لەوەتەی ئەردۆگان بووە بە سەرۆک وەزیران و بە سەرۆک کۆماری تورکیا، لە پێناوی خۆسەپاندن و قورخکردنی دەسەڵات و پۆسـتە باڵاکانی دەوڵەت و سوپـا لە تورکیادا، بە ئەقلیەتی کۆنەپەرستی و بە ئایدیای بۆگـەنی رەگەزپەرستی، بە ئاگـر و ئاسن و گـرتن و کوشتن و بڕین و وێرانکردن تورکیای بەڕێوە بردووە، تا ئەمڕۆش درێژە بەم سیاسـەتە شکستخواردووەی دەدات، تا بێـت لە ئەنجامی داگیرکردن و دەست تێوەردانی تورکـیا لە کاروبـاری وڵاتـانی دراوسـێ و لـە هەنـدێ وڵاتـانی عـەرەبی، لـە نـاوەوە و لە دەرەوەی تورکیادا، تا بێت لۆمەکاران و نەیارانی ئەردۆگان لە زۆربوون دان، هەر لە سایەی ئەم سیاسەتە چەوت و شکستخواردووەی ئەردۆگـان، تورکـیا تـووشی قەیـرانـێکی سەخـتی دارایی و سیاسی و بێ کاری و دابڕان بووە.. باجـی ئەم سیاسەتە هەڵـەیەی ئەردۆگـان گەلی کورد و تورک دەیدەنەوە، ئەردۆگان و خێزانەکەی لە کۆشکێکـدا دەژین کە زیاتر لە (٧٠٠) ملیـۆن دۆلاری تێچـووە، بە بـەرگـی خەیـاڵ و خـەونی سوڵـتانیـیەوە، هـای لایـڤ دەژی و بە دزی و بە پـارەی ئـەو میللەتـەوە پەخـشـان و تەخـشـان دەکـات.

ئەردۆگـان بۆ زیـاتر خۆقـایمکردن و هـێنانەدی خـەونی سوڵـتانی، هەمـوو شـێوازێکی نادەستووری و نایاسایی و نامرۆیی گرتۆتـەبەر.. بە توومـەت و تـاوانی هەڵبەستراوی بێ بنەما و ناڕاست، بە هەزاران ئازادیخوازانی کورد و تورک، بە دەیان رۆژنامەنووس و پارێـزەر و مامۆسـتا و چالاکوانـانی مافەکانی مرۆڤی گـرتوون و بەبێ دادگایکـردن لە زینـدانە ترسناکەکـانی تورکیادا قـایمی کـردوون، پیستریـن ئـازار و ئەشـکەنجە دەرێن.

ئەردۆگان بڕوای بە ئازادی و دادپـەروەری و یەکسانی و بە مـافی مـرۆڤ و مافـەکانی گـەلان و بە پێکـەوە ژیـان و بە ئۆپـۆزسیـۆن نییە.. هەرکەس و لایـەنێک کـڕنۆشی بۆ نەبات و تەشـیی بۆ نەڕێسێت و بە درۆ شاخـدارەکـانی بـڕوا نەکـات و بە زوڕنـای ئەو هەڵنەپەڕێت و چـەپڵە بۆ ئایـدۆلۆژیای رەگەزپەرستی و هـزری بۆگـەنی ئەو لێـنەدات،
لای ئـەو تـاوانبـارە. بە تـوومـەتی ناپـاکی و نەیـاری (سوڵـتان ئەردۆگـان) دەیگـرن و دەیخـەنە بەندیخانە سامناکەکانیانەوە و چارەنووسيشیان نادیـاردەبێـت.
لە سایەی دەسەڵاتی قورخکردن و تاکڕەوی و ستەمکاری و بەندکردن و سەرکوتکرن، لە لایەن ئەردۆگـانی دیکتاتۆر و خۆپەرست و لە خۆبایی، تورکیا بووە بە زیندانستان بۆ ئازادیخـوازن و بۆ راجیاوازان.. تورکیا لە یەکەمی ریـزبەندی ولاتـانی رەگەزپـەرست و دیکتاتۆری و پێشێلکەری ئـازادی و مافەکـانی مـرۆڤە لە جیهان دا.

ماوەیەک لەمەوەبەر (مەڵبەنـدی ستۆکهۆڵـم بۆ ئازادییەکـان) ژمارەی بەنـدکراوەکانی بەدیخانەکـانی تورکیای ئاشکراکرد، ئەوەشی ئاشکراکرد، کە بەندەکراوەکان لەودیوی شیشبەندی بەندیخانەکانەوە، لە ئـازاردان و لە بارودۆخـێکی زۆر نالەبـار و سەخت و دژواردان.. مەڵبەندی ستۆکهـۆڵم ئەوەشی روونکـردەوە کە ژمارەی بەندکـراوکانی لە هەموو لایەکی تورکیادا، کە لە هەژمارکردنێکی وەزارەتی دادی تورکییەوە وەرگرتوون کە تائێستا (٢٦٠،١٤٤) هـەزار کەس لە تورکیادا بەندکـراون.
بەڵام بەپێی دوایین هەژماردنی بەندکراوەکان کە سێ هەفتە بەر لە ئەمڕۆ بڵاوکرایەوە، بێگومان ئەمەش دوا هەژماردن نابێـت، ژمارە بەندکراوکـان لە تورکیادا (نیو ملیۆن)ی تێپەڕانـد، رۆژ لە دوای رۆژیـش ژمارەیـان لە زیادبـوون دان.. لە راستیـشدا ژمـارەی بەندکراوەکان زۆر لەو ژمارانە زیاترن کە تورکیا بڵاویان دەکاتەوە، چونکە تورکیا دان بە راستییەکاندا نانێت.

مەڵبەندی ستۆکهـۆڵم بۆ ئازادییەکـان، ئاماژەی بەوەش داوە کە بەندیخـانەکـانی تورکیا
(٣٨٥) بەندیخـانەیە، زۆر پـڕ و قەڵەباڵغـن لە بەندکراوەکان. هەژماکردنە فەرمییەکـان
ئاماژەیان بەوە داوە، کە لە هەر بەندیخانەیەکدا، بە هەزاران بەندکراویان تێپەستوون، ئەمـەش تەنـگی بـە رووبـەری دیاریکـراوی یاسـاییەوە هـەڵچـنیوە، کـە یاسـا بـۆ هـەر بەندکـراوێک دیـاریی کـردووە.
لە ماوەی ئەم دوایەشدا، نـزیکەی (٤٥) هـەزار بەندکـراو، بـە پێی یاسـای نەهـێشتنی تیرۆر لە توەرکیادا سزادران و ماوەی زینـدانی کردنیان بۆ بـڕینەوە.. لەوانەش (٣٢) هەزاریان بە توومەتی سەر بە بزووتنەوەی فەتحوڵڵا گولەن تاوانبار کران، ئەودواشی کە کـوردن بە تومـەتی لایەنگـرانی پە کە کە تاوانبارکـران و سزا دران.. بەشێکیشیان لە ئەندامانی (هەدەپـە) ن. کە پەرلەمانتاریان تێـدان.

هەر مەڵبەنـدی ستۆكهـۆڵم بۆ ئازادییەکـان، ئەو پێشێلکارییانەشی ئاشکـراکردوون، کە چۆن لە بەندیخانەکانی تورکیادا بە شێوەیەکی نایاسایی و نامرۆیی ئازار و ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی بەندکـراوکان دەدەن. ئەوەشیان لە بەندکـراوەکان قەدەغەکردوون کە پەیوەندی بە خێزان و هاوڕێ و پارێزەرەکانیانەوە بکەن، یا خێزان و پارێزەرەکانیان سەردانیان بکـەن.. مەڵـبەنـدی ستۆکهـۆڵم ئەوەشی وت ، کە لە مـاوەی (٥٦٥) رۆژدا، دەسەڵاتدانی تورکیا، ئەو بەندکراوانەی کە گومانی ئەوەیـان لێکـردوون کە لایەنگـیری بزووتنەوەی فەتحوڵڵا گولەنن، نابێت بە هیچ جۆرێک پەیوەندی بە خێزانەکـانیان و بە پـارێزەرەکـانیانەوە بکـەن، تەنـانەت بۆشـیان نیـیە کە نـامـە بە پـۆسـت و بە فـاکسیش بـۆ کەسوکاریان بنـێرن.. ئـەم راستییانەش لە بەندیخـانەی (سیلـڤری) لە ئەستەنبـول وەرگیراون. دەبێت بەندیخانەکانی تر چۆن بن؟ ئەگەر بەرانبەر بە لایەنگرانی گولەن کە تورکن ئەم ناهەقیانە بکەن، ئەی دەبێت بەرانبەر بە بەندکراوانی کـورد کە بە نەیـاری سەرسەختی خۆیانیان دەزانـن چ ناهـەقی و نامەردیـیەک بکەن؟

ژمارەیەک لە بەندکراوکـان سکاڵایەکیان دا بە دەسەڵاتـدارانی تورکیا، ئەم ناهەقییانە و رەفتارە نایاسایی و نامرۆییانەی دەسەڵاتدانی تورکیایان رەتکردەوە، چونکە هیچ بەڵگە و بیانوو پاساوێکیان نییە گرتن و بۆ ئەم ستەم و هەموو ناهەقییانەی کە لێیانی دەکەن.

راپۆرتەکانی پێشووتریش باس لەو ئازار و ئەشکەنجە جەستەیی و دەروونیانە دەکەن، کە بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە و بێ بەزەییانە و نامەردانە ئەشکەنجـەی بەندکـراوەکان دەدەن. لەوانەش بەندکردنیان لە ژووری یەک کەسیی زۆر تەسک و تارێک و داخراوی سامناکـدا بۆ ماوەی چەند مانگێکی بەردەوام یا بۆ زیاتر لە ساڵێک. سەرەڕای ئەوەش رۆژانەش بە قامچی و دار و شیش لێیان دەدەن، تەزووی کارەباییان لێدەدەن و خواردن و خواردنـەوەی پیسـیان دەدنـێ و جوێـنی زۆر ناشـیرین و پیسیان پێـدەدەن و رەفـتاری بێ رەوشتـیان لەگـەڵ دەکـەن. بەشـێکی زۆریـش لە بەنـدکـراوەکـان تـووشی نەخـۆشی جەستەیی و دەروونی و بێ هـیوایی لە ژیـان و مان بوونـە، نایان بەن بۆ نەخۆشخانە.

دەسەڵاتدارانی تورکیا رێش بە رێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ ( هیومان رایتش ۆوچ) و بە رێکخراوەکانی داکۆکیکردن لە مافەکانی ئازادی و مافەکانی زیندانیان نادەن کە سەردانی بەندیخانەکانی تورکیا بکەن و پەردە لەسەر تاوانەکانیان و نامەردییەکانیان بەرانبەر بە بەندکـراوکان لابـدەن.

چەند ساڵێک بەر لە ئێستا (کۆمەڵەی کولتووری کوردی) لە شاری (بـێرگن) لە نەرویج
کۆڕێکـمان بـۆ تێکۆشـەر و سیاسەتمـەداری گەلـەکەمان (مەهـدی زانـا) ی هـاوسەری
سیاسەتمەدار و پەرلەمانتـار و چالاکـوانی قـارەمانی گەلەکەمـان (لەیـلا زانـا) سازکـرد.
مامۆستا مەهـدی زانـا بە تومەتی کوردایەتی چەند ساڵێک لە بەندیخـانە سامناکەکـانی تورکیا بەنـدکرا. بە درێـژی باسی لە بیرەوەرییەکانی لە بەندیخانەکـانی تورکیا کـرد، کە بە شێوازێکی دڕندەیی و نامەردی و دڵڕەقییەوە ئازار و ئەشکەنجەی ئـەو و زیندانیای تـری کوردیـان دەدان و سووکـایەتیان پێدەکـردن. ستەمی زۆری بۆ گـێڕاینەوە.

بەڵام درەنگ بێت یا زوو، هەموو دیکتاتۆر و ستەمکار و خوێنڕێـژێک کۆتایی هەیە. کۆتـایی ئەردۆگـانیش لە کۆتـایی چاوچـیسکۆ و سـەدام و قـەزافی باشـتر نـابێت.

Raza Shwan

رەزا شوان

تایبەتمەندییەکان: وتارو بیروڕا

زیادکردنی وەڵام