ماوەی چوار رۆژە بەشێک لە حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا داخراوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی دۆناڵد ترەمپ و کۆنگرێس نەگەیشتوونەتە ڕیککەوتن لەسەر خەرجییەکانی دروستکردنی سنوور لە نێوان ئەمەریکا- مەکسیک.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا جەختدەکاتەوە لەوەی، پێویستە دیموکراتەکان کۆتایی بەو قەیرانە بێنن، هەرچی ڕێبەرانی دیموکراتەکانیشن لە کۆنگرێس لۆمەی ترەمپ دەکەن بەوەی وڵاتەکەی ڕادەکێشێتە ناو گێرەشێوێنییەوە.

دۆناڵد ترەمپ و دیموکراتەکانیش لە پێش ڕۆژی لەدایک بوونی عیسا یەکتریان بە پەکخستنی بەشێک لە حکومەتی ئەمەریکا تۆمەتبار دەکرد.

ئەو دەزگایانەی حکومەتی ئەمەریکا کە پەیوەندییان بە ئاسایشی نیشتمانی و هەروەها پارێزراویی گشتی ئەمەریکاوە هەیە کراوەن، بەڵام نوسسینگەکانی دیکەی حکومەتی ئەمەریکا داخراون، و قەیرانەکەش کاریگەری کردووەتە سەر نزیکەی 800 هەزار کارمەندی فیدڕاڵی و مووچەکانیان راگیراوە.

نانسی پیلۆسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و چەک شومەر، ڕێبەری کەمینەی دیموکراتەکان لە سینات، لە ڕاگەیاندنێکی هاوبەشدا نوسیویانە، “سەرۆک ئەم داخستنەی ویستووە، بەڵام پێدەچێت نەزانێت چۆن خۆی لێدەربازبکات”.

ترەمپ داوای پێنج ملیار دۆلار دەکات بۆ دروستکردنی دیوارێک لە سنووری نێوان ئەمەریکا و مەکسیکۆ، بەڵام کۆنگرێس ئەو داوایە رەتدەکاتەوە.

ترەمپ رۆژێک بەر لە کریسمس لە تویتەری خۆی لە نووسیبووی، “بە تەنها ماومەتەوە، منی داماو لە کۆشکی سپیم و چاوەڕوانی دیموکراتەکانم تا بگەڕێنەوە و بگەینە ڕێککەوتنێک، لەسەر ئەو پێدوایستییە هەرە زۆرەی بۆ ئاسایشی سنوور هەیە”.

هەروەها رایگەیاندبوو، “ئەگەر دیموکراتەکان نەیانەوێت ئەو ڕێککەوتنە بکەن ئەوا باجەکەی زۆر زیاتر دەکەوێت لەو دیوارە سنووریەی باسی دەکەین.”

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام