لوتکەی شکۆمەندێتی نەچەمانەوەو خۆبەکۆیلەنەکردنە ،بۆ هیچ هێزێک ئینجا ئەو هێزە کۆمەڵگایی بێ،یان ئاسمانی. ئەهریمەن وەکئەوەی ئێمە لە ئەفسانە و چیڕۆکە دینییەکانەوە دەیخوێنینەوە یاخیبو و فەرمان شکێنێکە.بەڵام ئەو خۆی جەنگاوەر و شۆڕشگیری ڕەتکردنەوەی کۆیلایەتی و ژیانێکی ناشکۆمەندانەیە…
ڕەنگە کەسانێک بڵێن : هەبونی ئامادەیی کڕنۆش و چەمانەوە بۆ خوداوەند ،ئەهریمەن ناکەن بەشۆڕشگێر، دەکڕێ ئەمە خاڵی لاوازی شۆڕشگێرێک بن ،بەڵام وەک یەکەمین نا گوتن و یەکەمین ڕەتکەرەوە ،بەدڵنیاییەوە   شۆڕشگێڕە و مەشخەڵی ڕێی هەمو ئەوانەشە کە سیستەم و هێزە ستەمکارەکان تا ئاستی کۆیلەبون دایان بەزاندون.
ئەهریمە­ن ئەگەر لە ئایینە سامییەکاندا ئاماژەی پێدرابێ کە ئامادەگی چەمانەوە و کڕنۆشی تەنها بۆ خودا تێدابوە؛ئەوا سەرکەشی و بوێری ئەم جەنگاوەرە بە ڕەتکردنەوەو نەچەمانەوەی بۆ ئادەم ،تەنانەت گەر خوداش فەرمانیکردبێ و ویستی لەسەر بێ، دەکرێ وەکو یەکەمین ڕەتکردنەوەی سیستەم و دژوەستانەوە ببیندرێت، بەرامبەر هەر هێزێک کە داوای شتگەلێک لە ئەندامانی دەکات ،کە پێچەوانەی ویست و خواستیان بێ . دواجار با سەرکەشیی و بوێریی و یاخی بونەکەشی ،بە نەفرەتکردن و فڕێدانە دەرەوەی سیستەم کۆتایی پێبێ.
دەرکردن و فڕێدانەدەرەوەی سیستەم و نەفرەتلێکردنی ئەهریمەن؛ئەهریمەن ،دەکەن بە یەکەمین دژە سیستەم و خەباتگیری ئازادی و سەربەستی؛ شۆڕشگێڕێک هەر شتێک و هەر فەرمانێکی ناکۆک لەگەڵ ویست و شکۆ و ئاکاری خۆیدا ڕەتدەکاتەوە ،شایانی ئیلهام لێوەرگرتنە.  ئەگەر لە ئایینەکاندا شکۆی مرۆڤ لەوەدابێ بۆ هێزێک یان چەند هێزێک ملکەچ بکا و بچەمێتەوە؛ئەوا لە ئێستادا و بۆ مرۆڤی ئەمڕۆیی و هاوڵاتیێکی ڕەسەن و شکۆدار، هەنگاوی یەکەمی سەربەستی و ئازادی ،بەسەنتەربونی مرۆڤ و ئۆتۆنۆمی بونی ئاگامەندیەکەیەتی ؛باکۆنین گوتەنی:هەتا سەروەرمان لە ئاسمان هەبێت، لەسەر زەوی کۆیلە دەبین.
بۆ دورکەوتنەوەش لە سەروەری ئاسمان و کۆی ئەو” ئومێدە زڕ”و بێ بەرهەمانەی ئەودیو سروشت و ئاسمان ،تاکە ڕێگە دوبارە بارهێنانەوەی تاکەکەس و ئافرێدەکردنی بونێکی ڕەسەن و قەناعەت پێهێنانیەتی بەوەی کە چێژەکان لێرەن لە سەر زەوین،ئازادی و شکۆ و دادیی کۆمەڵایەتی لێرەن.
پێویستە هەر لێرەش سیستەمێکی کۆمەڵایەتی ـ سیاسی دادوەرانە بونیادبنرێت. لەم سۆنگەیەشەوە، ڕەوانییە هیچ شوێن و جێی تر،بۆ خۆشگوزەرانی بگەڕێین جگە لە زەوی. بۆ گەیشتن بەمەش :جگە لە دەستکاریکردنی ڕیشەیی ئەو ئایدیا و سەرمایە ڕەمزیانەی کە تاکەکەسیان لەم دونیایەدا نامۆکردوە چارەیەکی ترمان نییە.ئەگەرچی وزەو توانایەکی زۆری دەوێت بۆئەوەی مرۆڤی ئێمە دەستهەڵدەگرێ لە خۆبەکۆیلەکردن و ملکەچبون بۆ هەر هێزێکی کۆمەڵگایی و بانکۆمەڵگایی ؛ گەڕانەوەی بۆ خودی خۆیی و ئاشتبونەوەی بەخودی خۆیی و ئاشناکردنەوەی  بە زەوی  ؛دواجار له ڕیشەوە هەڵتەکاندن و خاپورکردنی هەمو ئەو ئایدیا و سەرمایە ڕەمزیی و هێزە ستەمکارانەیەی کە ملکەچی و بەکۆیلەبونی تاکەکەس دەکەنە پێوەری پێدانی، بچوکترین خزمەتگوزاریی و ماف و دادیی کۆمەڵایەتی و ژیانداریکردن لە چوارچێوەی ئەو سیستەم و دەزگایانەی کە ئافرێدەیانکردوە؛بەڵام پێویستە کارکردن بۆ ئەمە هەنگاوی لە پێشینەی هەر بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی،سیاسیی و ڕۆشنبیریی  بێت.
_ کاربین عەبدوڵڵا
تایبەتمەندییەکان: وتارو بیروڕا

زیادکردنی وەڵام