لانی کەم لە مێژوی سەد ساڵی ڕابردودا هیچ کاتێک کورد هێندە زەلیل وتێکشکاو، ڕسواکراو، چاوشۆڕ نەبووە، هیچ کات کەسایەتی تاکی کورد هێندە بێموراڵ و لاواز نەبووە،هیچ خۆ ماندوکردنێکی ناوێ، بە تەنها چاوگێرانێک بە شاشەی تیڤیەکان، سۆشیال مێدیا، ئەو ڕاستیانەت بۆ دەردەکەوێت.

هەردەسەلاتێ خاوەن کەسایەتی و مرۆدۆست وئازادیخواز بێت، فەرهەنگەکەی پێچەوانە دەبێتەوە بۆ ناو خەڵکو ئەوانیش وا دەبن، بە پێچەوانەوە هەردەسەڵاتێ ڕسوا، دەست پیس ونۆکەر سیفەت وچەماوە بێت، هەمان فەرهەنگ عەکس دەبێتەوە بۆ ناو کۆمەڵگاو وەک خۆیی لێدەکات، پارتی ویەکێتی چونکە خۆیان دەست ماچکەرو ڕسواکراوی بەردەرگای داگیرکەران بوون، چەماوەو لاوازو کوڕوزاوە بوون،هەمان فەرهەنگیان وەک کراسێکی میراتی کردۆتە بەر گەلەکەمان لە باشور، ئەوەی ئێستا ڕوودەدات تاوانی سەرەکی بنەمالەی بارزانی وسەرانی یەکێتی ە.

ئینسان بە گشتی دەبێت بە حورمەت بێت، خاوەنی کەسایەتیەکی بەرز بێت، ئێستا تاکی کورد بە جۆرێک زەلیل کراوە، کابرا سەد کیلۆ دەبێت، دەڵێی کێوە بە پێوە ڕاوەستاوە، لە شاشەی تیڤیەکانەوە خوڕخوڕ فرمێسک دەڕێژێت و دەڵێت” نانم نیە، کارەباو ئاوم نیە، موچەم نادەنێ، خانوم نیە، یان خانوەکەم ڕوخاوەو بۆم چاک ناکرێتەوە، بەو موچەیە ناژیم، بەم جۆرە دەکوڕزێتەوەولێوە لەرزەیەتی و داوا دەکات خەلکانی تر بچن یارمەتی بدەن و لەو تەنگانەیە ڕزگاری بکەن، ئەمە ئیتر بۆتە دیاریدەیەک شەوانەو ڕۆژانە لە تیڤیەکانی دەسەلات خۆیەوە دەیبینین.

ئێستا ئیتر هیچ کەس خەمی گشتی و ئایندەی نیە، هەرکەسە لە ڕێگای خۆیەوە سەرقاڵی ئەوەیە شتێ بچڕێت و گەدەی تێر بکات، برا براکەی ناناسێت ئەگەر پارەی نەبێت، یەکێک دەبێتە جاسوس، پارتی، یەکێتی، حیزبەکانی تر، پیاو یان ژنی ئەو مەسئول، ئیتلاعات، میت، هەیشمانە سەرشانی هەمووی دەرەجەی سەربازیەو لەڕێگای هەراجکردنی ئابروی ژنەکەیەوە بەدەستی هێناوە، هەمانە لە تیڤیەوە قسەی زل زل دەکات وئیش وکاری دۆزینەوەی سۆزانیە بۆ مەسئولەکانی پارتی یان یەکێتی، هەن،ئەگرین، قوڕدە پێون، دەلاڵێنەوە، بە پۆل فرمێسک دەوەرێنن لە تیڤیەکانەوە تا بەهانایانەوە بچن.

ئەمە لە کاتێکدا کاتی خۆی لەو سلیمانیەدا خەلکی هەژارم دیووە، زەکات و سەرفوترەیشی وەرنەدەگرت و بە عەیبەیشی دەزانی، هەرچەندە خۆیشی دینی بوو،موسڵمان بوو، بەڵام پێی شەرم بوو، دەیووت بۆچی کابرا هەیەتی ومن نەمبێت و ئەو بێت تۆزێ پارە بخاتە حەوشەی من، خەڵک ئەوەندە مورالی بەرز بوو، بە هەژاریەکەی ڕازی بوو نەبادا تەنازول بکات و چاو شۆڕی کەسێک بێت.

بەجۆرێک تاکی کورد ڕسواکراوە لە مێژودا نمونەی نیە، هیچ کەس بۆ بەدەستخستنی پارە هیچی پێ شەرم وعەیبە نیە، هەرچی تەنازولە دەیکات، بە جۆرێ دەچەمێتەوە، ماسوتاوچێتی دەکات، دائەماڵرێت لە هەرچی کەرامەتی ئینسانی هەیە، بەمانای وشە تاکی ئێمە ڕەزیل و سوککراوەو کەسایەتیەکەی خراوەتە بەردەم سەگ.

مرۆڤی نۆرماڵ کە برسی، بێکار، بێ ژیان، بێ ئاو، کارەبا وهتد بوو، وەک شێر هاوار ئەکات”نا”، بەگژ دیکتاتۆرو دزو جەردەکانی حوکمرانیدا دەچێتەوە، ئامادەیە خوێنی بڕژێت بە سەر شەقامەکانداو بۆیان دەچێتە پای سیدارە، تا خۆی وژن ومنداڵی وکەس و کاری و میلەتەکەی بە ئازادی و ئاسودەیی بژین، کەچی لە باشور نەک ئەمە وجودی نیە، بەڵکو بەجۆرێک چاو شۆڕکراوە، بە جۆرێک ڕسواکراوە، بە جۆرێک زەلیلکراو، تێکشکاوە، مرۆڤی ڕاستەقینە بێزی لێدەکاتەوە، دەگری ژن ومنداڵەکانی دەخاتەر سەرشاشە ،سەر دادەخەن، دەگرین تا سۆزی دەولەمەندێکی دزی ساختەچی بجوڵێنن و پارەیەکیان بۆ بەرنە ماڵەوە، یان ژیانیان کەمێک و بۆ ماوەیەک باشتر بکەن.

ئیلاهی دەبێت ئەو منداڵانە گەورە بن چی دەربچن، خاوەنی کام کەسایەتی بن، کە باوکیان، دایکیان ئاوا زەلیل وڕسوا کراو دەبینن و دەگرین بۆ پارەو پێداویستیەکانیان؟!.

ئەم داڕزانە بەربڵاوە ئیتر کارێکی کردوە هیچ مانایەکی بۆ ئینسان بوون نەهێشتۆتەوە، ئەمە لە کاتێکدا،حکومەت مەسئولە لە دابینکردنی ژیانی خەلکدا، دەسەلات ئەرکیەتی خەڵک بەخێو بکات، کار بدزۆێتەوە بۆیان، ژیانیان بە گشتی دابین بکات، سەرانی پارتی و یەکێتی و حکومەتەکەیان شاهانە دەژین، سامانی ئەو خەڵکەیان بردوە، بەم پارەی دزی و تاڵانیە لە تیڤیەکانیشیانەوە خەڵکی ڕسواکراو چەماوەو گرینۆک و لاواز پیشان دەدەن، خەڵکیش سەری داخستوەو دەپاڕێتەوە تا تیکەیە نانی بەنێ، ئەمەیە ڕاستینەی نیشتیمان و گەلی ئێمە لە باشور.

لەمەیش کارەساتاوی تر ئەوەیە،هەر خەڵکە عەوامەکە وانین،هەر ئەوانەی بێ پارەو موچەو نان و ژیانن وانین، ئەوانەیشی کە ژیانێکی ئاساییان هەیەو بێ کێشە دەژین، هەرە دەولەمەندەکانیشیان، قسەیان لەگەڵ بکە دەکروزێنەوە، ئەمانیش هەرچەندەیان هەبێت، دیسان هەرچی ڕێگای پۆخڵە، تەنازولە، چەمینەوەیە دەیگرنە بەر تا زیاترو زیاتری بکەن، زۆرن ئەوانەی هێندە دەخۆن، دەمیان بۆگەنی کردوە، لەباشترین ڤێلاو جوانترین ئۆتۆمبێل و بەرزترین موچەو ئاستی بژێوی بەهرەمەندن، بەلام بۆ پارەی زیاتر هێندە سوک و چروک و ڕسوان، ئامادەن هەرچی ڕێگایە بیگرنە بەر، ئەمە ئیتر کۆی کۆمەڵگای باشوری گرتۆتەوە.

ئەمەیە کە باشورو خەڵکەکەی هیچی نەماوە،هیچ هیچ!.

تایبەتمەندییەکان: بابەتی هەڵبژاردە

زیادکردنی وەڵام