بەرلەوەی هەرچی بم شاعیرێکم،لەوەیش بەدەر من لە مرۆڤی ئەم سەردەمە ناچم، ڕەنگە گەریدەیەکی سەردەمی قاجاریەکان بم، یان دوور نیە سەربازێکی نەزانی تاتاریەکان، خۆ ئەیشبێت ئەسپێکی ناو لێرەوارە هەزار بەهەزارەکانی ئەم گێتیە بووبم، ئەکرێت وەک تنۆکە ئاوێک، قەترەیە شەونمی سەر گەلای دارێک، یان مشتەئاوێکی لاڕێی چەمێک، کاتێک ئەوەستێت و بە تەنهاو لەبەر خۆردا چاوەڕوانی وشک بوونەوەی خۆی ئەکات.

پێدەچێت دراوسێیەکی”سوارەی موکریان” بم وڕاونرابم، یان سۆفیەکی بەردەم حوجرەکەی مەولانەو بە کۆچی ئەو زاتە لە حەسرەت و داخا مردبم،کێ ئەڵێت قەرەجێک نیم وڕۆحم بە هیچ پارچە زەمینێکەوە گرێم نادا، هەر ناوێکت پێ شک دێت لێم بنێ و بانگم کە، بەلام مرۆڤی ئەم سەردەمە نیم.

من پێنچ خولەک سواری ئەسپێکی چوارپەل مارۆو شێ، بەسواری باشترین فڕۆکەو شاهانەترین پاپۆر ناگۆڕمەوە، نیگەرانم لەم دنیایە، توڕەم لەم هەموو قەرەباڵخیە نادروستە،لەتاو ئەم هەموو باڵەخانەوشەقامە وەختە لە پێستی خۆم بچمە دەرەوە،لەم هەمو ساردیەی مرۆڤ ناڕەحەتم، من ئەم شێتخانە بێڕەحمەی ناویان ناوە شارستانیەت و مرۆڤیان کردۆتە ئالەت تێیدا وا ئەمرم، ئەم هەموو ژاوە ژاوەی مرۆڤ وماشینەکان وا لە ڕەگەوە هەڵم ئەکێشیت.

نازانم ڕەنگە بانگێکی بەیانیانی بانگ خوێنێ بم لەوپەڕی دنیاولەقورگێک یاخی بووبم، یان کێ ئەڵێ هابیل نیم و سەدان ملیۆن سالە تەرمە خوێناویەکەم بە شانی قابیلی برامەوە نیەو نازانێ لە کوێ بمکات بەژێر خۆڵەوە، ئەسڵەن ڕەنگە قەلەندەرێکی وێران بم، کێ ئەڵێت کاوەیەکی دەست بریندارو برسی نیم لە کاوەکانی ناو قوڵگەکەی”ئاڵاهەڵگرەکانی شاملۆ”،یان خۆ دەیشکرێ کۆرپەیەکی فڕێدراوی بەراییەکانی مێژوو بم، نازانم!! هەرچی بم من وئەم سەردەمەیان نەوتوە، ئیمە دوو هێڵین و بەیەک ناگەین، بازاڕە قەرەباڵخەکان، ئەوشەقامانەی کە جمەیان دێت، دەنگی هەڵسانی فڕۆکەکان و جوڵەی کەشتیەکان، لورەی قیتارەکان و دوكەلی کارگەو ماشینەکان ڕۆحم هەلا هەلا ئەکەن،دوژمنی سەرسەختی ئەو بینا بەرزانەم کەبەری پەنجەرەکەیان لێگرتووم، لەو باڵەخانانە وەڕسم کە بەری هەتاویان لێگرتووم.

من مرۆڤی ئەم سەردەمە نیم،ئارەزوومە وەک کاروانچیەک تۆزێ پێخۆر بخەمە ناو چەفتە سورمەییەکی دایکم و لە پشتی ببەستم و بڕۆم، هەر بڕۆم تا لە پێ ئەکەوم و ئەمرم، ئەوەندە بڕۆم تا توانەوە لە هیچدا،ئەمەوێ ئەوەی هەیەو نیە بۆ ئیوە بێت.

کەواتە ئەی دۆست!ئەگەر ڕۆژی بیرت کردم، وەرە با چایەک بەیەکەوە بخۆینەوە، ئەگەر ساتێک یادەکانم بە خەیاڵەکانت ئاشنا بوو، وەرەو با پیاسەیەکی ئێواران بکەین، وەرەو با بەیانیانێک بەیەکەوە بگرین، تاقەتم چوو لەم هەموو سلاوە خەیاڵیەو کلیکە ئەلکترۆنیەو ئەم هەموو پیرۆزباییە ساردو سڕو ڕۆح مردوانەی ئینترنێت،کاتێک بە بۆنەی سەری ساڵی نوێوە ئەینێرن، تکایە بۆم مەنێرن، ئاخر لەم هەموو هەواڵ پرسینە خەیاڵیە وەڕسم وەڕس.

تایبەتمەندییەکان: بابەتی هەڵبژاردە

زیادکردنی وەڵام