وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌مه‌ریكا رایدەگەیەنێت واشنتۆن ئاماده‌یه‌ دانوستان له‌گه‌ڵ ئێراندا بكات به‌و مه‌رجه‌ی‌ حكومه‌تی‌ تاران ره‌زامه‌ند بێت بەو مەرجانەی دایناوە.

هیزه‌ر ناوێرت وته‌بێژی‌ وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌مه‌ریكا رایگەیاند، وڵاتەكەی 12 مه‌رجی‌ بۆ ئێران داناوە، ئه‌گه‌ر رژێمی ئێران رەزامەندی نیشان بدا بۆ جێبه‌جێكردنی‌ ئه‌و مه‌رجانه‌  ئه‌وا واشنتۆن ئاماده‌یە دەست بەدانوستان لەگەڵ تاران بكات.

مه‌رجه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكا بۆ ئێران  ئەمانەن:

1- ئه‌مه‌ریكا داوا له‌ ئێران ده‌كات ته‌واوی‌ ناوه‌رۆكی‌ به‌رنامه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ی‌ ئاشكرا بكات و رێگه‌ بدات به‌ پڕۆسه‌ی‌ پشكنینی‌ به‌رده‌وام

2- راگرتنی‌ پیتاندنی‌ یۆرانیۆم له‌ئێستادا تا ئه‌و كاته‌ی‌ رێككه‌وتنێكی‌ نوێی‌ ئه‌تۆمی‌ ئیمزا ده‌كرێت و تێیدا رێژه‌ی‌ پیتاندنی‌ یۆرانیۆم دیاری‌ ده‌كرێت.

3- ئه‌مه‌ریكا داوا له‌ ئێران ده‌كات مۆڵه‌تی‌ ته‌واو بدات به‌ ئاژانسی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ وزه‌ی‌ ئه‌تۆم بۆ سه‌ردانكردنی‌ سه‌رجه‌م وێستگه‌ ئه‌تۆمییه‌كانی‌ ئه‌و وڵاته‌.

4- كاركردن بۆ سنورداركردنی‌ موشه‌كی‌ بالیستی‌ به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی‌ توانای‌ هه‌ڵگرتنی‌ كڵاوه‌ی‌ ئه‌تۆمییان هه‌یه‌.

5- سه‌باره‌ت به‌ دۆسیه‌ی‌ ده‌ستگیركراوه‌ بیانیه‌كان لای‌ حكومه‌تی‌ تاران، ئه‌مه‌ریكا مه‌رجی‌ ئه‌وه‌ی‌ داناوه‌ كه‌ سه‌رجه‌م ده‌ستگیركراوه‌ ئه‌مه‌ریكییه‌كان ئازاد بكرێت له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌شی‌ كه‌ هه‌ڵگری‌ ره‌گه‌زنامه‌ی‌ وڵاتانی‌ هاوپه‌یمانی‌ ئه‌مه‌ریكان.

6- واشنتۆن سوره‌ له‌سه‌ر راگرتنی‌ پشتیوانییه‌كانی‌ ئێران بۆ گروپه‌ تیرۆریستییه‌كانی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست.

7- واشنتۆن داوا له‌ تاران ده‌كات پشتیوانییه‌كانی‌ بۆ بزوتنه‌وه‌ی‌ تاڵیبان و رێكخراوی‌ قاعیده‌ و گروپه‌ تیرۆریستییه‌كانی‌ دیكه‌ رابگرێت.

8- دانانی‌ سنورێك بۆ پشتیوانیكردن له‌ فه‌یله‌قی‌ قودسی‌ سه‌ربه‌ سوپای‌ پاسداری‌ ئێران و سنوردانان بۆ چالاكییه‌ ده‌ره‌كییه‌كانی‌ ئه‌و هێزه‌ كه‌ بۆ تێكدانی‌ سه‌قامگیریی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاسته‌.

9- چاككردنی‌ مامه‌ڵه‌ و هه‌ڵسوكه‌وته‌كانی‌ ئێران له‌ئاست ئیسرائیل و ده‌وڵه‌تانی‌ دیكه‌ی‌ هاوپه‌یمانی‌ ئه‌مه‌ریكا له‌ ناوچه‌كه‌.

10- داماڵینی‌ میلیشیا تایه‌فییه‌كانی‌ عێراق له‌ چه‌ك، به‌تایبه‌ت میلیشیاكانی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌.

11- دانانی‌ سنورێك بۆ پشتیوانییه‌كانی‌ ئێران له‌ حوسییه‌كانی‌ یه‌مه‌ن.

12-  كشانه‌وه‌ی‌ ئێران و میلیشیا لایه‌نگره‌كانی‌ ئه‌و وڵاته‌ له‌ سوریا.

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام