یه‌كێك له‌كاندیدانی پۆستی سه‌رۆكی كۆمسیۆنی یه‌كێتی ئه‌وروپا به‌ڵێنده‌دات گه‌ر له‌هه‌ڵبژاردندا ده‌ربچێت‌و ببێته‌ سه‌رۆكی كۆمسیۆنه‌كه‌، كۆتایی به‌گفتوگۆی توركیا بۆ به‌ئه‌ندامبوون له‌یه‌كێتی ئه‌وروپا ده‌هێنێت.

مانفرێد فیبه‌ر، كه‌ دیارترین كاندیدی پارتی گه‌لی ئه‌وروپایه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتووی یه‌كێتی ئه‌وروپا، به‌لێدوانێك به‌ڵێنێكی كوشنده‌ی بۆ سزادانی توركیا دا ئه‌گه‌ربێتوو له‌هه‌ڵبژاردندا سه‌ربكه‌وێت‌و ببێته‌ سه‌رۆكی كۆمسیۆنی یه‌كێتی ئه‌وروپا، ئه‌وا گفتوگۆكانی به‌ئه‌ندامبوونی توركیا له‌یه‌كێتی ئه‌وروپا كۆتایی پێده‌هێنێت.

مانفرێد فیبه‌ر له‌وباره‌یه‌وه‌ ڕایگه‌یاند، توركیا ناتوانێت له‌یه‌كێتی ئه‌وروپا ببێته‌ ئه‌ندام، به‌ڵێنیشیدا “ئه‌گه‌ر بومه‌ سه‌رۆكی كۆمسیۆنی یه‌كێتی ئه‌وروپا، بڕیاری كۆتایهێنان به‌ گفتوگۆی ئه‌ندامبوونی توركیا له‌یه‌كێتی ئه‌وروپا، ڕه‌وانه‌ی نوسینگه‌كانی یه‌كێتییه‌كه‌ له‌بڕۆكسل ده‌كه‌م”.

له‌ساڵی 2004ه‌وه‌ گفتوگۆكانی ئه‌ندامبوونی توركیا له‌یه‌كێتی ئه‌وروپا ده‌ستیپێكردووه‌، به‌ڵام تا ئێستا ئه‌و یه‌كێتییه‌ بڕیاری به‌ئه‌ندامبونی توركیای نه‌داوه‌، فیبه‌ر پێی وایه‌ ئه‌و بابه‌ته‌ ته‌واو ڕوونه‌ كه‌ بریتییه‌ له‌وه‌ی “توركیا ناتوانێت ئه‌ندامی یه‌كێتی ئه‌وروپا بێت”.

به‌شێك له‌هۆكاره‌كانی ئه‌ندام نه‌بوونی توركیا له‌یه‌كێتی ئه‌وروپا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌رنه‌كردنی پرسی كورد له‌و وڵاته‌، شه‌ڕی توركیا له‌گه‌ڵ پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌)، چونكه‌ یه‌كێتییه‌كه‌ نایه‌وێت وڵاتێك ئه‌ندامی بێت، كه‌ له‌نێوخۆی خۆیدا له‌شه‌ڕی چه‌كداریدا بێت.

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام