ئیدارەی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا رایگەیاند، چیدی رێگە نادەن کەشتییە گەشتیارییەكانی وڵاتەكەیان بەرەو کوبا گەشتبکەن، ئامانج لەم بڕیارەش رێگریکردنە لە بردنە دەرەوەی پارەی کاشی ئەمریکی بۆ کوبا.

ئەمڕۆ چوارشەممە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا رایگەیاند، چیدی كەشتیە گەشتیارییەكانی ولاتەكەیان ناتوانن سەردانی كوبا بكەن،  چونکە گەشتكردنی گەشتیاران بۆ كوبا، گومانی لای واشنتن دروستکردوە کە لە رێگەی كەشتیە گەشتیاریەكانی ئەمریكاوە، بە مەبەستی پشتیوانیكردن لە حکومەتی ڤەنزوێلا  پارەی كاشی ئەمریكی دەبرێتەدەرەوە.

لە چەند مانگی ڕابردودا بارودۆخی سیاسی ڤەنزوێلا گرژی تێکەوتوە و بەو هۆیەشەوە خۆپیشاندان و ناڕەزایی دژ بە حکومەتەکەی نیکۆلاس مادورۆ سەریهەڵدا، لەكاتێكدا ویلایەتە یەكگرتوەكان پشتیوانی لە خوان گوایدۆ، سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە دەکات.

ڕێبەرێکی گەشتیاری کوبا سەبارەت بەو بڕیارەی واشنتن رایگەیاندوە، “ئەو بڕیارە گورزێکی خراپ و کوشندەیە بەرامبەر ئەو پێشکەوتنەی لەنێوان وڵاتەکەی و ئەمریکابە دیهاتبو، وتیشی “ئەم بڕیارەی ئەمریکا قەیرانی زیاتری ئابوری بۆ خەڵکی کوبادەهێنێت”.

ڕاپۆرتەکان ئەماژە بۆ ئەوە دەکەن لەچەند مانگی ڕابردودا ڕێژەی گەشتیارانی ئەمریکا بۆ کوبا 300٪ زیادی کردوە، بەجۆرێک کە لەسەرەتای ئەم ساڵەوە تاکو ئێستا زیاتر لە 140 هەزار گەشتیاری ئەمریکی ڕویان لە کوبا کردوە.

ئەم بڕیارەی ئیدارەی ترەمپ تەنها لای خەڵکی کوبا نیگەرانی و قەیرانی ئابوری دروست ناکات، بەڵکو لای خودی ئەمریکیەکانیش دڵەڕاوکێ و بێزاریی دروست دەکات بەو پێیەی چیتر ناتوانن بۆ کات بەسەربردن سەردانی ئەو وڵاتە بکەن.

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام