وابڕیارە سبەی 19 هەمین هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیا بۆ بەدەستهێنانی سەرۆكی شارەوانی 30 پارێزگای توركیاو هەزارو 351 ناوچەی باڵای ئیداری، ئەنجام بدرێت و 12 پارتی سیاسی لە كێبڕكێدان بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین دەنگ.

هەڵبژاردنی شارەوانیەكانی توركیا بە پێنج ساڵ جارێك ئەنجام دەدرێت و لەمساڵدا 57 ملیۆن و 58 هەزارو 636 دەنگدەر لە 12هەزار و 784 خوێندنگە و لەسەر 194 هەزار و 390 سندوق مافی دەنگدانیان هەیە، هەزارو 250 پۆستى ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگا لەگەڵ 20 هەزار و 500 ئەندامى ئەنجومەنى شارەوانى هەڵدەبژێردرێن.

بەپێی ئاماری دەستەی هەڵبژاردنەكانی توركیا، لەمساڵدا یەک ملیۆن و 156 هەزار دەنگدەر تەمەنی 18 ساڵیان تەواو کردوە و بۆ یەكەمین جار دەتوانن بەشداری پرۆسەكە بكەن.

سولەیمان سۆیلۆ وه‌زیری ناوخۆی توركیا رایگه‌یاند:”لەپێناو پاراستنی ئاسایشی هەڵبژاردنەكە  سبەی 553 هه‌زار كارمه‌ندمان لە ئەركدا دەبن، هەروەها لە 11 پاریزگای جیاوازیشدا شه‌ش هه‌زار و 449 كارمه‌ندی پشتیوانیمان له‌ ئاسایش و جه‌ندرمه‌ له‌سه‌ر كارده‌بن”

وتیشی: “سەرجەم كیسه‌ی ده‌نگه‌كان گوازراونه‌ته‌وه‌ بۆ شوێنی پێویستی خۆیان و رێوشوێنی پاراستنیان گیراوەتەبەر و رێگە نادەین بەبیانوی ئەنجامی هەڵبژاردنەوە كردەی نەخوازراو دۆخی ئاسایش تێكبدات”.

جگە لە كارمەندانی ئاسایش، شه‌ش هه‌زار و 745 ئۆتۆمبێلی زرێپۆش و 126 فڕۆكه‌ و 294 به‌له‌م و پێداویستی دیكه‌ به‌كارده‌هێنرێن بۆ به‌رقه‌راركردنی ئاسایشی هه‌ڵبژاردن”.

لەناو پارتەكانی توركیا، پارتی دیموکراتی گەلان(هەدەپە) كە تاكە پارتی كوردە چەندین ئامادەكاری كردوە بەمەبەستی رێگریكردن لە ساختەكاری و پارێزگاری لە دەنگی دەنگدەرەكانی.

وەك پارتەكە لە راگەیەندراوی خۆیدا بڵاویكردۆتەوە لە دژی پێشێلکاری و ساختەکاری لەهەڵبژاردنەکاندا 120 هەزار چاودێر رەوانەی سەر سەندوقەکان دەکات.

ئەو ناوچانەی هەدەپە ئاستی دەنگدەری تیایدا زۆرەو كاندیدی تیایدا هەیە(ئامەد، دەرسیم، جولەمێرگ، مێردین، ئەدەنە، ئاگری، ئیلح، چەولیک، بەدلیس، خارپێت، ئەرزروم، مێرسین، موش، قەرس، ڕەحا و وان) و بەردەوام خەباتی لەو ناوچانە كردوە و ئاستی جەماوەری فراوانی هەیە.

کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی هەدەپە داوای لەسەرجەم چاودێرەكانی كرد 2 كاتژمێر پێش هەڵبژاردن لە بنكەكانی دەنگدان ئامادەبن و بەهەمو شێوەیەك رێگری لە هەر ساختەكارییەك بكەن كە روبەروی پرۆسەكە دەبێتەوە.

لە توركیادا شێوازی دەنگدانی دەنگدەر جیاوازی هەیە و لە شارە گەورەكاندا ده‌نگ بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی گه‌وره‌ شاره‌وانی، سه‌رۆكی شاره‌وانی، ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی شاره‌وانی، موختار و ده‌سته‌ی ریشسپیان ده‌درێت و لەو شوێنانەشی گەورەن بەڵام پارێزگا نین ده‌نگ بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی شاره‌وانی، ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی شاره‌وانی، موختار و ده‌سته‌ی ریشسپیان ده‌درێت و ده‌نگده‌ری گونده‌كانیش ده‌نگ بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی گشتی شارو موختار و ده‌سته‌ی ریشسپیان ده‌ده‌ن، بۆ ئەو مەبەستەش جیاوازی لە نێوان رەنگی كارتی دەنگداندا كراوە و بۆ سه‌رۆكایه‌تی گه‌وره‌ شاره‌وانی كارتی ده‌نگدان ره‌نگی “سپی”یە، بۆ ئه‌ندامێتی ئه‌نجومه‌نی گشتی پارێزگا “پرته‌قاڵی”یە و، بۆ سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانی “شین” و بۆ ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی شاره‌وانی “زه‌رد”ه‌.

لە زۆربەی شارەكانی توركیادا كاتژمێر 7 ی بەیانی دەنگدان دەستپێدەكات تا 4 ی پاشنیوەڕۆ و لە هەندێ ناوچەی دیكەش دەنگدان لە 8ی بەیانی بۆ 5 ی ئێوارە دەبێت و ژنانی دوگیان و كەسانی بەساڵاچو خاوەن پێداویستی تایبەت بەبێ ریزگرتن دەتوانن دەنگ بدەن، لەگەڵ داخستنی دەرگاكانی دەنگدانیش دەست بە جیاكردنەوەی دەنگەكان دەكرێت.

بەپێی بریاری دەزگای باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیا پارتەکانی(ئەكەپە، هەدەپە، بەبەپە، بەتەپە، جەهەپە، دەپە، دەسەپە، ئی پارت، مەهەپە، سەعادەت پارت، تەكەپە، ڤەتەن پارت) كێبڕكێی گەورە دەكەن بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین دەنگ.

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام