وتەبێژی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نێودەوڵەتی ئێران رایگەیاند، هێزە چەكدارەكانی ئێران بەشێوەیەكی چڕ چاودێری ئەو كەشتیە فڕۆكە هەڵگرەی ئەبراهام لینكۆڵن دەكات، كە لەلایەن ویلایەتە یەكگرتوەكانەوە نێردراونەتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

 

كەیوان خوسرەوی، وتەبێژی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نێودەوڵەتی ئێران لە وەڵامی راگەیندراوەكەی جۆن بۆڵتن، راوێژكاری ئاسایشی نیشتیمانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا دوێنی دوشەممە رایگەیاند، “بۆڵتن ئەزمونی سەربازی نیە و وتەكانی تەنها بۆ ئەوە بوە بەشێوەیەكی روكارانە هێزی خۆیان دەربخەن”.

 
ئاماژەی بەوەشكرد، “دوای لێكۆڵینەوەیەكی ورد لە لایەن هێزە چەكدارەكانی كۆماری ئێران، بۆیان دەركەوتوە فڕۆكەكانی لینكۆڵن 21 ڕۆژ لەمەوبەر چونەتە ناو ئاوەكانی دەریای ناوەڕاست، كەواتە راگەیەندراوەكەی بۆڵتن لەبارەی بابەتێكەوە بوە كە گرنگیەكەی لەدەستداوە و ئەوەش بە ئامانجی دروستكردنی جەنگی دەرونیە”.

 

لە درێژەی لێدوانەكەیدا خوسرەوی راشیگەیاند، “بەدوری دەزانین هێزەكانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بیانەوێت توانا و وزەی دیار و ئاشكرای هێزە چەكدارەكانی ئێران تاقیبكەنەوە”.

 

ئەو لێدوانەی خوسرەوی لەكاتێكدایە، یەكشەممەی رابردو پێنجی ئایار جۆن بۆڵتن، راوێژكاری ئاسایشی نیشتیمانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا رایگەیاند، “بە مەبەستی گەیاندنی پەیامێكی رون و ئاشكرا بە ئێران كە هەر هێرشێك بۆ سەر بەرژەوەندی ویلایەتە یەكگرتوەكان و هاوپەیمانەكانی بە توندترین شیوە وەڵامی دەدرێتەوە، ژمارەیەك فڕۆكە و موشەكی دورهاوێژ رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكەین”.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو بڕیارەی وڵاتەكەی دوای چەند ئاماژە و هۆشداریەك دێت كە لەماوەی رابردودا نیگەرانی و دڵەراوكێی دروست كردوە.

هاوكات پاتریك شاناهان، وەزیری بەرگری ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا دوێنێ دوشەممە رایگەیاند “ناردنی كەشتی فڕۆكە هەڵگر-ی ئەبراهام لینكۆڵن و موشەكی دورهاوێژ بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهۆی هەڕەشە جددیەكانی هیزە سەربازیەكانی ئێرانەوەیە”.

دوای وتەكانی شاناهان لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر، وەزارەتی بەرگری ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا (پنتاگۆن) لە راگەیەندراوێكی فەرمیدا رایگەیاند ” لە وەڵامی ئامادەكاریەكانی ئێران بۆ هێرشكردنە سەر هێزەكانی ئەمریكا و بەرژەوەندیەكانمان ئەو جموجوڵە لە فڕۆكە و موشەكە دورهاوێژەكاندا ئەنجامدراوە”.

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام