بەڕێوەبەرایەتی ناوەندی سوپای ئەمریكا رایگەیاند، ململانێی و پێكدادانی نوێ لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەرژەوەندی وڵاتەكەیاندا نیە، بەڵام لە هەمو هەلومەرجێكدا پارێزگاری لە بەرژەوەندیەكانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا دەكەن.

بەڕێوەبەرایەتی ناوەندی سوپای ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا شەوی دوێنێ پێنجشەممە، سەبارەت بە ناردنی كەشتیی جەنگی ئەمریكی USS بۆ شوێنی روداوەكەی كەنداوی عومان، لە راگەیەندراوێكدا رایگەیاند “رودانی هەر پێكدادان و ململانێیەكی نوێ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە بەرژەوەندی ویلایەتە یەكگرتوەكاندا نیە”.

كۆڵۆنێل ئێرڵ براون، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ناوەندی سوپای ئەمریكا لەوباریەوە وتی”ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا و سەرجەم هاوپەیمانانی لە ناوچەكەدا، بە مەبەستی بەرگریكردن لە خۆیان و بەرژەوەندیەكانیان تەواوی رێكارە پێویستەكان دەگرنەبەر” وتیشی “ئەو هێرشەی كرایە سەر كەشتیەكانی كەنداوی عومان هەڕەشەیەكی رونە بۆ سەر هاتوچۆی ئاوی نێدەوڵەتی و ئازادی بازرگانی”.

براون ئاماژەی بەوەشكرد “ململانێیەكی نوێ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەرژەوەندی ئێمەدا نیە، ئێمە پارێزگاری لە بەرژەوەندیەكانمان دەكەین بەڵام جەنگ لەگەڵ ئێران لە بەرژەوەندی ستراتیجی ئێمە و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشدا نیە”.

لە راگەیەندراوەكەی سوپای ئەمریكاشدا هاتوە “لە هەمو هەلومەرجەكاندا پارێزگاری لە بەرژەوەندیەكانی ویلایەتە یەكگرتوەكان دەكەن و بە مەبەستی پەوەیندكردن بە كەشتی نەوتهەڵگری ژاپۆنی كوكوكا كاریدجز، كە یەكێك بو لەو دو كەشتیەی هێرشیان كرایەسەر كەشتیە جەنگیەكەی ئەمریكا چوەتە كەنداوی عومان”.

بەپێی راگەیەندراوەكە “كەشتیە جەنگیەكەی ئەمریكا لە پەیوەندیەكی تۆكمەدایە لەگەڵ كەشتیە ژاپۆنیەكە و هیچ هەوڵێك نادات دەستێوەردان لە روداوەكەدا بكات”.

دوێنێ پێنجشەممە دو كەشتی نەوتی لە كەنداوی عومان بە ئامانجگیران و ئەو هێرشە بوە هۆی بەرزبونەوەی نرخی نەوتی خاوی جیهانی بە رێژەی لەسەدا چوار.

بەپێی زانیاریەكان، هێرشەكە لە رێگەی بۆمبێكی موگناتیسیەوە بوە و یەكێك لە كەشتیەكان بەهۆی ئەو هێرشەوە ژێرئاو كەوتوە، دواتریش ئێران رایگەیاند توانیویانە 44 كەس لە تیمی كەشتیەكان رزگاربكەن و دواتر گەیەندراونەتە بەندەری جاسك لە باشوری ئەو وڵاتە

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام