ئەندامی پێشوی پەرلەمانی عێراق و یەكێك لە ئەندامانی نوسینەوەی رەشنوسی دەستوری عێراق رەخنە لە پڕۆسەی دەنگدانی پڕۆژە یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان دەگرێت و دەڵێت، “سەرۆك شەهادەی بۆچیە و نایەوێت”.
حاكم لەتیف شێخ،  پەرلەمانتاری پێشوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەفراكسیۆنی گۆران و یەكێك لە ئەندامانی نوسینەوەی رەشنوسی دەستوری عێراق لە نوسینێكدا رەخنەی توند لە پڕۆسەی دەنگدانی پڕۆژە یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان گرت و رایگەیاند” لە سیستەمی پەرلەمانیدا سەرۆك دەسەڵاتی نیەو تەشریفاتیە، بەڵام لای ئێمە فول دەسەڵاتەو ھەر پەرلەمانیشە، وە لە سیستەمی پەرلەمانیدا سەرۆك بێ لایەنەو دەبێت دوای ھەڵبژاردنی دەست لە كاری حیزبایەتی بكێشێتەوە، لای ئێمە پێویست ناكات دەست لە كار بكێشێتەوە، ھەر پەرلەمانیشە”.
ئەوەشێ نوسیوە” لە سیستەمی پەرلەمانیدا دەسەڵات بەرامبەر لێپرسینەوەیە، ئەگەر سەرۆك دەسەڵاتی نەبوو لێپرسراویش نابێت، بەڵام ئەگەر دەسەڵاتی ھەبوو بەرپرس دەبێ لەبەردەم پەرلەمان، لای ئێمە سەرۆك دەسەڵاتی تەواوی ھەیەو بەرپرسیش نیە لەبەردەم پەرلەمان و سیستەمەكەش ھەر پەرلەمانیشە”.
حاكم لەتیف شێخ لەكۆتایی نوسینەكەیدا ئاماژەی بەوەشکردووە” سەرۆك شەھادەی بۆ چیە نایەوێت، گرنگ ئەوەیە سیستەمەكەمان پەرلەمانیە، ئەمڕۆ پەرلەمانی كوردستان نێریشی دۆشی”.
ئەمرۆ چوارشەممە پەرلەمانی كوردستان بە دەنگی 89 پەرلەمانتار، دەنگیدا لەسەر یاسای كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و هەمواری شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆك تا پەسەندكردنی دەستور، بەپێی یاساكە، پەرلەمانی كوردستان دەسەڵاتی لێپرسینەوە لە سەرۆكی هەرێمی كوردستانی نابێت، و ئەو كەسەی دەبێتە سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێویستی بە بڕوانامە نیە.
تایبەتمەندییەکان: وتارو بیروڕا

زیادکردنی وەڵام