جەماوەری خۆڕاگری گۆڕان
گۆڕانخواز و هەڵسوڕاوە دڵسۆزەکان

لەدوای کۆچی دوایی ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا ڕۆژ لەدوای ڕۆژ پێگەی سیاسی و جەماوەری و ڕاگەیاندنی گۆڕان ڕوو لەداکشانی بەردەوامە. بەرامبەر بەو ڕەوشە چەندین جار هەڵسوڕاوە دڵسۆزەکان بەڕێگەی رێکخراوەیی هەوڵی چاککردنی ڕەوشەکە و چارەکردنی کێشەکانیان داوە، موخابن لەلایەن دەسەڵاتدارانی گۆڕانەوە رێگری و کۆسپێکی زۆر بۆ ئەو هەوڵانە دروستکران و دەشکرێت. لە لایەکی ترەوە لە ناو بازنەکانی دەسەڵاتی گۆڕان و دەورو بەریان کاری بەردەوام دەکرێت بۆ بە بنەماڵەکردنی بزوتنەوەی گۆڕان، بێگومان کوڕەکانی رەوانشاد بێبەری نین لەم کارە کەڕاستەوخۆ لێدان و وێرانکردنی گرنگترین پرەنسیپەکانی گۆڕان و خودی کاک نەوشیروانیشە.

کورد دەڵێت: جام کەپر بوو لێی دەرژێت!!
دوای رێکەوتنێکی لاسەنگ و بێ زەماناتی یاسایی و دەستوری لەگەڵ پارتی بۆ بەشداری پێکردنی گۆڕان لەحکومەتدا نارەزایی جەماوەری گۆڕان گەیشتۆتە لوتکە و چیتر نەدەکرا بێدەنگی بکرێت. لە بەرامبەردا بەدەیان هەڵسوڕاوی دڵسۆزی گۆڕان لەئاستە جیاکانی رێکخراوەییدا دەست لە کارکێشانەوەیان لە کارەکانی ناو بزوتنەوەکە راگەیاندوە و پێدەچێت ئەم شەپۆلی ناڕەزاییە بەرفرواون و بەردەوام بێت.
پڕۆگۆڕان پشتگیری تەواوی ئەو هەڵسوراوە دڵسۆزو ماندونەناسانەی گۆڕان دەکات کەبە شێوازێکی مەدەنی و مۆدیرن داهێنانێکی نوێ لەکاری حزبی و ڕێکخراوەیی پێڕەو دەکەن، تەنها مەبەستیشیان ڕاستکردنەوەی گۆڕانە لەو لادانە مەترسیدارانەی دەسەڵاتدارانی گۆڕان بەرهەمیان هێناوە، دڵسۆزی و وەفایی ئەو بەڕێزانەیە بۆ زیندوڕاگرتنی پرەنسیپ و ئیرسە بەهادارەکانی رەوانشاد کەبۆمانی جێهێشتوە.
پڕۆگۆڕان باوەڕی بەهێزی هەیە کە ئەم شەپۆلە نارەزاییەی ناو گۆڕان کە لەکوردستان و دەرەوە پەرە دەسەنێت زەمینەخۆشکەرێکی چارەنوسسازە بۆ ڕاستکردنەوەی ڕەوشی تێکچوی ئێستای گۆڕان، تەنها ڕێگەش بە ڕێگەی جێبەجێکردنی داوا ڕەواکانی بەرەی نارەزا دەبێت.
بۆ ئەو مەبەستە داوا لە سەرجەم هەڵسوڕاو و گۆڕانخوازە خەمخۆرەکان لە دامەزراوە و ئاستە جیاکانی بەرپرسیاریەتی دەکەین کە پلینیۆمێکی ئامادەسازکەر بۆ بەستنی دوەم کۆنفرانسی نیشتمانی گۆڕان بکەن، لەو پلینۆمە بە یەکەوە خاڵ لە سەر ووشەکان دابنرێن و پلانێکی تۆکمە بۆ بەستنی کۆنفرانسی نیشتمانی و بەرێوەبردنی داڕێژرێت.
پڕۆگۆڕان
١ی مارسی ٢٠١٩

تایبەتمەندییەکان: وتارو بیروڕا

زیادکردنی وەڵام