31 ساڵ لەمەوبەر کارەساتی ئەنفال لەلایەن رژێمی پێشوی بەعسی روخاوەوە بەسەر گەلی کورد-دا هێنرا و هه‌زاران كه‌س شه‌هید و بێسه‌روشوێنکران و هه‌زاران گوندیشی‌ وێرانكران، کە هه‌شت فه‌یله‌قی‌ سوپای عێراق و نزیكه‌ی‌ 300 هه‌زار جاش به‌شدارییان تیادا کرد.

فوئاد عوسمان، وتەبێژی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەرێمی كوردستان بە خەندان-ی وتی، ئەمڕۆ یەکشەممە بە بەشداری شاندێکی عێراقی و بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لە گۆڕستانی دێبنەی رزگاری کەلار یادی ئەنفال بەڕێوەدەچێت.

قۆناغه‌كانی‌ ئه‌نفال له‌لایه‌ن ڕژێمی‌ به‌عسه‌وه‌ بۆ سه‌ر ناوچه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ساڵی‌ 1988 دا هه‌زاران كه‌سی‌ شه‌هیدو بێسه‌روشوێن كردو هه‌زاران گوندیشی‌ وێرانكرد، کە هه‌شت فه‌یله‌قی‌ سوپای‌ عێراق و نزیكه‌ی‌ 300 هه‌زار جاش به‌شداری‌ شاڵاوی‌ ئه‌نفال-یان كردوه‌.

قۆناغی‌ یه‌كه‌می‌ شاڵاوی‌ ئه‌نفالی‌ ساڵی‌ 1988 له‌كۆتاییه‌كانی‌ شوبات ده‌ستیپێكرد تا 19ی‌ ئادار به‌رده‌وامبو، كه‌ ناوچه‌كانی‌ دۆڵی‌ جافایه‌تی‌ و سه‌رگه‌ڵو به‌رگه‌ڵو  چوارتا و ماوه‌ت و سورداشی‌ گرته‌وه‌، چه‌ندین گوند له‌و شاڵاوه‌دا له‌سه‌ر نه‌خشه‌ سڕانه‌وه‌.

قۆناغی‌ دوه‌می‌ ئه‌نفال، بۆ سه‌رناوچه‌كانی‌ ده‌ربه‌ندیخان و قه‌ره‌داغ و عه‌ربه‌ت و به‌شێك له‌ شاره‌زور بو، كه‌ له‌ 23ی‌ ئادار ده‌ستیپێكرد له‌ دوو-ی‌ نیسان ئه‌و قۆناغه‌ كۆتایی‌ هات، كه‌ تێیدا به‌هه‌مان شێوه‌ چه‌ندین گوند له‌سه‌ر نه‌خشه‌ سڕانه‌وه‌و وێرانكران.

قۆناغی‌ سێیه‌می‌ ئه‌نفال، له‌ حه‌وت بۆ 20ی‌ نیسان به‌رده‌وام بو،  كه‌ ناوچه‌كای‌ گه‌رمیانی‌ گرتبوه‌وه‌.

ئه‌نفالی‌ چوار، له‌ سێ بۆ 15ی‌ ئایار بۆسه‌رناوچه‌ی قه‌ڵاسێوكه‌و دۆڵی زێی بچوك و گونده‌كانی‌ كه‌ركوك و پردێ و ئاغجه‌له‌ر و چه‌چمه‌ماڵ و دوكان و كۆیه‌و چه‌ند ناوچه‌یه‌كی‌ دیکەی گرته‌وه‌.

قۆناغی‌ پێنج و شه‌ش و حه‌وتی‌ ئه‌نفال له‌ ناوه‌راستی‌ ئایار بۆ 26ی‌ ئاب به‌رده‌وام بو، ئه‌م قۆناغانه‌ی‌ ئه‌نفال ناوچه‌كانی‌ شه‌قلاوه‌و به‌شێك له‌ هه‌ولێر و كۆیه‌و رانیه‌و قه‌ڵادزێ‌ و هیران و نازه‌نین و هه‌ریر و ره‌واندز سۆران و خه‌لیفان و چیای‌ قه‌ندیلی‌ گرته‌وه‌.

قۆناغی‌ هه‌شت-ی‌ ئه‌نفال، له‌ 25ی‌ ئاب ده‌ستیپێكردو له‌ شه‌ش-ی‌ ئه‌یلول كۆتایی‌ هات، ئه‌م قۆناغه‌ ناوچه‌ی‌ بادینانی‌ گرته‌وه‌و سه‌دان گوند كاولكران و چه‌ندین هاوڵاتی‌ مه‌ده‌نی‌ بێتاوان شه‌هیدكراون.

قوربانییه‌كانی‌ قۆناغه‌كانی‌ ئه‌نفالی‌ 1988و تاوانه‌كانی‌ دیکەی به‌عس دژی‌ به‌ هاوڵاتیانی‌ باشوری‌ كوردستان زیاتر له‌ 182 هه‌زار شه‌هید و بێسه‌روشوێن بوو.

حكومه‌تی‌ به‌عسی‌ عێراق-ی‌ له‌ قۆناغه‌كانی‌ ئه‌نفال-دا نزیكه‌ی‌ پێنج هه‌زار گوندی‌ له‌ ناوچه‌ جیاوازه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان وێرانكرد.

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام