ئەو پرسیارەی کەس لە نوسین و تێڤێکاندا ناوێرێت بیکات و ڕۆژانەش ئەدرێت بە گوێماندا…

تا ئێستاش لە فەیسبوکەکەی خۆم وێنە و وتارەکانی ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفام داناوە، ئەو ئەو شۆڕشگێڕە بوو کە بۆ یەکەم جار لە ژیانمدا، ئەو کاتەی کە مرد، گریانمی.

لە ژیانمدا هەزاران کتێبم خوێندۆتەوە، بە بەرنامە و بە بێ بەرنامە، جا ئەوەی فێر بووم ئەوەیە کە هێشتا ڕاستییەکانی ژیان لە کتێبەکاندا تەواو نین، بەڵکو زۆر ڕاستی هەن کە شاراوەن و کەس ئاگاداریان نییە، یەکێک لەو ڕاستیانە ئەوەیە کە بووەتە سەرچاوەی ئەو پرسیارەی سەرەوەم.

من ساڵانێکی زۆرە وەک گۆڕانخوازێک کارم کردووە و دیدەگا و ژیانی شۆڕسگێڕیی ئەو زاتە بووەتە جێگەی سەرنج و تێڕامان و سەرسوڕمانم.

من نەوەی سەردەمی تێکشکانەکانم، لە هەمووشیان گەورەتر تێکشکانی شۆرشی ئەیلوول بوو کە زۆر کاری تێکرووم.

ئەو کاتەش کە لە ساڵی حەفتاوشەشی سەدەی پیشوودا وەک خوێندکارێکی ناوەندی گوێم لە گەڕانەوەی پێشمەرگە بوو بۆ چیاکان، ئیتر تۆوی هیوایەکی گەورە لە دڵ و دەرونمدا ڕوا و ئومێدم بە ئایندە گەشایەوە.

کێش دەزانێت لە ئایندەدا چی خۆی حەشارداوە!

گەر ئەو کاتە دەمزانی بیستوهەشت ساڵی ڕابردوو ئەو ئایندەیە دەبوو، هەرگیز هیوام لەسەر هەڵنەدەچنی.

ئەو شۆڕشەی کە هەزاران کەسی وەک من هیوای خۆیان لەسەر هەڵچنی، یەکێک لە کارەکتەرە هەرە مەزن و بەتواناکانی کاک نەوشیروانی ڕەوانشاد بوو.

ئەو ساڵانێکی زۆر لە ژێر تارمایی مام جەلال دا خۆی حەشار دابوو،

کاک نەوشیروان وەک رۆح و پاڵنەری شۆڕشی نوێی دوای شۆڕشی مەزنی ئەیلوول نەناسرابوو تاکو ڕاپەڕین ڕووی دا و وردەوردە بەشدارییە گەورەکانی ئەو بۆ خەڵک ڕونبۆوە.

ئەو تا مریش بۆ پەیامەکانی خۆی ژیا و هەوڵی بۆدان. بۆ یەک ساتیش پشتی نەکردە ئەو دروشمانەی کە لە ‘شۆڕشی نوێ’ دا هەڵی گرتبوون،

کەواتە دەکرێت بپرسم ئایا ئەو سەرباری هەموو ئەو سەربەرزییانە دز بوو؟

ساڵی دووهەزارونۆ کە بزوتنەوەی گۆڕانی دروست کرد، بە دروشمی چاکسازی سەرنجی خەڵکی کوردستانی ڕاکێشا، ئەو کاتەی ئەو باسی چاکسازی کرد کوردستان لە دوو بەرە پێکهاتبوو، بەرەیەکی سەر بە دەسەڵات و بەرەیەکی ناڕازیی. ناڕازییەکان ئەوانە بوون داوای ڕوخانی دەسەڵاتیان دەکرد، ئەو داوایەشیان لەسەر نەهامەتی و چەوسانەوەی ساڵانی دوای ڕاپەڕین بنیات نابوو.

ئەو هات و ڕێگەی ناوەندیی هەڵبژارد، ڕێگەی چاکسازیی.

هەوڵەکانی و خەبات و تیۆرەکانی بۆ گۆڕانکاریی و پشتگیریی بەهێزی لە هەژاران وای کرد بە ‘باوکی هەژاران’ ناو دەربکات.

ئەو لەسەردەمی شۆڕشدا بەیەکێک لەهەرە توندوتیژەکان ناوی دەرکردبوو، وای لێهاتبوو لە دوای ڕاپەڕین بە تەور و تیرۆر مۆرکرابوو.

وێنەیەکی وای لە یادەوەریی خەڵکیدا بۆ کێشرابوو کە ئاستەم بوو بگۆڕێت گەر نەگەڕایەتەوە بۆ کوردستان و کۆمپانیای وشە و دواتریش بزوتنەوەی گۆڕانی دروست نەکردایە.

ئەو کاتەی کۆچی دوایی کرد بە قوڵپ بۆی گریام، بۆ تاکە ساتێکیش لە پاکی و ڕاستگۆیی ئەو گومانم نەبوو.

خودا بە گەورەیی خۆی ڕێی لە وەسوەسە و دوودڵی و دڵەڕاوکێی مرۆڤەکان نەگرتووە، هەر بۆیە ئەو هەموو وێنە جوانانەی لەبارەی کاک نەوشیروان هەمانە، دوای مردنی و ئەو ڕاستییەی کە گردی زەرگەتەی لەسەر کوڕەکانی تۆمارکردووە وامان لێناکات تووشی وەسوەسە و دڵەڕاوکێ و دوودڵی نەبین.

پرسیارەکە ئەوەیە، کە پرسیاری نەیار و لایەنگر و بێلایەنە، ئایا کاک نەوشیروان دز و گەندەڵ بوو وا ئەو گردەی کرد بەناوی کوڕەکانیەوە

سەرباری هەموو پاکی و بێگەردییەکانی و خەباتی دوورودرێژی؟

ئەمە پرسیارێک نییە هەروا بە هەوانتە بکرێت، بەڵکو سەرئەنجامی ئەو پرسیار و گووتانەیە کە ڕۆژانە لە کەسانی جۆراوجۆری دەبیستم.

ئەرێ کاک نەوشیروان چۆن بوو گردەکەی کرد بە ناوی کوڕەکانیەوە؟

لەم دوایانەدا ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکیی، چ لایەنگر و دژ، تۆمەتی ئەوە دەخەنە سەر کوڕەکانی کاک نەوشیروان کە گردەکەیان داگیرکردووە،

ئەوەش بابەتێکە کەس ناتوانێت بەرگری لێبکات بێجگە لە کوڕەکانی و دەرخستنی ئەو ڕاستییانەی کە شاراوەن بۆمان.

بەهۆی بێدەنگی و ماتی کوڕەکانییەوە، وای لێهاتووە کە تۆمەتی گەورە بدرێتە پاڵ باوکیان.

لایەنگرەکانی بە ئاشکرا ناڵێن کە کاک نەوشیروان گەندەڵ بووە، بەڵکو کوڕەکانی تاوانبار دەکەن، دژەکانیش ڕاستەوخۆ دەڵێن کە ئەو بە ‘باوکی هەژاران’ ناوی دەرکردبوو کەچی لەگەڵ بەرپرسەکانی تردا جیاوازیی نەبوو و ئەو گردە گرانبەهایەی داگیر کرد و خستییە سەر کوڕەکانی.

پرسیارەکە لێرەوە بەرز دەبێتەوە:

‘ئایا کاک نەوشیروان دز و گەندەڵ بوو’؟

ئەو پرسیارە تەنیا کوڕەکانی دەتوانن وەڵام و بەرپەرچی بدەنەوە، ئیتر ئێمەی گۆڕانخواز هێزی ئەوەمان نییە بەرگری لە شاردنەوەی ڕاستییەکانی ئەو بابەتە بکەین.

ئەوان دەتوانن پێمان بڵێن کە باوکی ڕەوانشادیان چی پێ وتن پێش ئەوەی کۆچی دوایی بکات و چۆن و بە کام مەرج گرد و موڵکەکانی کرد بە ناویانەوە؟

گەر ئەوان پێمان نەڵێن ڕاستییەکان چی بوون ئیتر لەمەودوا بۆمان قورس دەبێت بتوانین بەرگری لە پاکی و ڕاستگۆیی باوکیان بکەین.

قورس دەبێت تووشی وەسوەسە و دڵەڕاوکێ و دوودڵی نەبین.

ئەرێ کوڕانی کاک نەوشیروان باوکتان چی پێ وتن کە گردەکەی لەسەر تاپۆ کردن؟

وەڵامی هەموو ئەوانە بدەنەوە کە گومانیان هەیە و تەمی گومانەکانیان بسڕنەوە!

ئەو گردە کەم نییە، گەر ئەو بێ هیچ پەیام و وەسێتنامەیەک لەسەرتان تاپۆی کردبێت، ئیتر چۆن جیاوازی بکەین لەگەڵ باوکە شۆڕشگێڕەکانی تردا کە کوورەکانیان کردووە بە فیرعەون؟

 

تایبەتمەندییەکان: وتارو بیروڕا

زیادکردنی وەڵام