رۆژنامەی نیویۆرك تایمز رایگەیاند، قەبارەی ئەو هێزەی وەزارەتی بەرگری ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا (پنتاگۆن) لە پلانیدا هەیە بینێرێتە كەنداوی عەرەبی، هاوتایە لەگەڵ قەبارەی ئەو هێزانەی بۆ لێدانی عێراق رەوانەكران.

هێزەکەی ئەمریکا هەمان قەبارەی هێزە رەوانەكراوەكەی پێشوی هەیە كە بۆ جەنگی عێراق نێردرابو

 

بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی نیویۆرك تایمز، دوای ئەوەی شەش بەرپرسی ئاسایشی نیشتیمانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لەبارەی قەبارەی ئەو هێزەی پنتاگۆن لە پلانیدا هەیە بینێرێتە كەنداوی عەرەب زانیاریان بەدەست گەیشتوە، توشی تاسان بون، بەهۆی ئەوەی هەمان قەبارەی هێزە رەوانەكراوەكەی پێشوی هەیە كە بۆ جەنگی عێراق نێردرابو.

بڵاوكردنەوەی ئەو هێزە ئاسمانی و دەریایی و زەمینیە بەهێزە، بۆ ئەوەیە ئێران ژمارەیەك ئامانجی لەبەردەستدا هەبێت تا بیانپێكێت

 

راپۆرتەكە دەڵێت، “بڵاوكردنەوەی ئەو هێزە ئاسمانی و دەریایی و زەمینیە بەهێزە، بۆ ئەوەیە ئێران ژمارەیەك ئامانجی لەبەردەستدا هەبێت تا بیانپێكێت یاخود هۆكارەكە لەوە زیاترە و ئەو كارە پێدەچێت ببێتە هۆی تێوەگلانی ویلایەتە یەكگرتوەكان لە جەنگێكی دریژخایەن”، ئەوەش بە تەواوی پێچەوانەیە لەگەڵ كارەكانی باراك ئۆباما، سەرۆكی پێشوی ویلایەتە یەكگرتوەكان، كە لە ساڵی 2011 دەستیكرد بە كشاندنەوەی هێزەكانی لە عێراق و كەمكردنەوەیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە شێوەیەكی گشتی.

وەزیری بەرگری ئەمریکا پلانێكی سەربازی پێشكەشكردوە و باسی لە ناردنی 120 هەزار سەرباز کردوە

 

ئاماژەی بەوەشكردوە، پێنجشەممەی رابردو 9ی ئایار، لە كۆبونەوەیەكی گەورەی یاریدەدەرانی ترەمپ بۆ كاروباری ئاسایشی نیشتیمانی، پاتریك شاناهان، وەزیری بەرگری ویلایەتە یەكگرتوەكان پلانێكی سەربازی پێشكەشكردوە، لە پلانەكەدا باس لە ناردنی 120 هەزار سەرباز دەكات بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوەش وەك ئەگەرێك بۆ ئەو كاتەی ئێران هێرش بكاتە سەر هێزە ئەمریكیەكانی ناوچەكە، یاخود لە كارە ئەتۆمیەكانی پەلەبكات.

نیویۆرك تایمز لە زاری دو بەرپرسی گەورەی ئاسایشی نیشتیمانی ویلایەتە یەكگرتوەكانەوە رایگەیاندوە، بڕیارەكەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لە كانونی یەكەمی ساڵی رابردو كە رایگەیاند، هێزەكانی لە سوریا دەكشێنێتەوە، پێدەچێت هاندەری هەندێك لە سەركردەكانی ئێران بوبێت و سوپای پاسدارانیش باوەڕیان بەوە هێنابێت ویلایەتە یەكگرتوەكان ویستی ئەوەی نیە روبەڕوی ئێران ببێـتەوە.

لەبارەی چۆنیەتی وەڵامدانەوەی ئێران لەكاتی زیاتربونی گرژی و ئاڵۆزیەكانی سیاسەتی ئێران و بەرنامە ئەتۆمیەكەی رای جیاواز هەیە

 

بەگوێرەی راپۆرتە، لە ئێستادا لەناو ئیدارەی ویلایەتە یەكگرتوەكاندا لەبارەی چۆنیەتی وەڵامدانەوەی ئێران لەكاتی زیاتربونی گرژی و ئاڵۆزیەكانی سیاسەتی ئێران و بەرنامە ئەتۆمیەكەی رای جیاواز هەیە و بوەتە هۆی دابەشبونی ئیدارەكە.

ئەوە لەكاتێكدایە، بەشێك لە بەرپرسە دیارەكانی ویلایەتە یەكگرتوەكان، “ئێران بە هەڕەشەیەكی مەترسیدار لە قەڵەمدەدەن”، لە بەرامبەریشدا ژمارەیەك بەرپرسی هەمان وڵات دەیانەوێت چارەسەرێكی دیپلۆماتی بۆ گرژی و ئاڵۆزیەكان بدۆزرێتەوە.

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام