سەرەڕای بەرهەڵستیەكانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا، حكومەتی ئەنقەرە بەشی یەكەمی سیستمی موشەكی ئێس-400ی روسی بەدەستگەشت، پێشبینیشدەكرێت ئەو هەنگاوە كاردانەوەی ویلایەتە یەكگرتوەكانی لێبكەوێتەوە.

ئەمڕۆ هەینی، وەزارەتی بەرگری توركیا لە راگەیەندراوێكیدا بڵاویكردەوە “سەرلەبەیانی ئەمڕۆ بەشی یەكەمی سیسیتمی بەرگری ئێس-400ی روسی گەیشتوەتە وڵاتەكە، كە بڕیار وایە بە چەند قۆناغێك ئەو سیستمە بە تەواوی وەربگرێت”.

ئەو هەنگاوەی توركیا پێدەچێت ببێتە هۆی توڕەبونی واشنتن و كاردانەوەی لێبكەوێتەوە، لەكاتێكدا چەندین جار لەماوەی رابردودا هۆشداریداوەتە توركیا، كە ناكرێت پێكەوە هرەدو سیستمی موشەكی ئێس-400ی روسی و سیستمی بەرگری فڕۆكەی ئێف-35ی ئەمریكی هەبێت.

هەریەك لە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا و توركیا ئەندامی هاوپەیمانی باكوی ئەتڵەسین (ناتۆ)،بەڵام لە ماوەی رابردودا توركیا پەیوەندی نزیكی لەگەل روسیادا بەستوە.

وەرگرتنی بەشی یەكەمی سیستمی ئێس-400ی روسی لەلایەن ئەنقەرەوە لەكاتێكدایە، توركیا لەسەر كڕینی 100 فڕۆكەی بەرگری جۆری ئێف-35ی ئەمریكی واژۆی كردوە، بۆ ئەو مەبەستەش پارەیەكی زۆری داوەتە ویلایەتە یەكگرتوەكان.

هاوكات بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری ویلایەتە یەكگرتوەكان رایانگەیاندوە، نایانەوێت فڕۆكەی ئێف-35 نزیك بێت لە موشەكی ئێس-400ی روسی، چونكە مەترسی ئەوە هەیە تەكنیكیە روسیەكان بتوانن درك بە نهێنیەكانی فڕۆكەی ئێف-35ی ئەمریكی بكەن.

پێشبینی ئەوەدەكرێت ئەو پێشهاتانەی ئەمدواییە، لەنێوان واشنتن و ئەنقەرەدا ببێتە هۆی ناكۆكی ئاڵنگاری، كە هەردو وڵاتەكە ئەندامی هاوپەیمانی ناتۆ-ن و تا ئێستاش هیچ هاوپەیمانێكی ناتۆ چەكی لە روسیا نەكڕیوە.

لە ئێستادا ویلایەتە یەكگرتوەكان بە شێوەیەكی فەرمی رادەستكردنی فڕۆكەی ئێف-35ی بە توركیا راگرتوە و مەشقكردنی بە فرۆكەوانە توركەكان بۆ ئەو مەبەستە هەڵپەساردوە.

لە هەمانكاتیشدا، بە شێوەیەكی تەواوەتی لابردنی ئەنقەرە لە سیستمی ئێف-35،  پلان و نەخشەرێگا لە ئارادایە، لەكاتێكدا دروستكردنی بەشێك لە پارچەكانی ئێف-35 لەو وڵاتەدا دروستدەكرێ و بڕیاروابوە ببێتە ناوەندێكی ناوچەیی بۆ دروستكردنی فڕۆكەكە.

وادەردەكەوێت رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا بڕوای وابێت سەرەڕای هۆشداریەكانی وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتوەكان (پێنتاگۆن)، دۆناڵد ترەمپ-ی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا كەمتر توندئاژۆیە بەرامبەر كڕینی ئێس-400 لەلایەن ئەنقەرەوە.

ئاماژە بەوەشكراوە، لە ئێستادا ژمارەیەك تاقیكردنەوە و لێكۆڵینەوە لەنێوان هەریەك لە حكومەتەكانی واشنتن و ئەنقەرەدا هەیە.

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام