ئه‌حمه‌د نه‌سین، رۆژنامه‌نووسى تورکى بڕیاریدا واز له‌ پاسپۆرته‌که‌ى بهێنێت وه‌ک ناڕه‌زایه‌تییه‌ک به‌رامبه‌ر نه‌بوونى ئازادى ڕۆژنامه‌گه‌رى له‌ وڵاته‌که‌ى.
به‌پێى هه‌واڵێکى ڕۆژنامه‌ى زه‌مانى تورکی، ڕۆژنامه‌نووس ئه‌حمه‌د نه‌سین بڕیاریداوه‌ واز له‌ پاسپۆرته‌ تورکییه‌که‌ى بهێنێت و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش داواکاریه‌کى پێشکه‌ش به‌ لایه‌نى په‌یوه‌ندیدار کردووه‌ که‌ پاسپۆرته‌که‌ى نه‌ده‌نه‌وه‌ وه‌ک ده‌ڕبرینى ناره‌زایه‌تى دژى پاکتاوکردنى ڕۆژنامه‌نوسان له‌ وڵاته‌که‌دا.
ئه‌حمه‌د نه‌سین ساڵى ٢٠١٦ له‌لایه‌ن حکومه‌تى تورکیاوه‌ ده‌ستگیرکرا به‌تۆمه‌تى به‌شداریکردن له‌ که‌مپینێکى هاوخه‌مى و پشتگیریکردنى ڕۆژنامه‌ى (ئووزگور گونده‌م- به‌رنامه‌ى ئازاد) که‌ له‌ ساڵى ٢٠١٦ له‌لایه‌ن حکومه‌تى تورکیاوه‌ داخرا.
هه‌رچه‌نده‌ ئه‌حمه‌د نه‌سین ١٧ى ته‌مموزى ٢٠١٩ له‌گه‌ڵ دوو هاوپیشه‌ى تریدا له‌ دادگا بێ تاوان ده‌رچوون و ئازادکران، به‌ڵام پاسپۆرته‌کانیان تا ئێستا پێ نه‌دراوه‌ته‌وه‌.
هه‌روه‌ها ڕۆژنامه‌نوسه‌ تورکییه‌که‌ ده‌ڵێت: “هێشتا پاسپۆرته‌که‌م وه‌رنه‌گرتوه‌ته‌وه‌ ئه‌مه‌ش پێموایه‌ قۆرغکردنى دیموکراسییه‌ بۆیه‌ داواکارى پیشکه‌ش ده‌که‌م بۆ بێ به‌ریبوون له‌ ڕه‌گه‌زنامه‌که‌م”.
ڕۆژنامه‌ى ئووزگور گونده‌م ڕۆژنامه‌یه‌کى ڕۆژانه‌ى زمان تورکى بوو، به‌ڵام به‌شێک له‌ ستافه‌که‌ى کورد بوون .
ڕۆژنامه‌که‌ له‌ساڵى ١٩٩٢ دامه‌زراوه‌ و  به‌وه‌ ناسراو بوو  به‌رگرى له‌ مافى کورد ده‌کرد که‌ زۆربه‌ى بابه‌ته‌کانى ته‌رخانکرابوو بۆ ناکۆکى تورک و کورد، زۆرجاریش به‌تۆمه‌تى هه‌بوونى په‌یوه‌ندى به‌ په‌که‌که‌وه‌ حکومه‌تى تورکیا سزاى داوه‌، تا له‌ساڵى ٢٠١٦ به‌فه‌رمى بڕیارى داخستنى ده‌رکرد.
دواى بڕیارى داخستنى ڕۆژنامه‌که‌، ٥٦ ڕۆژنامه‌نوس و چالاکوان به‌شداریانکرد له‌ که‌مپینێکى پشتگیرى له‌ ڕۆژنامه‌که‌وه‌ و ئه‌حمه‌د نه‌سین وه‌ک پشتیوانییه‌ک بۆ ماوه‌ى ڕۆژێک وه‌ک سه‌رنوسه‌رى سیمبولى ڕۆژنامه‌که‌ خۆى ناساند.
له‌و ٥٦ که‌سه‌ ٤٩ که‌سیان رووبه‌ڕووى تۆمه‌تى جیاجیا بونه‌ته‌وه‌ و ٣٨ که‌سیان به‌تۆمه‌تى به‌شداریکردن له‌ هه‌ڵمه‌ته‌که‌دا و “پشتگیریکردن له‌ ڕێکخراوێکى تیرۆریستی” دادگایى کران.
٣١ که‌سیان که‌ دادگاییان کۆتایى پێ هاتووه‌، چوار که‌سیان ئازادکران و ئه‌وانى تریش که‌ ٢٧ که‌سن به‌کۆى گشتى  سزاى ٢٤ ساڵ زیندانى و ١٠ هه‌زار و ٥٠٠ یۆرۆ بژاردنیان به‌سه‌ردا سه‌پێنراوه‌.

کاکه‌لاو عه‌بدوڵا

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام