دوای بڵاوبونەوەی نوێترین گرتە ڤیدیۆیی ئەبوبەكر بەغدادی، سەرکردەی رێكخراوی چەكداری داعش، وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا رایگەیاند، لێكۆڵینەوە لە راستی و دروستی ڤیدیۆكە دەكەن.

دوێنێ دوشەممە، دوابەدوای دەركەوتنی ئەبوبەكر بەغدادی، سەرۆكی رێكخراوی چەكداری داعش لە گرتە ڤیدیۆییەكدا،  وتەبێرژی وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لە لێدوانێكیدا بۆ تۆڕی هەواڵی سكای نیوز رایگەیاند، ئەو ڤیدیۆیەیان بینیوە كە سەرۆكی رێكخراوی داعش بڵاویكردوەتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، “شارەزایانی بواری لێكۆڵینەوەی ئەمریکا شیكاری بۆ ئەو ڤیدیۆیە دەكەن تا دڵنیابینەوە لە راستی گرتە ڤیدیۆییەكە”.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا راشیگەیاند، “شكستی داعش لە عێراق و سوریا زەبرێكی ستراتیجی و دەرونی بو بۆ رێكخراوەكە، لەكاتێكدا بە بەرچاوی خۆیانەوە خەلافەتەكەیان داڕوخا و بەرپرسەكانی كوژران و هەندێكیشیان لە مەیدانی جەنگ هەڵهاتن”.

وتەبێژەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لەبارەی جەنگی دژ بە داعش رونیکردەوە، “ئەو جەنگە هێشتا كۆتایی نەهاتوە، ئەو هاوپەیمانیە جیهانیەی بە پێشەنگی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا كار بۆ تێكشكاندنی داعش دەكەن بەردەوامدەبێت لە پڕۆسەی فشاركردنی لە عێراق و سوریا و سەرتاسەری جیهان بۆ گرەنتیكردنی تێكشكانی ئەو تیرۆرستانە و رادەستكردنی بەرپرسە باڵاكانی بە دادگایەكی دادپەروەرانە”.

لەماوەی پێنج ساڵی رابردودا بۆ یەكەمین جارە ئەبوبەكر بەغدادی، سەرۆكی رێكخراوی چەكداری داعش لە گرتە ڤیدیۆییەكدا دەركەوت و تیایدا ئاماژەی بە كۆتاییهاتنی جەنگی باغۆز داوە و دەڵێت، “رێكخراوەكە لە ناوچەی باغۆز-ی سەر بە دێرەزور شكستهێناوە”.

بەغدادی داوا لە چەكدارانی رێكخراوەكەی دەكات ئەو شكستەی دو ساڵی رابردو بە “تۆڵە سەندنەوە” وەڵام بدنەوە.

كات و شوێـنی ئەو گرتە ڤیدیۆیەی بەغدادی رون نیە، بەڵام بەپێی وتەكانی ئاشكرایە كە دوای شكستی رێكخراوەكەی لە ناوچەی باغۆز ئەو گرتە ڤیدیۆییە تۆماركراوە و تیایدا بەغدادی لە دۆخێكی تەندروستی باشدایە.

دوای ئەوەی بۆ ماوەی سێ ساڵ جەنگی خوێناوی لە نێوان داعش و هێزە چەكدارەكانی عێراق بەردەوامبو، حكومەتی عێراق لە مانگی كانونی یەكەمی ساڵی 2017 شكستی تەواوی رێكخراوی داعش-ی لە وڵاتەكە راگەیاند، دواتریش لە مانگی ئازاری ئەمساڵدا، شەڕڤانانی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) توانیان كۆنتڕۆڵی ناوچەی باغۆز لە باكوری رۆژهەڵاتی سوریا بكەن و تێكشكاندنی رێكخراوی چەكداری داعش لەو وڵاتە رابگەیەنن.

لە ئێستاشدا ئەبوبەكر بەغدادی سەرۆكی رێكخراوەكە لەسەرەوەی لیستی داواکراوانی جیهاندایە و ئەمریکا بڕی 25 ملیۆن دۆلاری وەک دیاری بۆ هەر کەسێک داناوە کە زانیاری لەبارەی شوێن و پێگەی ناوبراو بگەیەنێت بە وڵاتەكەی.

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام