وەزیری پەروەردەی ئیسرائیل رایگەیاند، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا پلانی دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستینیان هەیە.

دەوڵەتی فەلەستین گورشەلیم(قودس) دەكات بە دو بەشەوە

 

بە پێی ئاژانسی سپوتنیك نیوز-ی روسی، نافتالی بێنێت، وەزیری پەروەردەی ئیسرائیل رایگەیاندوە،  ناتانیاهۆ و ترەمپ لەسەر بنیادنانی دەوڵەتێكی فەلەستینی لەناوچەی بانكی رۆژئاوا رێككەوتون و بەپێی ئەو رێككەوتنە گورشەلیم دەبێت بە دو بەشەوە .

رێككەوتنی بنیادنانی دەوڵەتی فەلەستین دوای هەڵبژاردنەكانی ئیسرائیل بە ڕۆژێك یان دو ڕۆژ ئاشكرادەكرێت

 

لە كۆبونەوەی كابینەكەیاندا، نافتالی بێنێت وتی ” ناتانیاهۆ و ترەمپ رێككەوتون لەسەر پلانی بنیادنانی دەوڵەتێكی فەلەستینی كە لە سەدا 90ی ناوچەی بانكی رۆژئاوا دەگرێتەوە. “وتیشی رێككەوتون لەسەر ئاشكرانەكردنی پلانەكە پێش بەڕێوەچونی هەڵبژاردنەكانی ئیسرائیل و دوای هەڵبژاردنەكان بە ڕۆژێك یان دو ڕۆژ ئاشكرادەكرێت تا كاریگەری لەسەر ناتانیاهۆ دروستنەكات”.

ناتانیاهۆ بنیادنانی دەوڵەتی فەلەستینی رەدكردەوە

 

دوابەدوای لێدوانەكەی بێنێت، بنیانمین ناتانیاهۆ وتەكانی رەتكردەوە و رایگەیاند، نافتالی توشی فشاری پێش هەڵبژاردنەكان بوە و ئەوەش شتێكی ئاساییە كە پارتە بچوكەكان پێش هەڵبژاردنەكان هەمو جۆرە بانگەشەیەكی سەیر و سەمەرە دەكەن كە بانگەشەی بێبنەمای تێدایە.
هاوكات پارتی لیكود، بە سەرۆكایەتی ناتانیاهۆ، لە راگەیندراوێكدا ئاماژەی بەوەكرد، هۆشداریەكەی بێنێت لەبارەی بنایادنانی دەوڵەتی فەلەستین-ەوە راست نیە.

دەستەی بەرێوەبەرایەتی دۆناڵد ترەمپ پلانی ئاشتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست-یان بەكۆتا گەیاندوە

 

وا بڕیارە هەڵبژاردنەكانی ئیسرائیل لە بەرواری 9ی مانگی نیسانی ئەمساڵدا بەڕیوەبچێت، لەكاتێكدا لە سەرەتای مانگی شوباتی ئەمساڵدا، بەرپرسانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا رایانگەیاندبو، دەستەی بەرێوەبەرایەتی دۆناڵد ترەمپ پلانی ئاشتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست-یان بەكۆتا گەیاندوە كە پێیدەگوترێت ” رێككەوتنی سەدساڵ“.

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام