باشوری کوردستان لە ڕووی شارستانیەت و فەرهەنگی شارییەوە، لە هیچ سەرزەمینێک ناچێت،ئێمە شارمان نییە بە مانا مۆدێڕنەکەی، بەڵکو گوندی گەورەو فراوانمان هەیە بە مانا هەرە خێڵەکیەکەی، سلێمانی و هەولێرو کەرکوک سێ جێگای قەرەباڵخن،کە دەکرێت ناویان بنێین سێ لادێی گەورە.

ئەکرێت کۆمەڵگایەک زۆر پاشکەوتووبێت،بەڵام کۆمەلگایەکی کشتوکاڵی بێت، گاڤ بە گاڤ بگۆڕێت بە کۆمەڵگایەکی سەنعەتی، یان زۆر دواکەوتو خێڵەکی بێت و بگۆڕێت بە کۆمەڵگایەکی مۆدێڕن،ئەوەی کە پرسی منە هێشتا باشور کۆمەڵگا نیە،تا چاوەڕوانی ئەوەی لێبکەین کشتوکاڵی بێت،لەبەر ئەوەیە هەتا کشتوکاڵیش نیە،هێشتا لەم سەرزەمینەدا چینەکان جودا نەبونەتەوەو پێنەگەیوون، توێژەکان خۆیان یەک لایی نەکردۆتەوە،زانست،مەعریفە، فکر،غائیبە، ئێمە هەزاران نوسەرو شاعیرو پزیشک و دادوەرو خاوەن بروانامەمان هەیە، بەڵام لە ئەقڵا، لە بیرکردنەوەدا،لە فەرهەنگی بەرزی شاریدا، نەک لادێی نین بەڵکو وەچەی دیوەخانی دەرەبەگایەتین.

کاتێک هێشتا ئێمە نەبووبین بە کۆمەڵگا، کەواتە نەتەوە نین، لە بارەی مێژووی دروست بوونی “ناسوێنالیزم”ەوە هێشتا کورد نەیتوانیوە ببێتە نەتەوە،زمان،یەک چارەنووس بوونی نیە،سەد ساڵە بازاری”کوردایەتی” گەرمە، بەڵام چونکە ئەقڵی خێڵە بەراییەکان و بنەماڵەچێتی گرتویەتی بەدەستیەوە نەیتوانیوە سانتیمەترێ بچیتە پێشەوەودواجار فەرهەنگ و دەسەڵاتێکی مافیایی بەرهەم هێناوە بە هەرە بارە وەحشەتناکەکەیدا،ڕاستە دەیان زانکۆمان هەیە، بەڵام بێ زانستە،تەنها زبڵ بەرهەم دەهێنن،بڕوانامەداری نەخوێنەوار بەرهەم دەهێنن.
تاکی ئێمە،خێزان، دەستیان گەیشتوە بە ئایفۆن و ئایپات،بەڵام وەک ئەو کەسەوان کە ساڵی هەشتاکان بەسەر گوێدرێژێکەوە بوە، بێ ئاگا لە هەرچی فەرهەنگی شاری و ژیان لەناومۆدێڕنەدا، بەڵام لە ماوەیەکی کەمدا ئەم تاکە ئاخر مۆدێل ماشێن، ئایفۆن و لاپتۆپ بەدەستەوە،بەڵام ئەقڵی هەمان ئەقڵی سەر گوێدرێژەکەیە، ئەم ئەقڵیەتە شان بەشانی دنیای مۆدێڕن و تەکنۆلۆژیا نەچۆتە پێشو بەیەکەوە گەورە نەبوون و تەشەنەیان نەکردووە.
ئەم باسە تولانیەودەکرێت وەک سەرەقەڵەمێک ناوی لێبنێین، لەوە تێبگەین ئێمە لە جوغرافیایەکدا دەژین،هێشتا نەبۆتە کۆمەڵگا،پێی نەگرتوە،دوورە لە شارستانیەت، لاسایی کەرەوەیە،چەکو جبەخانەو ژن کوشتن ولێدان وبێ یاسایی هەیە، سوڵحی عەشایەری و ڕێکەوتن هەیە.

کۆمەڵگای باشور مقیاس ناکرێت بە کۆمەڵگای ئەوروپای سەدەی حەڤدەهەم و هەژدەهەم، فکر،دەوڵەت، عەلمانیەت،زانست نیە،خورافەو دواکەوتویی باڵایە،ئەم سەرزەمینە لە هیچ کوێیەک ناچێت

تایبەتمەندییەکان: بابەتی هەڵبژاردە

زیادکردنی وەڵام