عارەب لە ڕووی ناسیۆنالیستی و عارەبچێتییەوە کۆمەڵێ زاراوەیان داناوە بۆ نەتەوە غەیرە عارەبەکان، وەکو:
یەکەم. موعەڕەب: واتە ئەو کەسەیە کە عارەب نییە، بەڵام عارەبی خۆش دەوێ و بە گەورەی خۆی دەزانێ.
دووەم. موستەعرەب: واتە ئەو کەسە ناعارەبەیە کە بووبێتە عارەب.
سێیەم. موالی: واتە ئەو ناعارەبەیە بووبێتە موسڵمان و ژێردەستەیی عارەبی قەبووڵە.
چوارەم. شعوبی: واتە ئەو ناعارەبە موسڵمانەیە کە عارەب بە گەورەی میللەتان نازانێت.
عارەب نەتەوە غەیرە عارەباکانی لە سێ چوارچێوەدا قبوڵە، ئەوانیش میللەتەکان موعەرەب بن و عارەبیان خۆش بوێت و کۆیلە بن و شەڕی دنیایان بۆ بکەن. یان موستەعرەب بن و خۆیان لە بیر بکەن. یان موالی بن و ژێردەستە بن و سەرانە بدەنە عارەب و عارەب بە گەورەی خۆیان بزانن، لە مێژەوە تاکو ئێستا عارەب، کوردی لەو سێ چوارچێوەی (موعەرەب، موستەعرەب، موالی) قبوڵ بووە. بەڵام شعوبی تاوانێکی گەورەیە و تۆمەتی کافر بوون و جولەکە بوونی لەسەرە، پەرچەکدارەکەشیان دژی ناسیۆنالیستی کورد ئەنفال و جینۆساید بووە! چۆن کورد، عارەب بە گەورەی خۆی نازانێت!

تورکیش وەکو عارەب کوردی لە سێ چوارچێوەدا قبوڵە:
یەکەم. کورد بێت و تورکی خۆش بوێت و تورک بە گەورەی خۆی بزانێت.
دووەم. واز لە کوردبوونی خۆی بێنێت و لە بۆتەی تورک دا بتوێتەوە، و بڵێت چەند بەختەوەرم کە تورکم.
سێیەم. موسڵمان بێت و ژێردەستەیی تورکی قبوڵ بێت و تورک بە گەورەی خۆی بزانێت.
لە فەرهەنگ و عەقڵیەتی تورکیدا کورد بەهیچ جۆرێکی بۆی نییە شعوبی و ناسیۆنالیستی و نەتەوەیی بێت، شعوبی بوون ڕێگە پێنەدراوە و سزای تیرۆری لەسەرە.

تورک دەیەوێت میللەتی کورد تورکی خۆش بوێت و کۆیلە و خزمەتکاری بێت، و شەڕی دنیای بۆ بکات. یان خۆی لە بیر بکات، تورک خاکی داگیربکات، کورد خاکی خۆی پێشکەش بکات بێ هیچ حساباتێک باج و سەرانەی بداتێ، تورکیش حوکمی بکات، تورک بە گەورەی خۆی بزانێت. بەڵام کورد بوون بڤە و تاوانە، ناسیۆنالیستی و دەسەڵاتداریەتی و دەوڵەتداری کوردی تاوانێکی گەورەیە و تۆمەتی تیرۆر و کوشتنی لەسەرە! چۆن تورک بە گەورەی خۆی نازانێت!

فارسیش وەکو عارەب و تورک، کوردی لە سێ چوارچێوەدا قبوڵە:
یەکەم. کورد بێت و فارسی خۆش بوێت و فارس بە گەورەی خۆی بزانێت.
دووەم. واز لە کوردبوونی خۆی بێنێت و لە بۆتەی فارسدا بتوێتەوە.
سێیەم. موسڵمانی شیعە بێت و ژێردەستەیی فارسی شیعەی قبوڵ بێت و فارس بە گەورەی خۆی بزانێت.
لە فەرهەنگ و عەقڵیەتی فارسیدا کورد بەهیچ جۆرێکی بۆی نییە شعوبی و ناسیۆنالیستی و نەتەوەیی بێت، شعوبی بوون ڕێگە پێنەدراوە و سزای توند و سێدارەی لەسەرە.

فارس دەیەوێت میللەتی کورد فارسی خۆش بوێت و کۆیلە و خزمەتکاری بێت، و شەڕی دنیای بۆ بکات. یان خۆی لە بیر بکات، فارس خاکی داگیربکات، کورد خاکی خۆی پێشکەش بکات بێ هیچ حساباتێک باج و سەرانەی بداتێ، فارسیش حوکمی بکات، فارس بە گەورەی خۆی بزانێت. بەڵام کورد بوون بڤە و تاوانە، ناسیۆنالیستی و دەسەڵاتداریەتی و دەوڵەتدارێ کوردی تاوانێکی گەورەیە و تۆمەتی محارەبەی خودا و دەوڵەتی لەسەرە! چۆن فارس بە گەورەی خۆی
نازانێت!

پێویستە کورد لە نێوان سێ کوچکەی (عارەب + تورک + فارس)دا، لە نێوان جەمسەربەندی سونە و شیعەدا، هێڵی سێیەم هەڵبژێرێت، نەبێتە دۆستی شیعە دژی سونە، یان بە پێچەوانەوە، دۆستی سونە و دژی شیعە بێت، بەڵکو لە نێوەندەدا، ململانێکانین لە بەرژەوەندی کورد دا قازانج بکات بە سیاسەتێکی عاقڵانە، چونکە کێشەی کورد کێشەیەکی نەتەوایەتییە نەک ئاینی.
پێویستە کورد لەلایەک ئایندارییەکی کوردانە بکات، لەلایەکی دیکەوە خەبات و تێکۆشان بکات دژی دوژمنەکانی، ئیدی دوژمنەکانی سەر بە هەر ڕەوت و ئاین و ئایدۆلۆژیا و ڕەنگێک بێت، ئایندارییەکی کوردانە، و پارت و هێز و دەسەڵاتێکی کوردی هەڵقوڵاوی مەینەتییەکانی کوردی دەنگ و ڕەنگ جیاواز زامنی سەرکەوتنە، نەک گرێدراوی دەرەکی بە ناوی ئاین و ئایدۆلۆژیای جیاواز لەلایەک، و لەلایەکی دیکەوە سوکایەتیکردن بە بنەما و پیرۆزی ئایینە جیاوازەکان لەلایەن هێز و دەسەڵاتە کوردییەکانەوە. پێویستە کورد کورد بێت، دژایەتی تاکۆتایی (موعەرەب و موستەعرەب و موالی) بکات، و کورد کوردی خۆش بوێت و کورد لە بۆتەی عارەب و تورک و فارس دا نەتوێتەوە، و ژێردەستەیی هیچ میللەتێک قبوڵ نەکات و هیچ میللەتێکیش بە گەورەی خۆی نەزانێت لە ژێر هیچ ناوێک دا.

ئومید ناسح جیهانی


تایبەتمەندییەکان: وتارو بیروڕا

زیادکردنی وەڵام