لەنێو شەپۆلێكی فراوانی ناڕەزایەتی هاوڵاتیانی وڵاتەكەی بەرامبەر گەندەڵی، پارێزەرێكی لیبراڵی دژە گەندەڵی لە كۆماری سلۆڤاكیا توانی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی وڵاتەكەی بباتەوە و ببێتە یەكەمین ژن كە ئەو پۆستە لە سلۆڤاكیا بەدەستبهێنێت.

زوزانا چاپوتۆڤا ، پارێزەرێكی لیبراڵی دژە گەندەڵیە كە یەكێك بو لە كاندیدانی  هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی سلۆڤاكیا دوێنێ شەممە، 30ی ئازار توانی زۆرینەی دەنگەكان بەدەستبهێنێت و ببێتە یەكەمین سەرۆكی ژن لەو وڵاتە.

دوای ئەوەی رۆژنامەنوسێكی سلۆڤاكی و هاوسەرەكەی بەهۆی ئاشكراكردنی چەندین دۆسیەی گەندەڵی بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە كوژران، گۆڕانی شێوازی سیاسەتی  وڵاتەكە و گەندەڵی سەرەكیترین بابەتەكانی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی سلۆڤاكیا بوون.

چاپوتۆڤا كە لەلایەن یەكێتی ئەوروپاوە پشتگیریدەكرێـت، توانی لە كۆی لەسەدا 98.1ی دەنگەكان لەسەدا 58.3 بەدەستبهێنێت و بەوەش مارۆس سێفتۆڤیت، كاندیدی پارتی دەسەڵاتداری وڵاتەكەی لە بەرامبەریدا شكستیهێنا.

زوزانا چاپوتۆڤا، تەمەنی 45 ساڵە و سەر بە پارتی لیبراڵی كۆماری سلۆڤاكیایە و لە ئێستادا بوەتە یەكەمین سەرۆكی هەڵبژێردراوی ژن لە وڵاتەكەیدا، هاوكات گەنجترین سەرۆكی سلۆڤاكیایە لە مێژووی ئەو وڵاتەدا.

كۆماری سلۆڤاكیا وڵاتێكی ئەوروپیە و لەگەڵ هەریەك لە وڵاتانی پۆڵەندا و ئۆكرانیا و هەنگاریا و نەمسا و كۆماری چیك هاوسنورە و روبەرەكەی نزیكەی 49 هەزار كیلۆمەتر چوارگۆشەیە.

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام