بیرمە جارێک باوکم بۆی گێڕامەوە کەوا کاتی خۆی مام جەلال لەگەڵ نەوشیروان موستەفادا وەکو وەفد دەچنە وڵاتێک، مام جەلال بەقات و تەرتیبات و کاک نەوشیروانیش بەشێوەیەکی ئاسایی وەریگرتووە، مام جەلال بەکاک نەوشیروان دەڵێ: کاکە نەوە دەسێ بەخۆتا بهێنە ئێستا وادەزانن کورد هەمووی مردووە لە برسا، ئەویش دەڵێ: گەر سەیری تۆش بکەن وادەزانن هەرچی خێروبێری میللەتە سەرکردەکان دەیخۆن!
جا مەراسیمی سوێندخواردنی نێچیرڤانیش وایە، ئەو پارەیەی لەوەدا خەرج دەکرێت، دەکرێ پڕۆژەیەکی باشی پێ بکرێت، نازانن ئەم جۆرە ڕێوڕەسمانە تەنها بۆ گەورەکردنی شەخسە، دەنا کورد جگە لەم سەرکردانە هیچی نییە لەدەستی بدات! گەر ئەمانەش نەبن ڕەنگە ژیانیان خۆشتربێت.
یاخود بیربکەنەوە کەسێک دەبێتە سەرۆکی هەرێم تا ساڵێک لەمەوپێش گەندەڵ و نەوت دز و چی و چی بووە، ئێستاش گوڵباران و چەپڵەی بۆ لێدەدرێ!
جا میللەتێکی سەیرین، هەمیشە خۆش باوەڕین، ئێ کەکە بیرکەنەوە، سبەی دووسبەی کوڕەکەشی دێتە پێشەوە، تۆیەک کە چەندساڵە لەو حزبەدای ئەو بەیەک ساڵ هەموو پلەکانی تۆ تێدەپەڕێنێ، ئیتر دڵت بە چی خۆشە داماوی کۆیلە.
جا عەرزی بەخزمەتتان بکەم، ئەم سەرۆکە تازەیە، بەقەولی ئۆپۆزسیۆنەکان بێت، خاوەنی چەندەها ملیارە لە دەرەوەی وڵات! چەندان کۆمپانیای هەیە لەدەرەوەی وڵات، کە دەیەوێت بێتە سلێمانی چایچیەکەشی لەگەڵ خۆی دەبات، بە دەرزەن ئۆتۆمبێل و پاسەوانی بەدواوەیە، جگە لەوەش کوڕەکەی چەند ڕێکخراوی هەیە و بەنیازیشە تەلەفزیۆنێکی ئاسمانی بکاتەوە! ئیتر کورد وتەنی کولفی کول خۆیانن.
جا لەهەمووی خۆشتر ئەو پەرلەمانتارانەی دەنگیان پێدا کەسیان ناتوانی لێپرسینەوەی لێ بکەن و بانگێشتی پەرلەمانی بکەن مانگەشەو سەر لەئێوارە دیارە، مەگەر خۆی حەزکات سەرێک بدات و ڕوونکردنەوە لە بابەتێک بدا، دەنا پەرلەمانتاران ناچارن بچنە خزمەتی!
قسەی کۆتام ئەوەیە، گەر دیقەتی ئامادەکاری مەراسیمی سوێندخواردن بدرێت، دەڵێن بابە ئەمانە شتن، بەڵام لە بنەڕەتدا هەموو دەوڵەتانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیش دەزانن چ مەعدەنێکین، کاکە کوردین کورد، ئەزانن چ کوردێک؟
کوردێکین، سەرۆکەکەمان خانوەکەی ٤۰۰ دۆنمە تیادەژی، بە ڕۆژی ڕووناک هاووڵاتیانی دەڕفێنرێ،ڕۆژنامەنوس تیرۆردەکرێت و خۆپیشاندەر دەکوژرێ و دەنگی ئازاد کپ دەکرێ بەبێ یاسا و ئەمری دادوەر ئاسایش ئیشی خۆیان دەکەن، حزب خاوەنی گروپی چەکدارە، بەرپرس خاوەنی هێزی تایبەتە، فەرمانبەرەکانی لەمانگی شەشدا موچەی مانگی سێ وەردەگرن، کارەبای وەک ترافیکە، ئەم سەرۆکە تەنها حوکمی هەولێر و دهۆک و شارەدێکانی دەکات بۆیه دەکرێت بڵێین کوردستان بەرەو ئاقارێکی ترسناک هەنگاودەنێ و دەسەڵاتی مافیاگەری دەست بەسەر سەرجەم جومگەکانی کۆمەڵگادا دەگرێت و فاتیحاش لەسەر ۆپۆزیسیۆن دەخوێنێ.
ShwanHassanAbwbaker
شوانە حسن ابوبکر
تایبەتمەندییەکان: بابەتی هەڵبژاردە

زیادکردنی وەڵام