فره‌ژنی  له‌ نێو هه‌ندێك گروپی جیا جیایی خه‌ڵكدا باوه‌و دیارترین و قێزەون ترینیان و  ناشیرین ترینیان فره‌ژنی دینی ئیسلامه‌، چونكه‌ به‌ پێی ئایه‌تی قورئان و شه‌ریعه‌تی ئیسلامی حه‌ڵاڵ كراوه‌. له‌ سوره‌تی نیسائدا، بە پیت و دێڕ ده‌ڵێت: پیاو ده‌توانێت دوو ژن و سێ ژن و چوار ژن بهێنێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ترسان له‌وه‌ی نه‌توانن هاوسه‌نگی له‌ نێوانیانیدا درووست بكه‌ن، ئه‌وه‌ ته‌نها یه‌ك ژن به‌سه‌. چوار ژن بۆ پیاوێك له‌ نێو موسوڵماناندا، ڕیفۆرم بووه‌و سودی هەبووە بۆ ١٤٠٠ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر. ئەوکات بۆ ئه‌وه‌ بووه‌ پیاوه‌كان ماڵی له‌ش فرۆشی و هه‌ڕاج كردنی ژنان دابخه‌ن و به‌ حەڵاڵ و به‌ یاسای دینه‌كه‌یان، له‌ چوار ژن زیاتریان نه‌بێت.
قسه‌ی زۆر و ڕەخنەی له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ بۆچی چوار ژن حه‌ڵاڵه‌ بۆ یه‌ك پیاو، به‌ڵام ده‌رچوونی ژن به‌ بێ پرسی مێرده‌كه‌ی حه‌رامه‌؟ دەیان و سەدان کتێب و بابەت و لێکۆڵینەوەی ڕەخنەیی لە سەرجەم کتێب و ئاینەکان هەیە، بەڵام من شیكه‌ره‌وه‌ی قورئان و ئینجیل و ته‌ورات نیم و كاریشم پێیان نیه‌، هێنده‌ ده‌زانم ئیتر ئێستا له‌ دونیایی ئه‌مڕۆدا، كار كردن و جۆری ژیان كردن به‌ پێی ده‌قه‌ ئاینیە‌كان، هەڵەیە و نه‌گونجاوه‌ له‌ گه‌ڵ ئه‌م هه‌موو پێشكه‌وتنه‌ ئابووری و كۆمه‌ڵایەتەیانەدا.
لە مێژووی کۆنی وڵاته‌ ڕه‌ش و ڕووته‌ عه‌ره‌بیه‌كاندا، جگه‌ له‌ بازرگانی و چه‌ته‌گه‌رایی و قاچاخچێتی، هیچ كار و كه‌سابه‌تێكی دیكه‌ نه‌بووه‌ پیاوه‌كانیش بیكه‌ن نه‌ك ژنه‌كان، بۆیه‌ هه‌مووی به‌ كۆمه‌ڵ ژیاوه‌. پیاوێك ده‌یان ژن و سه‌دان منداڵی به‌خێو كردووه‌، بێجگه‌ له‌وه‌ی به‌ ئاره‌زووی خۆی هەر کات ویستبێتی له‌ گه‌ل یه‌ك له‌ ژنه‌كان سێكسی كردووه‌، هاوكات هه‌موویانی به‌ خێو كردووه‌.
له‌ دونیایی عه‌ره‌بی كۆندا،  ژن هیچ  ئه‌رك و فرمانێكی نه‌بووه‌، لە بە خێو کردنی منداڵ و ئەرکی ماڵ زیاتر. لە زۆر کۆمەڵگا ئیسلامیەکاندا و بە کوردستانیشەوە، تا ئێستا هەمان باوەڕ بە ڕەوا دەبینرێت وژن بە خۆڕایی و بێ بەرامبەر دەکرێتە خزمەتکاری مێرد  و دایەنی منداڵ. ئەڵبەت ئەوەی لە کوردستان بە ڕەوا دەبینرێت، لە دەرەوەی کوردستان حەقیقەتی جۆری ژیان کردن شتێکی دیکە دەسەپێنێت، ئەویش ئەوەیە ئەگەر ژنەکان وەک پیاوەکان کار نەکەن و هاوبەش نەبن لە هێنانی داهاتێک بۆ ماڵ، ئەوە ژیان ناگوزەرێت و هەموو شتەکان قورس و زەحمەتەن، پیاو بە تەنها بتوانێت جێ بە جێی بکات. بۆیە هەموو ئەو پیاوانەی ڕێگرن لەوەی ژن خۆی داهاتی خۆی هەبێت، ئەوە لە دەرەوەی کوردستان شەڕ دەکەن لە گەڵ ژنەکانیان ئەگەر نەتوانن مانگێک بچنە سەر کارەکانیان.
هەر لە دونیایی پێشووی عەرەبدا، كچی بنه‌ماڵه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان بە جیا لە هەموو ژنانی تری خێڵ و خێزانەکانی عەرەبی، هه‌مان بازرگانی و قاچاخچێتیان كردووه‌. بۆ نموونه‌ خه‌دیجه‌، یه‌كه‌م ژنی پێغه‌مبه‌ری موسوڵمانان، یه‌ك له‌ ژنه‌ هه‌ره‌ ده‌وڵه‌مه‌ند و ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی ئه‌وكات بوو.
پیاوانی موسوڵمان هەر بە پێی ئایەت و فەرموودەی چوار ژن حەڵاڵە و ئەگەر نەتانتوانی هاوسەنگی لە نێوانیاندا درووست بکەن ئەوە یەک بەسە، لەو مێژووە بە دوا، بە مافی شەرعی خۆیانی دەزانن، چەند ژنێک لە ماڵەوە ببەستنەوەو هەر کات زەوقیان لە کامیان هەبوو، بڕۆن لە گەڵی بخەون. دیارە پیاوانێکی زۆری موسوڵمان هەن، باوەڕیان بە فرەژنی نیەو لە یەک ژن زیاتریان نەهێناوەو نیە، بەڵام هیچ کات ناوێرن ڕەخنەی لێ بگرن، چونکە لە قورئاندا نووسراوەو دەترسن لە خودای خۆیان و ناتوانن وەک کارێکی خراپ باسی بکەن.
من لەوەتای هەم چەندین پیاوی موسوڵمان تەکلیفی هاوسەرگیری و پەیوەندی خۆشەویستیان لێ کردووم، بەڵام هەرگیز جورئەتی ئەوەم  نیەو نەبووە، بیر لە پەیوەندی بەستن لە گەڵ هیچ پیاوێکی موسڵمانادا بکەم، چونکە ئەگەر منیشی زۆر خۆش بوێت، ئەوە دینەکەی ڕێگەی پێ دەدات، هەرکات داهات و پارەی زۆری هەبوو، ئەوە هەر بۆ حەزی خۆی، ژنێکی دیکەش بهێنێتە سەر جێگاکەم ، یان لە ژوورێکی تر، یان لە ماڵ و شارێکی تر. جا ئەوکات، ئەگەر خۆشم ئاگام لێی نەبێت، ئەوە کچەکەم تا نەیخاتە زیندان وازی لێ ناهێنیت، چونکە بیر کردنەوەی دایکی و پەروەردەو خوێندنی دەرەوەی کوردستان فێری ئەوەی کردووە، لە ناحەقی بێدەنگ نەبێت.
لە کوردستاندا بە پێی شەریعەتی ئیسلامی و بە پێی یاسای نوێی پەرلەمان، ئەگەر ژنی یەکەم ڕازی بوو، ئەوە پیاو دەتوانێت ژنی دووهەم بهێنێت. بۆ منێکی فێمینست، چەندە پیاوەکە لەو پڕۆسەیەدا تاونابارە، هێندەش ژنی یەکەم و ژنی دووهەم و خێزان و هاوڕێ و دۆستەکانیشیان کە پێرۆزبایی و موبارەکە بوونی خۆیانی بۆ ڕادگەیەنەنن، هەموو تاوانبارن. تاوانبارن، بەوەی دوو ژن دەخەنە خزمەتی پیاوێکەوەو حەز و بۆن و باوەش و هەموو هەستەکانی دوو ژن، دەکرێت بە موڵکی یەک پیاو. ئینجا ئەگەر ژنی دووهەمیش ڕازی بوو، ئەوە هەمان پڕۆسە بەردەوام دەبێت! ئەو خەڵکانە تاونبارن بەوەی، جۆرێک لە خێزان و جۆرێک لە منداڵ پەروەردە دەکەن، کە سێکس تێیدا تەنها بابەتی گرنگ و تاکە  شتێکە کە باوکیان لە گەڵ دایکەکانیان کۆ دەکاتەوە. ئەو خەڵکە جۆرێک لە خێزان درووست دەکەن، کە منداڵ تێیدا هیچ جۆرە نرخێکی نیە. هیچ کەس لەو پڕۆسەیەدا ناچێت پرس بە منداڵەکان بکات، کە ئایە ئێوە ڕاتان چیە، وەک ئەوەی منداڵ تەنها ئیشی نانخواردن و خەوتن بێت و تەواو. ئەو خەڵکە تاوانبارن بەوەی، تەنها بە خاتری حەزی پیاوێک، چەندین ژن و منداڵ تووشی باری دەروونی خراپ دەکەن و دەیان کێشەو گرفتی ئیرەیی بردن لە یەکتر و شەڕو ئاژاوە، لە نێوان ئەو خێزانانەدا درووست دەبێت. لە کاتی هەر شەڕ و ئاژاوەیەکیشدا، تەنها ژنەکان و منداڵەکان زەرەر دەکەن، چونکە پیاوەکە هەر کە زۆر ناڕەحەت بوو، دەڕواتە دەرەوەی ماڵ و لە باوەشی ژنێکی دیکە، یان بە ڕابواردنی خۆی لە گەڵ هاوڕێکانی، خەمی خۆی بە با دەکات و ئەوانی تریش بەدەرەک!
بە باوەڕی من، فرەژنی جگە لەوەی تاوانە، بێ ڕیزیشە هەم بە ژن و هەم بە پیاو، چونکە تەنها هۆکاری فرەژنی لە دونیایی ئەمرۆدا سێکسە، نەک وەک پێشتر کە هۆکاری سەرەکی باری ئابووری خەڵک بووە. لە کاتی ئێستادا، پیاو کە ژنی دووهەم دەهێنێت، بێگومان دەبێت لە ژنی یەکەمی گەنج تر و جوان تر و کچیش بێت و شووی تری نەکردبێت. ئیتر خۆ ڕەنگە هەموو ئەو ژنانەش داهاتی ئابووری خۆشیان هەبێت، کەوایە بابەتەکە تەنها سێکسەو هیچی تر. ئەمەش بە ئاشکرا دەوترێت و باسی دەکرێت، بۆ نموونە دەڵێن: چەند ژنە لە کاری بێڕەوشتی باشترە، ئەمە بە جیا لەوەی خەڵک چوزانێت ئەم پیاوە بێجگە لە بە خاوەن بوونی دوو ژن و سێ ژن، چی تر دەکات و شەوەکانی کە لە ماڵەوە نیە، لە کوێ گەرم دەکاتەوە! ئەسڵەن بێ ڕەوشتی چیەو چی لەوە بێڕەوشتی ترە باوکێک بە بەرچاوی منداڵەکانیەوە، هەر شەوەو لە باوەشی یەک لە ژنەکانی بێت!
بێڕەوشتی لەوە گەورە تر چیە، منداڵێک ببینیت باوکی هەر بۆ خۆشی خۆی، دایکی خۆی و ژنێکی دیکەشی لە ماڵەوە ڕاگرتووەو هەر جارەو دەچێتە لای دانەیەکیان! بێڕەوشتی ئەوکاتە دەست پێ دەکات، کە پیاوێک ژن و منداڵەکانی دەکاتە قوربانی حەز و ویستی خۆی. فرەژنی خۆی بۆ خۆی گەورە ترین بێڕەوشتیە، بۆیە ئەو پیاوانەی بانگەشەی ڕەوشت دەکەن، هەر ئەوکاتەی دەستی ژنی دووهەمی گرت و بردیە ژوورەوە ڕەوشت لە پەنجەرەی ژوورەکەی فڕێ دەداتە دەرەوە. هەر بۆیە فرەژنی چەندە بێ ڕێزیە بە ژن، هێندەش بە پیاو، چونکە وەک بوونەورێکی بێ ڕەوشت و گوێنەدەر بە دونیایی منداڵ دەری دەخات. فرەژنی، پیاو وەک کەسێکی گەمژەو بێ شعور پێناسە دەکات، کە کۆی خۆشی ژیان لە زیاتر سێکس کردن و  زۆترین کات لە سەر جێگا خەوتن پیناسە دەکات، تا ئەوەی خەریکی بەشەکانی تری ژیان و فێر بوون و پەروەردەی تەندرووستی منداڵەکانی بێت.
Shwana Jurnalist 2
شوانە حسن ابوبکر
تایبەتمەندییەکان: کۆمەڵایەتی

زیادکردنی وەڵام