کاتی خۆی کاک نەوشیروان وتی” تا گەنجێکی حەماسی بە ئاڵایەکی نیلیەوە لە شەقەمەکاندا مابێت گۆڕان بەردەوامە وهەردەمێنیت”،هەلبەتە بە کەمێ دەسکاریەوە شتێکی لەم بابەتەی وت.

ئەوکاتە گەنجە حەماسیەکان بە ئالایەکی نیلییەوە لەشەقامەکاندا بوونیان هەبوو، شیعاریان دژی ئەو دەسەلاتە دەوت، ئالاکەیان رادەوەشاند، کەواتە ئەم قسەیە بۆ ئەوکاتە دروست بوو، بەڵام بۆ ئێستا هیچ مانایەکی نەماوەو داماڵراوە لە ماناکانی خۆی، واتە گوتەیەک بوو بۆ ئەو سەردەمە پڕ لە حەماسییە، نەک بۆئێستای ئەم هەموو شکست وتەسلیم بوون و دۆڕاندنە.
ئێستا هیچ گەنجێک حەماسی لە شەقامەکاندا بە ئاڵایەکی نیلیەوە بوونی نیەو نەماوە،ئەم شیعارەیش کراوەتە قسەیەکی بێ جێ و بێ مانا،وتنەوەیشی شورەییەکی گەورەیەو گاڵتەجاڕی، ئەوەیشی کە پوچ وبێ مانای کرد یەکەم کەس کورەکانی خودی کاک نەوشیروان و دوایی سەرانی تەسلیم بووی گۆران بوون .

ئێستا گەنجی حەماسی بە ئالایەکی نیلیەوە نەماوە لە شەقامەکاندا، گۆران لە بزوتنەوەیەکی حەماسییەوە بۆ گۆڕانکاری، تەسلیم بووە بە ئیرادەی پارتی و شەریکی دەسەلاتەو بچوکترین پەیوەندی بە ئالای نیلی وگەنجی حەماسی وشەقامەوە نەماوە، ئێستا گەنجەکان دانیشتوون و حەماسەت بۆتەهەلکردنی ئالای سپی و گۆران بۆتە وەسیلەیەک بەدەست کۆمەڵی پۆستچی و پارە خۆرەوە، هەرچی جگە لەمە بڵێن جگە لە درۆ وچەواشەکاری هیچیتر نیە.

قسەیەکی تر کە دێتەوە بیرم وکاک نەوشیروان کردی” گۆران ئیرادەیەکی بەردەوامەو ئەم ڕێگایە زۆر سەختەو هەموو کەس بەرگە ناگرێت وبە هەمو وکەس ناکرێت”، ئەوکاتەی کاک نەوشیروان ئەوەی وت، 17 ی شوباتەکان بوو، شەقام جمەی دەهات لە خەلکی نارازی و شیعاری شۆڕشگێڕی، گۆرانخوازان فەلاقە دەکران، نانیان و موچەیان دەبڕا، دەبرانە زیندان و ئازار دەدران،سوکایەتیان پێدەکرا،دژی پارتی و یەکێتی بوون،ئێستا ئیتر ئەم قسانە لە ماناکانی خۆیان داماڵراون و بۆ ئەم سەردەمە ناخوات،هەموو ئەو کەسانەی کە لە شەقامەکاندا بوون،کە ئازار دەدران، کە دژی پارتی و یەکێتی بوون،لەو بزوتنەوەیە دورکەوتنەوە، ئەوەی ماوە کۆمەلێ دۆڕاوی سیاسیەو هەڵوەدای پارەو پۆستە، واتە ئەم شیعارەیش بەسەر چوو،ئیکسپایەر بوو،چەشنی میزەڵدان بە نوکی دەرزیەکی سەرانی داسەپاوی گۆران فش کرایەوە.

ئێستا گۆران بوون کەباب خواردنە، پۆست وەرگرتنەو خۆ دەولەمەندکردنە، بوون بە کلکی پارتی و یەکێتیە، بوون بە وەزیرو گزیرو ئەندام پەرلەمان و وەرگرتنی دەیان پۆستی هەمە جۆری ترە،ئێستا گۆران بوون پیاسە کردنە بە سەری ڕەش وهەولێردا، قاوە خواردنەوەیە لەگەڵ هێمن هەورامی و ئومێد خۆشناو، بەچۆکدا هاتنە لە دەرباری بنەمالەی بارزانیدا، ئێستا بێدەنگیەو وتنی” برایانی پارتیە” ئەو برایانی پارتیەی لە 17 ی شوباتدا شەقامەکانی بە خوێنی گەنجانی حەماسی سوور کرد، ئێستا گۆران بوون گیرفان پرکردنە، کەواتە ئەم شیعارەش سەردەمی بەسەرچوو، ئیتر ئەو بە ناو گۆرانەی ئەم قسانە دەکات تەنها گەمژەیەکە، درۆزنێکە.

ئاخر کوێی قورسەو نارەحەتە لە گردەکە دانیشیت و چای دیژلەمە هەڵقوڕێنی و باوێشک بدەیت؟ ئێوە چیدەکەن و بە خەڵک ناکرێت؟ بوون بە وەزیرو ئەندام پەرلەمانی و پارە وەرگرتن قوورسە؟ ببیتە کلکی دەسەلاتی بنەمالەی بارزانی نارەحەتە؟ بە ئۆتۆمبێلی ئاخر مۆدێلەوە لە سەری ڕەش پیاسە بکەیت وقاچ بخەیتە سەرقاچ زۆر زەحمەتە؟ نا ئەمە ئیتر بۆتە گاڵتە جاڕی وخەلکی کوردستان کاتێک گوێیان لەم قسانەوە بوو دەبێت قاقا بە ئەقڵی بکەرەکانی پێبکەنن.

ئەوانە کاک نەوشیروان و گۆرانیان داماڵی لە ماناکانی خۆیان، ئەوانەی گۆرانیان فرۆشت، کورەکانی و پۆست خۆرە ئیتهازی و دوڕوو ساختەچیەکان بوون.

کەواتە نە گەنجێکی حەماسی ماوە لە شەقامدا بە ئالایەکی نیلیەوە، نە گۆران بوون قورسەو گران بەلکو کەباب و پارەخواردنە،ئەم شیعارانە کڕیاریان نەماوەو بوون بە مێژوویەک کە هەم گەنجی حەماسی بە ئالایەکی نیلیەوە لە شەقامدا هەبوون دژی پارتی و یەکێتی، هەم گۆرانەکان ئازار دەدران وسوکایەتیان پێدەکراو دەخرانە زیندان و لەبەرەی خەلکی نارازیا بوون،ئێستا ئیتر شەریکی دەسەڵات و دۆڕاو شکستخواردوون، بەسەرچوون.

تایبەتمەندییەکان: وتارو بیروڕا

زیادکردنی وەڵام