کێشەی کورد کێشەیەکی قورس و ئاڵۆزە، له کێشەی هیچ میللەتێکی چەوساوە ناچێت، بەسەر پێنج ووڵاتدا دابەشکراوە، هەر لەبەر ئەوەشە چارەسەری قورسە، تەمەنی داگیرکارییەکەشی درێژە، کێشەکەشی گرێدراوی کێشەی مێژووی چوار ووڵات و دوو مەزهەب، و گرێدراوی بەرژەوەندی ئیمپریالیزم و سەرمایەدارییە، چوار دراوسێکە دوژمنی کورد، و هەرچواریشیان دوژمنێکی هابەشیان هەیە کە کوردە. لێرەدا  هاوکێشەی ڕێکەوتنی کوردی هەر پارچەیەک  لەگەڵ داگیرکەری هەمان پارچەدا، ڕووندەکەینەوە:

کورد کە پێنج پارچە کراوە لە هەر ووڵاتێک لەو ووڵاتانە و لەسەر خاکی خۆی کەمینە و داگیرکراوە، هێزی کورد بە بەراورد بە نەتەوەی سەردەست لە ڕووی چەندێتییەوە نابەرامبەرە، ئەگەر چی لە ڕووی چۆنیەتیەوە دەتوانێت بەرخۆدان و تێکۆشان بکات، بەڵام بەرژەوەندی و هاوکێشە سیاسییەکانی ناوچەکە و نێودەوڵەتی دژیەتی، لەبەرئەوە دەبێت لەلایەک هێزی هەبێت بۆ بەرگری ڕەوا و لەلایەکی دیکەوە بە سیاسەتی عاقڵانە مافە زەوتکراوەکانی بە دەست بهێنێت و دوژمنێک بە دوژمنێکی دیکە نەگۆڕێتەو، کاتێک کورد لە هەریەک لەم پارچانەدا دەستی دایە خەبات و شۆڕش لەلایەوە دەبێت هەل و دەرفەتە مێژووییەکان قازانج بکات، لەلایەکی دیکەوە دوژمنێک بە دوژمنێکی دیکە نەگۆڕێتەوە، چونکە کاتێک دوژمنێک بە دوژمنێکی دیکە دەگۆڕیتەوە و دەبێتە گرێدراوی ووڵاتی دووەم و دەستی دەگرێت و دەیهێنتە سەر ووڵاتی یەکەم، ئەوە دەبێتە هۆی شکاندن و بەزاندنی سەروەری و سنوری دانپێدراوی نێودەوڵەتی ئەو ووڵاتە، دواتر ئەو دەوڵەتە هێز لە لایەنی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوی دەوڵەتە یەکگرتووەکانەوە وەردەگرێت بۆ سەرکوتکردنی کورد، کە ئەمە چەندینجار لەمێژووی هاوچەرخ ونوێی کورددا ڕوویداوە و لایەنی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوی دەوڵەتە یەکگرتووەکانیش بێ دەنگ بوون. لەلایەکی دیکەوە لەهەر کاتێکدا بێت ووڵاتی یەکەم و دووەم ڕێکدەکەون دژی کورد، هەروەکو ئەوەی لە ڕێکەوتننامەی جەزائیری ساڵی 1975دا ڕوویدا.

لەبەرئەوە بۆ چارەسەری کێشەی کورد چەندە هێزی بەرخۆدان و تێکۆشان پێویستە، زیاتر لەوە سیاسەتکردنی عاقڵانەی بێ گرێدراوی و وابەستەیی دەرەکی پێویستە، واتە دەبێت بۆ چارەسەری کێشەی کورد هێز و سیاسەت بە هاوتەریبی کاربکەن، نابێت ئەوەی بە چەک بە دەست دەهێنرێت لەسەر مێزی گفتوگۆ لەدەست بدرێت، بەڵکو دەبێت بە سیاسەتکردن گەلەکۆمەکێ و پیلانگێڕییەکان تێکبشکێندرێت. دەسەڵاتدارانی خۆرئاوا جگە لەوەی دۆستێکی زۆریان لە ئەوروپا پەیدا کردووە، لە پەیوەندی سیاسی و دبلۆماسیدان لەگەڵ واشنتۆن و پاریس و مۆسکۆ و ووڵاتە عەرەبییەکان. دوای بڕیارەکەی تڕەمپ بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە باکوری سوریا و خۆرئاوای کوردستان، دەسەڵاتدارانی خۆرئاوا لەگەڵ ڕژێمی سوریا ڕێکەوتن بە ئاگاداری ڕووسیا بۆ هاتنی بەشێک لە هێزەکانی سوپای سوریا بۆ شارۆچکەی مەنبج، ئەمە لەلایەکەوە بووە هۆی تێکشکاندنی گەلەکۆمەکێی تورکیا و ڕووسیا و سوریا و ئێران، لەلایەکی دیکەوە بووە هۆی ڕێگریکردن لە کاولکاری و لەشکرکێشی ئەرتەشی تورکیا بۆ خۆرئاوای کوردستان، چونکە تورکیا لە هەوڵی گەلەکۆمەکێ و هێز وەرگرتن بوو لە ئەمریکا و ڕووسیا بۆ داگیرکردنی خۆرئاوا، کوردیش ئەگەر چی بەرگرییەکی بەهێزی دەکرد بەڵام سەرئەنجام خۆبەڕێوەبەری کورد لە ناودەبرا و لایەنی نێودەوڵەتیش لەبەر بەرژەوەندییەکانیان بێ دەنگ دەبوون لە داگیرکاری و کاولکارییەکانی تورکیا هەروەکو ئەوەی لە عەفرین ڕوویدا، ئەمریکا و ڕووسیا گڵۆپی سەوزیان بۆ تورکیا هەڵکرد بوو.

ئتم ڕێکەوتنە بووە هۆی تێکشکاندنی دوو پیلانگێڕی:

یەکەم. ئەم ڕێکەوتنە بووە هۆی تێکشاندنی داگیرکارییەکانی تورکیا لە خۆرئاوای کوردستان و کاولکاری و کۆمەڵکوژییەکانی لە باکور و زیاتر بێ هێزکردن و دەستەمۆکردنی باشوری کوردستان. تورکیا هەموو ئامادەکاری و پیلانگێڕییەکی ڕێکخست بوو بۆ ئەنجامدانی پەلاماری داگیرکاری بۆ سەر خۆرهەڵاتی فوڕات. دوای داگیرکاری ئەو ناوچانە دەستی دەکردە لە ناوبردنی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی کورد و سیماکانی کوردایەتی، لەبەرامبەریشدا پەکەکە شەڕی دەگواستەوە بۆ قوڵای تورکیا و باکوری کوردستان، لە ئەنجامی داگیرکاری تورکیا و شەڕ لە خۆرئاوا و باکوری کوردستان کۆمەڵکوژی کورد دەچووە قۆناغێکی مەترسیدارەوە و باشوریش لە ڕێی گرێدراوی بە تورکیاوە تەواو بێ هێز و لاواز دەبوو، بەڵام ئەو ڕێکەوتنەی تەڤدەم و ڕژێمی سوریا ئەو پیلانگێڕی و داگیراکاری و کاولکاری و بێهێزییەی لە ناوبرد.

دووەم. ئەو ڕێکەوتنە بووە هۆی لە ناوبردنی ئەو پیلانگێڕیەی کە تورکیا دەیوویست ئەنەکەسە و جاشمەرگەی ڕۆژ بکەن بە بەدیلی هەسەدە و تەڤدەم. تورکیا لە هەوڵی ئەوەدا بوو لەگەڵ داگیرکاری و  تورکاندنەکەیدا جاشمەرگەی ڕۆژ و ئەنەکەسە لە خۆرئاوای کوردستان بکاتە دەسەڵاتدارییەکی گرێدراو بەخۆی. دوای ئەم سیناریۆیە سیستمێکی هاوشێوەی زۆنی زەردی باشوری لە خۆرئاوا دروست دەکرد، و دەیکردە بنکەی سەرەکی میت و ئەرتەش و دەوڵەتی تورکیا، سەرانی ئەنەکەسە و جاشمەرگەش لە هەر تێکچوونێکی بارودۆخیان لەگەڵ سوریا ژێر بە ژێر بە پاڕە و پاسپۆرت خیانەت و ئاشبەتاڵیان دەکرد، خۆیان و ماڵ و منداڵیان ڕوویان لە هەندەران دەکرد و میللەتیان بە تەنیا بەجێدەهێشت، هەروەکو چۆن ئەمە چەندین جار لە مێژووی نوێ و هاوچەرخی باشوری کوردستاندا ڕوویداوە و دووبارە بۆتەوە لەلایەن دروستکەرانی ئەنەکەسە و جاشمەرگەی ڕۆژەوە.

بەڵام ئەو شۆڕشەی ئێستا لە خۆرئاوا هەیە هێزی بەرگری بەهێز و خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیان دامەزراند، ئێستاش بۆ پاراستنی میللەتەکەیان ڕێکەوتنیان لەگەڵ ڕژێمی سوریا ئەنجامداوە، تۆمەتباریش نین بە تێکشکاندنی سەروەری و سنوری سوریا بە هێنانی تورکیا یان هەر ووڵاتێکی دیکە، ئەم سیاسەتەش بێ گرێدراوی و دەستەمۆی، و بە مەرجیش ئەنجامدراوە. لە هەموو ڕووداوێک و پیلانگێڕییەکی سەریشیان لە کۆبانێ و عەفرین لەگەڵ میللەتەکەیاندا بوون، و لە پێناو سەروەت و پلە و پایە و پاسپۆرت، میللەتەکەیان بە تەنیا جێنەهێشتووە و خۆشیان و ماڵ و منداڵیان ڕووە و ئەوروپا و هەندەران هەڵبێن.

لەڕاستیدا خۆ پاراستنی کورد لەم ڕوبەڕوبونەوەیەدا دەستکەوتێکی مەزنە، کوردستان بۆ تورکیا یان بۆ سوریا بێت و بۆ کوردیش هیچ، خۆپاراستن لە شەڕەکە پاراستنی گیان و ماڵی هەزاران کەسە بۆ بارودۆخی ئەم سات و کاتە، کە ئەمەش بە بڕیاری حەکیمانەی کوردی خۆرئاوا درا. لە ئەنجامی ئەو بڕیارەدا تورکیا دەبێت لەگەڵ ڕوسیا و ئەسەد و ئێران بکەوێتە ململانێ، پاشان ئەم ململانێیە تەنیا بە شەڕی سارد دەبێت یان گەرم، ئەوەش لە داهاتوویەکی نزیکدا ڕوون دەبێت کە تێکبەردەبن یان نا! ئەمە جگە لەوەی ڕژێمی سوریا پێویستی گەورەی بە هەسەدەیە بۆ وەدەرنانی مورتەزەقەکانی سەر بە تورکیا.

ئەمە لە کاتێکدایە میللەتێک کە بە سەربەرزی لە کێشمەکێشمەکانی نێو سوریادا تا ئێستا دەرچووبێت، ئەوا میللەتی کوردە. بەرەنگاری لە عەفرین و کۆبانێ شایەد حاڵن کە ئەو نەتەوەیە سەلماندی کە ئەو وەک ئەمریکای و ڕوسیای زلهێزی دنیا، و تورکیایی ئیخوانی سونی و ئێران و ئەسەدی شیعی خوێنڕێژ نین، داوای کورسی و پارە و نەوت و سەرمایە ناکات، دەست بۆ مافی گەلان و میللەتان نابات، وەک ئەوان دروستکەری هێزی وەک داعش و دەیان هێزی چەکداری دیکە لە ناوچەکدا نییە، وەک ئەوان دەستی سوور نییە بە خوێنی خەڵکی بێتاوان و ژن و منداڵ و پەککەوتە، ئەمە لە مێژوودا بە سەرکەوتن تۆمار دەکرێت نەک هەڵکوتانە سەر ناوچە و گەلان بە بەکارهێنانی هێزی چەکدار و سوپای زەبەلاح و چەکی کیمیاوی وەک ئەوەی ئەوان کردیان و دەیکەن. دەرکەوت کە میللەتی کورد مەبەستی تەنیا فەراهەم کردنی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی و  پێکەوەژیان و باوەڕبوون بە هاووڵاتی ئازاد و یەکسان و ژیانێکی ئاسودە لەسەر زەوی و خاکی باوباپیرانی.

لە کۆتایی ئەم لێکدانەوەیەدا دەڵێین: بۆ ئەم سەردەمە ڕێکەوتنی کوردی هەر پارچەیەک لەگەڵ داگیرکەری هەمان پارچە لە تەنگانەدا، زۆر باشترە لەوەی دوژمنێک بە دوژمنێکی دیکە بگۆڕینەوە، ین دوژمنەکانی کورد لە نێو خۆیاندا ڕێکبکەون دژی. چونکە گەر کورد لە هەر پارچەیەک لەگەڵ دوژمنەکەی ڕێکەوت، ئەوە دەبێتە هۆی پەرت بوونی دوژمنەکانی، کوردیش لە هەریەک لەو ووڵاتانە و لەسەر خاکی خۆی زۆربەی مافە کەلتوری وسیاسی و نەتەوەییەکانی بەدەست دێنێت، لە قۆناغ و هەل و دەرفەتێکی دیکەش دا دەتوانرێت لە ڕێگەی یەکێتی نەتەوەیی و دبلۆماسییەت و بە ڕێکخستنکردنی کۆمەڵگا و بەرگری و بەرخۆدان، هەموو گەلەکۆمەکێ و پیلانگێڕییەکان تێکبشکێندرێت و یەکپارچەیی کوردستان بێتە دی و ببێتە هێزێکی گەورەی ناوچەکە ئەگەرچی ڕێگاکە سەخت و دوور و درێژیش بێت.

ئومید ناسح جیهانی.

تایبەتمەندییەکان: وتارو بیروڕا

زیادکردنی وەڵام