ژیندا جوودی، کچە گەریلایەکی بەرەگەز هیندستانییە و ئێستا لە ریزی یەکینەکانی ژنانی ئازادی (یەژاستار)ە لە چیاکانی کوردستان، ئەو دەڵێت، “ئێمە بۆ جیهانێکی فرە زمان و فرە باوەڕ و فرە رەنگ تێدەکۆشین”.

شەڕ چارەنووسی مرۆڤ و زیندەوەرانی سەر ئەم جوگرافیایە دەگۆڕێت، شەڕێک کە ڕێگە لە کۆمەڵکوژی، کۆچبەربوون، مردن و پاکتاو کردن دەکاتەوە، هەروەها دەبێتە هۆی ئەو کارەساتانەی کە سەدان ساڵ بەردەوام دەبن.

بەهۆی شەڕی درێژخایەنی نێوان هێندستان و پاکستان، دەیان هەزار لە خەڵکی ئەو دوو وڵاتە بە ناچاری خاکی خۆیان جێهێشت و ڕوویان کردە ناوچە جیاجیاکانی جیهان، دۆخی ئاڵۆز لەو ناوچانە جاروبار ڕوودەدات، بۆیە کۆچبەری کۆتایی پێنایەت، کۆچبەرەکانی هێندستان و پاکستان لەو ناوچانەی کە ڕوویان تێکردووە، چاندی خۆیانیان لەبیر نەکردووە، بەڵام هاوکات دەکەونە ژێر کاریگەری کلتوری ئەو ناوچانەش، وەک ژنێکی گەنج بەناوی “ژیندا جوودی” کە ئێستا لە چیاکانی کوردستانە.

ژیندا جوودی گەریلای یەژاستار، بە ڕەنگ و زاراوەی خۆی یەکجار سەرنجڕاکێشە، ژیندا خەڵکی هێندستانە، تازە کوردی فێربووە و کاتێک ناتوانێت مەبەستەکەی بگەینێت، بە زمانێکی ناوچەیی عەرەبی بەردەوام دەکات، خانەوادەکەی بەهۆی شەڕی نێوان پاکستان و هێندستان، سەرەتا کۆچبەری منبیج بوون و دوایی چوونەتە تورکیا و دوای ماوەیەک کۆچیان کردووتەوە بۆ دیمەشق.

ژیندا جوودی خەڵکی هیندستانە، تازە کوردی فێربووە

بەپێی ئاژانسی فورات نیوز، ئەو کاتێک لە دیمەشق بووە پەکەکەی ناسیوە و ژیندا لەوبارەیەوە دەڵێت، “لە هەڤاڵانی ئێرە فێری بەرخۆدان و تێکۆشان بووم، مرۆڤ لەم چیایانە شتانێک دەبینێت کە لە هیچ کوێی جیهاندا نییە، بە گەریلابوونی ژنان زۆر گرنگە و ئێمە نرخی دەزانین، و بۆ ئەوەش قەرزداری ڕێبەر ئاپۆ-ین”.

لە هەڤاڵانی ئێرە فێری بەرخۆدان و تێکۆشان بووم

ئاماژەی بەوەشکردووە، “ئەو کاتەی بەشداری ناو ڕیزەکانی پەکەکە بووم، دەرفەتم بۆ ڕەخسا کە ڕێبەر ئاپۆ بناسم، ئیتر باوەڕم بەوە مەزن بووە کە ڕێبەر ئاپۆ ژن ئازاد دەکات”.

ژیندا جوودی، چیاکانی کوردستان وەک وارگەی ژنانی بندەست دەزانێت و دەڵێت، “ئێمە بۆ جیهانێکی فرە زمان، فرە چاند، فرە باوەڕی و فرە رەنگ تێدەکۆشین، زمانی کوردی و هێندی لە زۆر وشەوە لێکنزیکن، هەوڵدەدەم کوردی فێر ببم”.

ئێمە بۆ جیهانێکی فرە زمان فرە باوەڕیی و فرە رەنگ تێدەکۆشین

ژیندا جوودی ئەو وتەیەی ئۆجالان دەگەڕێتەوە کە دەڵێت، “با دوژمنانی کورد بزانن کە چیاکان پڕن لەو ژنانەی کە لەسەر بانگی ڕێبەر ئاپۆ لەسەرپێن، پێویستە ئیتر دوژمنانی کوردستان لەم خاکە بڕۆن، بە داگیرکاریی و کۆمەڵکوژی شتێکیان دەست ناکەوێت، چونکە ئێرە خاکی کوردستانە و گەریلاکانی دەیپارێزن”.

ژیندا راشیگەیاندووە، “تا زیاتر ڕێکخستنی ژنان بەهێز بێت، توندوتێژی لە دژی ژنان کەمتر دەبێت، ژن شۆڕش دروست دەکات و هێز و عەشقی خۆی تێکەڵی شۆڕش دەکات، ژنان بۆ بینینی ڕۆحی فیدایی، ئازادی ژن و هێزی ژنان، پێویستە بێنە ئێرە”.

تایبەتمەندییەکان: بابەتی هەڵبژاردە

زیادکردنی وەڵام