بەڕێوەبەری گشتی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی كەناڵی سوێس لە میسر رایگەیاند، كەشتی فڕۆكەهەڵگری “ئەبراهام لینكۆڵن لە كەناڵی سوێس پەڕیوەتەوە و بەرەو كەنداوی عەرەبی بەڕێكەوتوە، وەزارەتی بەرگری ئەمریكاش وێنەی فڕۆكە بۆمب هەڵگرەكانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕەاست بڵاوكردەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە میهاب مەمیش، بەڕێوەبەری گشتی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی كەناڵی سوێس رایگەیاند، كەشتی فڕۆكە هەڵگری ئەمریكی “ئەبراهام لینكۆڵن” كەناڵی سوێس-ی بەجێهێشتوە و بەرەو كەنداوی عەرەبی كەوتوەتە ڕێ، ئاماژەی بەوەشكردوە “لە قاهرە-ی پایتەختی میسر پێشوازی لە بەرپرسانی هێزەكانی بەرگری ئەمریكا كردوە و دواتر ماڵئاوایی لە كەشتیە فڕۆكەهەڵگرەكە كردوە”.

هاوكات، ناوەندی هێزەكانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا دوێنێ چوارشەممە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر وێنەی فڕۆكە بۆمب هەڵگرەكانی جۆری B-52ی بڵاوكردەوە و ئاماژەی بەوەكرد، ئەو فڕۆكانە گەویشتونەتە ئاسمانی ئەلعەدید لە وڵاتی قەتەر، راشیگەیاندوە “ئەو فڕۆكانە بە مەبەستی پاراستنی  هێزەكانی ئەمریكا و بەرژەوەندیەكانی وڵاتەكە نێردراونەتە ئەو ناوچەیە”.

لە لایەكی دیكەوە، وەزارەتی بەرگری ئەمریكا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك وێنەی فڕۆكە جەنگیەكانی لەكاتی بەڕێكەوتنیان بەرەو رۆژهەڵاتی ناوەراست بڵاوكردەوە  و ئاماژەیان بەوەكردوە “ئەو فڕۆكانە بە مەبەستی پشتیوانیكردن لە هێزە ئاسمانیەكانی ئەمریكا و پاراستنی هاوسەنگی و ئارامی ناوچەكە بەرەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێكەوتون”.

رێكەوتی 6ی ئەم مانگە، راوێژكاری ئاسایشی نیشتیمانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا رایگەیاند، بە مەبەستی هۆشداریدان بە ئێران، وڵاتەكەی ژمارەیەك فڕۆكە و موشەكی دورهاوێژ رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكات.

هاوكات دوێنێ چوارشەممە ژمارەیەك بەرپرسی ئەمریكا رایانگەیاند، لە چوارچێوەی ئەو هێزەی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رەوانەی دەكات، ئەمریکا فڕۆکەی بۆمب هەڵگری جۆری   B52  رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات.

 

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام