دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی هەوڵی گۆڕینی سیستمی دەسەڵاتی ئێران نادات، بەڵکو دەیەوێت ڕێگری لێ بکات کە ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

ترەمپ لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا ئەمڕۆ دووشەمە (٢٧ی ئایاری ٢٠١٩) کە لەگەڵ شینزۆ ئابی سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن سازیکردبوو لە تۆکیۆ ڕایگەیاند، “نامەوێت بە هیچ شێوەیەک زیان بە ئێران بگەیەنم، بەڵکو بەو ئاراستەیە ببرێت کە بڵێت نەخێر بۆ چەکی ئەتۆمی.”

سەرۆکی ئەمریکا وەک بە لێدوانە نوێیەکانییەوە دیارە، پێدەچێت بیەوێت ئاڵۆزییەکان لەگەڵ ئێراندا کۆنترۆڵ بکات، هەربۆیە ئاماژەی بەوەش کرد، “ئێران خاوەنی توانایەکی ئابوریی زەبەلاحە، بەنیازین ڕێگەی پێبدەین بگەڕێتەوە بۆ قۆناغێک کە بتوانن لە نزیکترین کاتدا ئەو توانایەی بۆ بگەڕێتەوە.”

دۆناڵد ترەمپ گەلی ئێرانی بە “مەزن” ناوبرد و ئاماژەی بەوە کرد، دەکرێت ئێران دەوڵەتێکی زلهێزبێت لەگەڵ هەمان سەرکردایەتیدا.

ئەو لێدوانە نوێیانەی سەرۆکی ئەمریکا دەربارەی ئێران لەکاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ لەکاتی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ژاپۆندا ترەمپ ڕایگەیاند، سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن و وڵاتەکەی پەیوەندییەکی زۆر باشیان هەیە لەگەڵ ئێراندا، ستایشی هەوڵەکانی تۆکیۆشی کرد بۆ بینینی ڕۆڵی ناوبژیوانی لە نێوان واشنتۆن و تاراندا.

لە بەرامبەریشدا شینزۆ ئابی سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن ڕایگەیاند، ئەو بابەتەی لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا باسکردووە و متمانەشی بەوە هەیە کە ئێران دەیەوێت وتووێژ بکات، بۆیە هیچ کەسێک نایەوێت دۆخی مەترسیدار بێتە ئاراوە.

ئەو وتانەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لەکاتێکدایە، فەلاحەت بیشە سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە ڕایگەیاند، تاران لە ڕێگەی ناوبژیوانەوە ئاگاداری واشنتۆنی کردووەتەوە، کە لە جەنگدا هیچ لایەک سەرکەوتوو نابێت.

لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا ناکۆکییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا پەرەسەندنی زیاتری بەخۆوە بینی، بەتایبەت دوای ئەوەی هەردوو وڵات لەسەر زاری لێپرسراوە باڵاکانیان لێدوانی توندیان لە دژی یەکتر دا و، هەڕەشەی بەکارهێنانی هێز و هێرشکردنە سەر یەکتریان کرد.

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام