نەتەوە یەکگرووەکان رایگەیاند، نیگەرانە لەو راپۆرتانەی باس لەوە دەکەن، کە میلیشیا سودانییەکان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا دەستدرێژی سێکسییان کردووه‌تە سەر کچان و ژنانی خۆپیشاندەر و پەرستار و پزیشکانی ئافرەت، لەکاتی هەڵمەتێکی داپڵۆسینی خۆپیشاندەران لە خەرتوومی پایتەختی سودان.

برامیلا باتن، گەورە بەرپرسی نەتەوە یەکگرتووەکانی پەیوەست بە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی سێکسی رایگه‌یاند، “پێویستە بەخێرایی تیمێکی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بنێردرێت بۆ سودان بۆ لێکۆڵینەوە لەوەی لەوێ چی روودەدات، لەوانەش ئەو بانگەشانەی باس لە دەستدرێژی سێکسی بۆسەر خۆپیشاندەران دەکەن”.

باتن راشیگه‌یاند، “داوا دەکەم بەخێرایی هەموو جۆرە کردەوەیەکی توندوتیژی دژی خەڵکی مەدەنی بوەستێنرێت، لەوانەش توندوتیژی سێکسی”.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، نەتەوە یەکگرتووەکان لێکۆڵینەوە لەو راپۆرتانە دەکات کە باس لە لاقەکردنی خۆپیشاندەران دەکەن.

خۆپیشاندەران و دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ، هێزەکانی دەستتێوەردانی خێرا کە هێزێکی نیمچە سەربازیی ترسێنەرە تۆمەتبار دەکەن بەوەی لە 3ی حوزەیران دەستی بە هەڵمەتێکی داپڵۆسینی خۆپیشاندەران کردووە کە بەهۆیەوە دەیان خۆپیشاندەر گیانیان لەدەستداوە.

هەفتەی رابردووش لیژنەی ناوەندی پزیشکانی سودانی هێزە ئەمنییەکانی بەوە تۆمەتبار کرد کە هەڵمەتیکیان بۆسەر نەخۆشخانەکان دەستپیکردووە و لە نزیک بارەگای فەرماندەیی سوپاش چەندین ئافرەتیان لاقە کردووە.

دوای ئەوەی لە 11ی نیسان جەنەراڵەکانی سوپای سودان عومەر بەشیریان لەپۆستەکەی دوورخستەوە، لەوکاتەوە سودان لەلایەن ئەنجوومەنێکی سەربازییەوە بەڕێوە دەبرێت.

لەوکاتەوە خۆپیشاندەران لەدەرەوەی بارەگای گشتی سوپا لە خەرتووم بەردەوام بوون لە خۆپیشاندان و نارەزایەتییەکانیان و تێیدا داوایان دەکرد کە دەسەڵات رادەستی ئەنجوومەنێکی مەدەنی بکرێت، تا  رۆژی 3ی حوزەیران بەزەبری هێز بڵاوە بە خۆپیشاندەران کرا.

 

ئاکۆ علی

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام