سەلوا سەید  دوای ئەوەی چەند ساڵێکی تەمەنی بەدیلی  لای ڕێکخراوی داعش بەسەر برد ، بەڵام ئەم هەفتەیە لەگەڵ دوو هەرزەکاری تری عێراقی کە وەکو برایەکی سەلوا خۆیان پیشان دەدەن ،  توانیان لەدوا مۆڵگەی ئەو ڕێکخراوە لە رۆژهەڵاتی سوریا خۆ دەرباز بکەن.
ساڵی ٢٠١٤  رێکخراوی داعش توانی ناوچە ئیزیدی نشینەکان لە ناوچەی سەنگال لە نزیک مووسڵ داگیر بکات و  ئافرەتە گەنجەکانیان  ناچار دەکرد کە بەزۆری زۆرداری شوو بە چەکدارەکانیان  بکەن ، هەرچی  ژن و پیاوە بەتەمەنەکانیشە سەریان دەبڕین و لەناویان دەبردن.
ڕێکخراوی داعش پێیوایە کە پەیرەوانی ئاینی ئێزدی پەیرەوانی شەیتانن  ، بۆیە کوشتنیان بە شتێکی ڕەوا دەزانێت ، نەتەوە یەکگرتووەکانیش ئەو هێرش و کوشتارەی ڕێکخراوەکەی دژ بە یەزیدییەکان بە ” کۆمەڵکوژی ” ناساندووە.
سەلوا چیرۆکی ئازار و ئەشکەنجەدانی کچان و ژنانی ئیزیدی دەگێڕێتەوە و دەڵێت ” ئافرەتەکانیان دەبردن زۆر ئازار و ئەشکەنجەیان دەدان و دەیانکوشتن ” ، سەلوا لەدرێژەی گێرانەوەکەیدا دەڵێت “توندڕەوەکان کڕین و فرۆشتنیان بە ئافرەتە دیلەکانەوە دەکرد ، وەکو کۆیلەی سێکسی دەیانگۆڕینەوە”.
سەلوا دەڵێت “ئافرەتەکانیان دەهێنان یەکێکیان دەدا بە یەکێک ئەویش دەیدا بەیەکێکی تر ، مەگەر یەکێک تۆزێک بەزەیی هەبوایە دەیگوت ئەوە ئازادم کردی لەڕێگای خودا ” ، سەلوا خۆشی لەیەکێک لە چەکدارە تاجیکستانییەکان مارە کراوە.
دوای ئەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات لەدوا مۆڵگەی ڕێکخراوەکە لە باغۆز ، تەنگیان بە چەکدارانی داعش هەڵچنی  و هەندێک لەو ئافرەت و منداڵە دیلە ئیزیدییانەش وەک هەزاران کەسی مەدەنی تر لەترسی بۆردوومان و برسییەتی خۆیان قوتار کرد ، لەناو ئەو دەربازبووانەشدا چەندین خیزانی چەکدارانی داعشییان لەناودابوو کە هیشتا باوەڕ و لایەنگرییان بۆ ڕێکخراوی داعش لەق نەبووە.
هێزەکانی سوریای دیموکراتیش چاوەڕێ دەکەن هەموو خەڵکە مەدەنییەکە ناوچەکە چۆڵ بکەن ، پیش ئەوەی چەکدارە توندرەوەکانی داعش ناچار بکەن خۆیان بدەن بەدەستەوە و ناوچەکە ئازاد بکەن.
سەلوا لەگەڵ دوو هەرزەکاری تری عێراقی  بەناوەکانی مستەفا و زیا توانیان خۆیان دەرباز بکەن ، کە بۆ ماوەی دوو ساڵ هاوسێی یەکتر بوون ،  تەنانەت دوای ئەوەی داعش تووشی پاشەکشەو تێکشکان هات و ماڵەکانیان بۆ ناوچە جیاوازەکان دەگواستەوە هەتا باغۆز هەر هاوسێ بوون.
دوای ئەوەی داعش زۆربەی ئەو ناوچانەی لەژێر دەستیدا بوون وردە وردە لەدەستیدان ، چەکدارەکانیش دیلەکانیان لەشوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر دەگواستەوە ، سەلوا دەڵێ داعش ئەوانی لەچەندین شوێنی جیاواز جیاواز دەشاردەوە تاوەکو نەدۆزرێنەوە و کەس نەتوانێت یارمەتییان بدات.
مستەفا و زیا دەڵێن چەکدارانی داعش زۆر توند بوون لە پشکنینی هەرکەسێک کە دەیویست دەربچێت ، دەشڵێن ئێمە وامان بەباشزانی کە ماوەیەکی زیاتر لەدوا مۆڵگەی داعش بمێنینەوە تاوەکو یارمەتی سەلوا بدەین تا دەربازیی ببێت.
ئەو دوو گەنجە دەڵێن دوای چەند مانگێک لە گەمارۆدانی دوا مۆڵگەی رێکخراوەکە کە دەکەوێتە نزیک ڕۆخی سنووری عێراق و سوریا  و توندبوونەوەی شەرەکان ، وایانلێهاتووە ناچار بوون گژ و گیا بخۆن و لە تونێل و حەشارگەکان خۆیان بشارنەوە.
دوو هەرزەکارکەە دەڵێن پارەمانداوە بە هاوسەرەکەی سەلوا تا ڕێگە بە سەلوا بدات دەربچێت و ناوچەکە بەجێنهێڵێت ، باس لەوەش دەکەن کە ئەو رۆژەی  ئەوان دەربازییان بووە  ئەو رۆژە بەشێکی زۆر لە چەکدارەکانی داعش لە باغۆز مابوونەوە و خۆیان بۆ شەڕکردن لە تونێلەکاندا قایم کردبوو.
سەلوا باس لەوە دەکات کە دوای ئەوەی بە دیلی کەوتۆتە دەست داعش ، چۆن توندڕەوەکان داوایان لێکردووە باوەر بە ئیسلام بهێنێت تاوەکو ئازار و ئەشکەنجە نەدرێت ،دەشڵێ سەرەرای ئەوەی وایکردووە و مسوڵمان بووە بەڵام ئەوان ژنەکانیان لە پیاوەکان جیاکردۆتەوەو ئەو کچانەی تەمەنیان لەنێوان حەوت بۆ پازدە ساڵیدا بووە بردوویانن سەربازگەکان تا میشکیان بشۆنەوە و لەسەر چۆنێتی شەڕکردن  ڕاهێنانیان پێبکەن.
سەرچاوە: reuters
وەرگێران : ئاکۆ عەبدوڵلا ئاڵی

 

تایبەتمەندییەکان: هەمەڕەنگ

زیادکردنی وەڵام