاشقانە بە دوای ئەم سیحرە پوچ و پڕ لە ئەفسانەیەوەن. زۆر جاریش کە زانین و بەدواداچون و تێگەیشتنیان لەم ژیان و ڕەفتارە ئەفسوناویەیان ناگات بە ئامانج، کەچی هێشتا ئەمەش لای خەڵکە سادەکە دەبێت بە داینەمۆی بەردەوامی سەرسامبوونیان. بۆیە کاتێک خیانەتیش دەکەن، کاتێک فێڵی سیاسیش دەکەن، کاتێک سەروەت و سامانی گشتی کۆمەڵگەش دەدزن، کاتێک هەموو ژیانی خەڵکی قۆرخ دەکەن، کاتێک سوێندی درۆش بە کەرامەت و شەرفیان دەخۆن، هێشتا ئەو مەعشوقە خۆشەویستەن کە پەی بە سیحریان نابرێت، ئەو ڕووبەرە پڕ لە نهێنیە نا ئاساییەن، کە مرۆڤی داماوی نەخوێندەوار، وا بیر دەکاتەوە، دیارە ئەمانە بەشەرگەلێکن، کە خواردنیان، خواردنەوەیان، چوونە سەر ئاودەستیان، خۆشتن و حەمامیان، جل لەبەرکردنیان، شاییان، شینیان، ئەبێت جیاوازبیت لە خەڵک، چونکە ئەگەر وا نەبێتت ناتوانن ببنە بەو حوکمڕانە بەهێزانەی کە ماڵەکانیان، ویستەگەکانیان، ئۆفیسەکانیان دەبن بە جێگە و شوێنی زیارەتی سەرۆکە گەورەکانی دنیا، ئەو سەرۆکانەی لە ڕۆژنامەوانیەکانیانەوە زۆر جار هێندە بە سەیر باسی خەرجی ڕۆژانە و سەفەرەکایان دەکرێت، کە جێگەی گاڵتەپێکردنە. ئاخر مەلیکی سعودیە کە سەفەر دەکات بۆ وڵاتێک، لە پێش سەفەرکردنەکەیەوە بە سەدان ملێون دۆلار بۆ نیشتەجێبوونی خەرج دەکرێت.

لەم ماوەیەدا شتی سەیر و سەمەرە باس کرا لەسەر ژیانی تایەبەتی ژنە لەچکبەسەرە ئیسلامییە لە خواترسەکەی هاوسەری ئەردۆغان، کە چایەک دەخواتەوە کیلۆی بە دوو هەزار یۆرۆیە. دیسان بە جۆرێک باسی ژیانە پڕ لە نهێنیەکەی پۆتین کرا، کە هەر بۆ گاڵتەپێکردن باشە، تەنانەت ئەو ئاودەستەی گووی تێ دەکات، لە ئاڵتوونی عەیارە ٢٤ دروستکراوە. ئێ خۆ بە چاوی خۆشمان بینیمان، ئاودەست و حەمام و دەستشۆر و تفەنگ و دەمانچەکانی سەدام حسەین، لە ئاڵتوون دروستکرابوون.

کەسێکی نزیک لە کارەکترێکی(سیاسی)ەوە بۆی گێڕامەوە، کە ئەم کارەکتەرە سیاسیە، شەوانە ئەوەندە دەخوات، ئەوەندە دەخواتەوە، ئەوەندە دەکاتە کایەنی ورگێوە، هەموو شەو دەبێت دەست بکات بە سۆدە خواردنەوە تا دەڕشێتەوە و خواردن و خواردنە زیادەکە هەڵدێنێتەوە، یەع لەو ژیانە نهێنێە ناشیرین و دزێوە، کە لای خەڵکی سادە و ساکار بووە بە ئەفسانە و خەیاڵێکی قوول، چونکە پەنهان و نەزانراوە. هەر بۆ نوکتەش، ئەو کەسەی ئەمەی بۆ گێڕامەوە، خودی خۆی هێندە شەیدای ئەم زۆرخۆرە ناشیرینە ورگزلەیە، نەوەیەکی بە ناوی ئەوەوە ناوناوە. سەیرە! لەلایەکەوە گاڵتەی پێدەکات و لە لایکەوە شەیدایەیت.

بەڵام هەمان سیاسی و خاوەن بڕوانامە و دەوڵەمەندانی کۆمەڵگە و وڵاتانی پیشکەوتوو هیچ جۆرە نهێنیەکیان تیا نییە، سادە و ساکار وەک خەڵک دەژین، تەنانەت لە شارێکدا، لە قەزایەکدا، لە ناحێیەکدا، خەڵکی پێویستی بەوش نیە ناوی سەرۆکی یەکە ئیداریەکە بزانێت، چونکە هیچ جۆرە خەیاڵێکی سیحراویان لە خۆیاندا دروست نەکردووە تا خەڵک بیانکات بە مەعشوق و عاشقی ژیان و نهێنیەکانیان بێت، هیچ جۆرە دەسەڵاتێکیشیان لە دەرەوەی دەستور و سیستمی بەڕێوەربردن نییە، بە هیچ جۆرێکیش ناکەونە سەروو یاساوە، وەک هەرچ هاوڵاتیەکی دیکە یاسا بەسەریاندا جێبەجێ دەکرێت. لە مەڕ خۆمان و وڵاتانی پڕ لە کولتووری سیاسیی و کۆمەڵایەتی دواکەوتوو، حوکمڕانەکان وەک سەرۆکی خێڵ ناندەرن، هێزی ئابوورین، لە جیاتی یاسا و دەستور پارێزەری خەڵکن، ژیان و مردنی خەڵکیان بە دەستە، خاوەنی هێزی میلیشیایین، وەلێ لەوێندەر و لە وڵاتانی پێشکەوتوو سیستمی دیموکراتی حوکمڕانە نەک خێزانی خێڵەکی و سیاسی. بۆیە کاتێک کەسێک کە دەبێت بە سەرۆکی حکومەت، دەبێت ماڵی بگوێزێتەوە بۆ ئەو خانووە تایبەتەی بۆ هەرچ  کەسێک کە دەبێت بە سەرۆکی حکومەت، کە ماوەی سەرۆکایەتیەکەشی تەواو دەبێت، دەست بەجێ بە گوێرەی یاسا بەجێی دەهێڵێت. لەم ڕۆژانەدا سەرۆکی وەزیرانی دانمارک پیشاندرا، کە چۆن بە دەستی خۆی گیای حەوشەکەی خۆی دەبڕێت.

جیهاد موحەمەد

٢٩/٠٧/٢٠١٩

تایبەتمەندییەکان: وتارو بیروڕا

زیادکردنی وەڵام