کێشەی ئێمە ئەوەیە هێشتا لەئاستی هەواڵدا زانیاریمان نیە، دەکەوینە تۆمەت بەخشینەوە، بەشێکی زۆری ئەو نووسینانە خۆیان لەنێوان “دۆست” و “دوژمن”، ستایش و سەرزەنشت کردن، لایەنگیری هەر یەک لەو دوو مرۆڤە.
رامانێکی باشترمان پێویستە، تا لەئاستی کاری وادا نیگەران بین نەک دۆست، نائومێد بین نەک دوژمن، واز لە هێمنی ولەسەرخۆیی سۆرانی ماڵی وەفایی بێنین، تا ستایشی جوانی ئەو کوڕە نەکەین کە هاوڕێ و خۆشەویستی هەموومانە، با بەهۆی ڕەفتارەکانی ئەم دواییەی د. فەرهاد پیرباڵ نەکەوینە سەرزەنشت کردنی، ئەو دنیایەک بوێرو جوانی لەئەدەبیات بەخوێنەر بەخشیووە، لەدەرەوەی ئەو دوو وێنەیە، دەبێت ڕووداوەکە بخوێنینەوە، ئەوەی ماڵی وەفایی دەسووتێنێت، فەرهاد پیرباڵ دەستگیر دەکات، ئەو ئاکاری دەسەڵاتەی دەزانێت چۆن دژی کتێب و نوسەرەکان ڕەفتار بکات، بەهێمنی دەچێتە نێو ئەو پەیوەندیە، تا هەندێکمان بڵێین ئەوە گەڕانەوەی مافی نووسەرە، بۆیە ماڵی کتێب دەسووتێت، هەندێکیش دڵخۆش بین، چونکە نوسەرێکی شێت دەستگیر کراوە.
روانین لەو دوو پۆرترێتە لەڕاستیدا نیگاکردنە لەوێنە ڕاستەقینەکەی ئەو دیو پۆرترێتی دەسەڵات، ئەوە گومان کردنە لەو دوو پۆرترێتە.. ماڵی سوتاو و نوسەری دەستگیر کراو، لەپشت تاوانبار و بێتاوان، گوناهبارێک هەیە پۆلینکاری دەبەخشێت، یەکێکیان ماڵ سووتاو ئەویتریشیان ماڵ سوتێنەرە، من ناچارم بۆ قسەکردن لەو بابەتە ماندووتان بکەم، سنوری ئاستی هەواڵی و پۆستی فەیسبوکی ببەزێنم و لەسەر چەند ئاستێکی ئەو ڕووداوە بووەستم، دەشێت ئەوە زۆرینەی هاوڕێکانی نێو ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتیە بێزار بکات، چونکە ڕەنگە بیانەوێت منیش وەک ئەوان بەدێرێک بۆچونی خۆم بخەمە ڕوو، بەڵام هەرزوو ئەو چاوەڕوانیە دەمرێت، تەنیا ئەوانە دەتوانن لەگەڵم بەردەوام بن، کە توانای گومانیان هەیە لەئاستی یەکەم کە ئاستە هەواڵیەکەیە، لەو دوو پۆرترێتە کە تەواوی تویت و پۆستی لاپەرەکانی داگرتووە، دەمەوێت گومان بکەم، گومانێک هەر لەسەرەتاوە باسم لەوە کرد کەبۆچی هەلساون بەکارێکی دوو لایەنە نوسەرێکتان دەستگیر کرد و ماڵێک لە کتێبتان سووتاندووە.
فەرهاد پیرباڵ ئەو نووسەرە سریالیە کوردیەی هەر لەسەرەتاوە وێنەیەک پێک دێنێت کە پێکهاتێکە لەدادایزم و سوریالیزم، کۆمەکی بەشێک لەشێوەکاران دەکات بۆ کردنەوەی پیشانگاکان و تەنانەت دامەزراندنی دەستەی تەم بەجۆرێک لەجۆرەکان جۆرێک بوو لەکاریگەری ئەو، سەرباری ئەوەی وێنەی ڕوونی خۆی لەڕێگەی شیعر و چیرۆک لەلایەک و دەرکردنی گۆڤاری وێران لەلایەکیتر سەرەتای خستنە ڕووی دنیای ئەوە وەک نووسەرێک، ئەگەرچی ئەو بەر لەو وێنەیە وەک نووسەرێک لەئەوروپا دەردەکەوێت، هەروەها چەند تێکستێکی شانۆییش دەنووسێت، بەواتای ئەو دەیەوێت گەشە بەو وێنەیە بدات کە بڕوای پێیەتی، ئەگەرچی من وەک خۆم ئارەزووی جۆری نووسینی ئەو نەکەم، دەشێت ئەوە پەیوەست بێت بەچێژی ئەدەبیەوە، بەڵام ناکرێت گرنگی ئەو وەک نووسەرێک فەرامۆش بکەم، ئەو وێنەیە لەهەر ئاستێکدا بێت دەپەڕێتەوە ناو جۆرە پەیوەندیەک.
دیارە حزب لەدنیای ئێمەدا دەستی بەسەر زۆر شتدا گرت، ئەو مەترسیەی هەمیشە ئاماژەم بۆی کردووە کە دەبێت بترسین، بەئاگا بین دەست بۆ سەر گەنجینیەی خەیاڵ و بیرکردنەوەماندا نەگیرێت، حزب بۆ ئەوەی هونەر بێ بەها بکات کۆمەکی فەرهادی کرد تا پیشانگا بکاتەوە و خۆی بە هونەرمەندێکی داهێنەر ناو ببات، ئەوە سەرەتای ئەو مەترسیە بوو پێشتر لەڕێی وتارێکەوە ئاماژەم بۆی کردووە، ئەو ترسە پەیوەستە بۆ بێبەهاکردنی هونەر لەلایان حزبی کوردیەوە، تا پێمان بڵێت ئەوەی تۆ بە گرنگی دەزانیت من لەساتەوەختێکدا کێم بووێت دەیکەم بەهونەرمەند و بەسەر تۆش دەیسەپێنم، ئەو وێنەیە گەشە پێ دەدات تا سەرەنجام ئەو نووسەرە لەدنیای خۆیەوە لە نووسەرێکی سریالیەوە دەگۆڕدرێت بۆ مرۆڤێکی سریالی، ئەو پەڕینەوەیە ستراتیژێکی دەسەڵاتە لەبەرامبەر مەعریفەدا، ڕێک هەر ئەوەی مەبەستە دەسەڵات، مەعریفە بگۆڕێت بۆ ئاستی کارەکتەر، تا سەرەنجام لە هونەرێکەوە بپەڕێتەوە بۆ کارەکتەرێک، کە ئەو وێنە سریالی بوونە ناوزەد بکات بەشێت، ڕێک ئەوە ئەخلاقی دەسەڵاتە لەبەردەم مەعریفە، بۆیە لەو ساتەدا دەستبەرداری کۆمەکە ئایدیۆلۆژیەکەی نابێت، تا هەموو پاڵپشتێکی بۆ دەخاتە ڕوو.
بەوەی ئەو مادام خاوەن مەعریفەیە دەبێت ڕۆشنبیر لەوێنەی ئەودا بەرجەستە بێت، ڕاستیەکەی دەسەڵات دەیەوێت ڕۆشنبیر کە خاوەنی مەعریفەیە لەوێنەی شێتێک بۆ کۆمەڵگا بەرجەستە بکات، لێرەدا دەپرسین: دەسەڵات عاقڵە؟ عەقڵ لەلای دەسەڵاتە؟ ئەی ئەو عاقڵانە هەمیشە لەناو خۆیان شەر لەسەر سامان و ژن و میرات ناکەن؟ ئەو پرسیارانە بۆ دەسەڵات دەگۆڕم بە پرسیارێکیتر: ئێوەی عاقڵ شێت نین؟
قسەکردن لەپەیوەندی نێوان عەقڵ و شێتی وەستانە لەبەردەم گومان لەکۆی بیرکردنەوە وێرانکاریەکانی دەسەڵات بۆ کۆمەڵگا، دەسەڵاتێک سەرەنجام کۆمەکی نوسەرێک دەکات تاوەکو کتێبخانەیەک بسووتێنێت، گەر دەپرسین باشە ئەوە یەکێک لەنووسەرە ناودارەکانی ئێمەتان شێت کرد.. ئەوەی ویستان بۆ شکاندنی وێنەی ڕۆشنبیر کردتان، ئەی بۆ ماڵی وەفاییتان سووتاند؟
لەڕاستیدا کێشەکە لەوێدا نیە، ئاخۆ سۆرانی ماڵی وەفایی پاداشتی کتێبەکانی داوە بە فەرهاد یان نا، بەڵکو کێشەکە لەوێدایە ئەو دەسەڵاتەی وێنەی ڕۆشنبیر بۆ کۆمەڵگا وەک شێت بەرجەستە دەکات، دەسەڵاتێکە خاوەنی مەعریفەی تۆقێنەرانەیە، بۆیە دەزانێت کتێب و کتێبخانەکان دوژمنی سەرسەختی ئەون، دەبێت تەواوی کتێبخانەکان بسووتێن تا تەمەنی ئەو درێژ بێت، لێرەوە هەموو ئەوانەی باس لەکارێکی باش دەکەن کە کتێبەکان بسووتێن، لەڕاستیدا بەئاگایی یا بە نائاگایی بەشداری لەپلانێکی داڕێژراوی دەسەڵات دەکەن، تۆ گەر پێت وایە کتێب دوژمنتە، دڵت بە سووتانی کتێبخانەکان خۆشە دەی خۆ هەر درێژکراوەی عەقڵیەتی ئایدیۆلۆژی ئەو دەسەڵاتەیت.
لێرەوە ڕوانینی من بۆ ئەو رووداوە زادەی تێگەیشتنە لەپەیوەندیەک کە ئەمڕۆ نیە خوازیارن ماڵی وەفایی دابخەن، بەبەڵگەی ئەوەی چەند ساڵێکە بەناوی وەرگرتنەوەی شوێنەکە دەیانەوێت لێیانی وەربگرنەوەو بیکەن بە کافتریای نێرگەلە کێشان، بۆ ئەوەی گەنجان نەخوێننەوەو سەرگەرمی کافتریاو نێرگەلە و کچە عەرەب بن، چونکە تا ئەو وێنەیە هەبێت تەمەنی دەسەڵات درێژتر دەبێت، ئەوە کتێبە نائومێدمان دەکات، وا دەکات بە ئومێدە ساختەکانی دەسەڵات فریوو نەخۆین، ئەودیوو بە ڕوناکی نەبینین، بەڵکو بزانین لەودیوو تاریکی هەیە، ئەوە کتێبە ئومێدەکان دەخاتە ناو گومانەوە، بۆیە دەسەڵات کاری بەوەیە کتێبخانەکان بسووتێنێت، سەرەنجام نووسەرەکانیش بەتۆمەتی سووتاندن دەستگیر بکات، تاوەکو بلێت “ئەها خۆیان لەگەڵ خۆیان ڕێک ناکەون.. من چیبکەم، خۆ دەبێت یاسا پەیڕەو بکەم” ئەو دەنگە گاڵتە جاریەی دەسەڵات، هیچ نیە جگە لەبێبەهاکردنی مەعریفە لەعەقڵی خۆیدا، بەڵام هەمیشەش لەو ترسە دەژیێت، مەعریفە بێتە.
Shwana Jurnalist 2
ڕۆژنامەنووس : شوانە حەسەن ئەبوبەکر
تایبەتمەندییەکان: وتارو بیروڕا

زیادکردنی وەڵام